رەسمی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵ 50٪ کەمدەکرێتەوە

29-03-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگ لە هەرێمی کوردستان بڕیاری کەمکردنەوەی رەسمی گومرگیی لەسەر ئاژەڵی زیندووی هاوردە، ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرک کرد بەمەبەستی جێبەجێکردنی و لە ئەمڕۆ هەینییەوە رەسمی گومرکی لەسەر ئاژەڵی زیندوو 50٪ کەمدەکرێتەوە.
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئادار، برووسکەیەکی بە واژۆی ساماڵ عەبدولڕەحمان عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ بەناونیشانی "داشکاندنی گومرکی ئاژەڵی زیندوو" ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرگ کردووە. 
 
لە برووسکەکەدا هاتووە: "ئاماژە بە کۆبوونەوە و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لە رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئاداری 2024، و بەمەبەستی کەمکردنەوەی نرخی گۆشتی سوور و بۆ بەرژەوەندیی گشتی، رەسمی گومرگیی سەر ئاژەڵی زیندووی هاوردەکراو لە جۆرەکانی (مانگا، جوانەگا و گۆلک، مەڕ و بزن) 50٪ کەمبکرێتەوە."
 
سەبارەت بە وادەی جێبەجێکردنی بڕیارەکەش، لە نووسراوەکەی گومرگدا هاتووە: "لە رۆژی هەینی، 29ـی ئاداری 2024  بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
 
لە برووسکەکەدا ئەوەش روونکراوەتەوە ئەو داشکاندنە لە رەسمی گومرگی بۆ ماوەی یەک ساڵ کاری پێدەکرێت و دواتر پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، نۆ بڕیار دران، کە یەکێک لەوان "کەمکردنەوەی رەسمی گومرگی لەسەر ئاژەڵی زیندووی هاوردەکراو بۆ مەبەستەکانی سەربڕین و بەخێوکردن (50٪) لە رەسمی ئێستا و پێویستە لە دوای یەک ساڵ پێداچوونەوەی بۆ بکرێت."
 
پێشتر یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 6ـی ئەم مانگە بە نووسراوی فەرمی داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردبوو، رەسمی گومرگی لەسەر ئاژەڵی زیندوو لابدرێت یان بۆ نیوە کەمبکرێتەوە، بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور.
 
شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆكی گشتیی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان، بە رووداوی رایگەیاند: "بە سوپاسەوە لە چوارچێوەی ئەو پاكێجە بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاری لەسەر دا، یەكێك لە خاڵەكان داواكارییەكەی ئێمە بوو، کە بڕیاردرا بە بەخشینی 50٪ـی رسوماتی گومرگی هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو."
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."