تەندروستیی ئێران لەبارەی مردنی گوماناوی پزیشکێک لە لوڕستان: هۆکارەکەی دیار نییە

29-03-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی تەندروستیی ئێران لەبارەی مردنی گوماناویی ژنە پزیشکێکی گەنج لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دادپزیشکی هێشتا هۆکاری مردنی ئەو پزیشکەی ئاشکرا نەکردووە. دەشڵێت، گۆڕینی شوێنی خزمەتکردنی و گواستنەوەی لە تارانەوە بۆ پارێزگای لوڕستان لەسەر داوای خۆی بووە.
 
رۆژی 23ی ئاداری 2024، تەرمی د. پەرەستوو بەخشی، پزیشکی پسپۆری دڵ لە ماڵەکەی خۆی لە نزیک نەخۆشخانەی ئیبن سینای شاری نوورئاوای لوڕستان دۆزرایەوە. 
 
مردنی ئەو پزیشکە گەنجە لە کاتێکدا بوو کە تەنیا چوار رۆژ بوو گوازرابووەوە بۆ قەزای دڵفان و لە نەخۆشخانەی ئیبن سینای ئەو قەزایە دەستی بەکار کردبوو. بۆیە هەر لە سەرەتاوە مردنی ئەو پزیشکە بووە جێی گومان.
 
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراونەتەوە، وەزارەتی تەندروستیی ئێران بەبێ رازیبوونی خۆی، ئەو پزیشکەی لە تارانەوە بۆ شاری خوڕەمئاوا و لەوێشەو بۆ شارۆچکەی نوورئاوا، ناوەندی قەزای دڵفان لە پارێزگای لوڕستان گواستبووەوە، بۆیە پزیشکەکە زۆر لە دۆخی خۆی و شوێنی کارکردنی ناڕازی بووە، "لەبەر ئەوەش لە ژێر گوشاری دەروونیدا بووە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە خۆی کوشتووە."
 
لەبارەی مردنی ئەو پزیشکەوە، وەزارەتی تەندروستیی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەبارەی هۆکاری مردنی ئەو پزیشکە گەنجە بەردەوامە و دادپزیشکی هێشتا راپۆرتی لەوبارەیەوە بڵاونەکردووە.
 
وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێت، گۆڕینی شوێنی خزمەتکردنی دکتۆر پەرەستوو بەخشی و گواستنەوەی لە تارانەوە بۆ پارێزگای لوڕستان لەسەر داوای خۆی بووە و تەنانەت وەزارەتی تەندروستی لەو بوارەشدا هاوکاریی پزیشکەکەی کردووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەبارەت بە دواخستنی یەک ساڵ لە دەستپێکردنی پلانەکەی دکتۆر بەخشی، گۆڕینی فۆرماتی خزمەتەکەی لە پەروەردەییەوە بۆ چارەسەری، هەروەها هەڵبژاردنی ئەو شارەی کە خزمەتی تێدا دەکات، هاوکاری تەواوی لەگەڵدا کرا، بەجۆرێک هەڵبژاردنی شاری نوورئاوا وەک شوێنی خزمەتی، لەسەر داوای خۆی بوو. وەزارەتی تەندروستی لە هیچ کام لەم قۆناخانەدا دەستی بە هیچ بەڵگەیەک نەگەیشتووە کە ئاماژە بە نەخۆشی دەروونیی ئەو پزیشکە بکات."
 
پێشتر لە رۆژی 24ی ئاداری 2024 واتە رۆژێک دوای مردنی گوماناوی پزیشکەکە، یوسف رەزا جەهانی، بەڕێوەبەری تەندروستی قەزای دڵفانی سەر بە پارێزگای لۆرستان رایگەیاندبوو: "دکتۆر پەرەستوو بەخشی، پزیشکی دڵ و لەدایکبووی ساڵی 1990، بەم دواییانە لە تارانەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهید رەحیمیی شاری خوڕەمئاوا گوازرابوویەوە و بە رەزامەندی خۆی نەخۆشخانەی ئیبن سینا-ی دڵفانی هەڵبژارد و چوار رۆژ بەر لە مردنی دەستی بە کارکردن کرد لەم ناوەندە پزیشکییە."
 
سەبارەت بە مردنی پزیشکەکەش، بەڕێوەبەری تەندروستیی قەزای دڵفان گوتبووی، شەوی 23ی ئاداری 2024، لە دەوروبەری کاژێر 22:30 لە نەخۆشخانەوە چەندین جار پەیوەندی بە دکتۆر پەرەستوو بەخشییەوە دەکرێت، بەڵام ئەو وەڵامی پەیوەندییەکان ناداتەوە، دواتر ژمارەیەک کارمەند دەچنە بەردەم شوێنی نیشتەجێبوونی لە نزیک نەخۆشخانە، لە دەرگەی ماڵی دەدەن بەڵام کەس دەرگە ناکاتەوە، دواجار دەچنە نیو باڵەخانەکە و لە باڵکۆنەکەدا تەرمی بێ گیانی دکتۆرەکە دەبیننەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە