راسم ئۆزان بۆ رووداو: کورد نزیکەی 10٪ی دەنگی ئیستەنبووڵ بباتەوە، گۆڕانکاری گەورە دێتە ئاراوە

29-03-2024
هێمن عەساف
راسم ئۆزان کوتاهیالی، شرۆڤەکار و رۆژنامەڤانی ناسراوی تورکیا.
راسم ئۆزان کوتاهیالی، شرۆڤەکار و رۆژنامەڤانی ناسراوی تورکیا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
راسم ئۆزان کوتاهیالی، شرۆڤەکار و رۆژنامەڤانی ناسراوی تورکیا داوا لە کوردی باکووری کوردستان و تورکیا دەکات خۆیان لە پاڵپشتیکردنی بەربژێرەکانی جەهەپە بۆ گەورە شارەوانییەکان، بە تایبەتی لە ئیستەنبووڵ بەدوور بگرن. 
 
راسم ئۆزان ئەمڕۆ هەینی 29-3-2024 لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 15:00ی تایبەت بە باکووری کوردستان و تورکیای تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، ئەگەر دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ نزیکەی 8٪ تاوەکو 9٪ی دەنگەکان بەدەستبێنێت، ئەو کاتە قۆناخێکی گرنگ لە تورکیا دەست پێدەکات.
 
راشیگەیاند، "سێ رووداوی ئەو قۆناخەش ئەمانە دەبن. یەکەم، گۆشەگیری سەر ئیمرالی کۆتایی دێت و پارێزەرانی رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەتوانن عەبدوڵڵا ئۆجەلان ببینن. دووەم، سەلاحەدین دەمیرتاش، عوسمان کاڤالا و سیاسەتڤانە زیندانیکراوەکانی کورد ئازاد دەکرێن. سێیەم، قەییوم بۆ شارەکانی کورد دانانرێتەوە".
 
ئەو شرۆڤەکارە بە رووداوی گوت، لە 150 ساڵی رابردوودا هیچ دەسەڵاتدارێک لە تورکیادا هێندەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەهێز نەبووە و هەربۆیە دەبێت کورد بەگشتی و دەم پارتی بە تایبەتی بزانن تەنیا ئەو دەتوانێت کێشەی کورد لە تورکیادا چارەسەر بکات. 
 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ راسم ئۆزان کوتاهیالی، شرۆڤەکاری تورکیا 
 
رووداو: هەموو چاوەکان لەسەر ئیستەنبووڵن. بەربژێری کامە لایەن سەردەکەوێ؛ جەهەپە یان ئاکپارتی؟ 
 
راسم: نازانم کام لایەن لە ناکۆکییەکانی نێوان تورکەکان سوودمەند دەبێت، بەڵام ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە کە رێژەی دەنگی هەردوو بەربژێر زۆر لەیەک نزیکە. رەنگە ئێوەش بزانن، تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکم بۆ بەرژەوەندی موراد کوروم (بەربژێری ئاکپارتی ) یان ئەکرەم ئیمامئۆغڵو (بەربژیری جەهەپە) نەبووە. 
ئەوەی دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە کە پێویستە کورد بێلایەن بێت لەو ناکۆکییەی لەنێوان موراد کوڕوم و ئەکرەم ئیمامئۆغڵودا هەیە؛ نابێ کورد ببێتە بەشێک لەو ناکۆکییە. دوای پێنج ساڵ دەرکەوت پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان چەندە لە جێگەی خۆیدایە کە خوێندنەوەی بۆ دۆخەکە کردبوو. کاتێک پەیامەکە گەیشت و بڵاوکرایەوە، کێشە و ناکۆکیی زۆری بەدوادا هات. دەکرا کورد سوودی زۆری لێ وەربگرتایە و بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری بێنایە، بەڵام نەکرا. 
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە "ئێمەی کورد دەبێ بێلایەن بین و نەبینە بەشێک لە گرفت و ناکۆکیی نێوان تورکەکان"، بە واتایەکی دیکە ئۆجەلان بە روونی باسی لەوەکردبوو، ئەگەر کورد ببێتە بەشێک لە ناکۆکییەکانی نێوان تورکەکان و پشتیوانی لە بەرەیەک بکات دژی بەرەی بەرامبەر، ئەو کاتە ستەمی زیاتر لە کورد دەکرێت و باجەکەشی هێندەی بڕیارەکە قورس دەبێت. ئەنجامەکەشی هەروا بوو. بۆچی؟ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە سایەی کورد هەڵبژێردرا و لە بەرامبەردا کورد زیانی زۆری بەرکەوت و ئازارەکانیشی زیاتر بوون. ئیمامئۆغڵوش هیچی پێ نەکرا و نەیکرد. 
 
ماوەیەک لەمەوبەر پرسیارم لە یەکێک لە راوێژکارە هەرە نزیکەکانی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کرد. ئەو کات هەموو ئاراستەکان بەو جۆرە بوون کە کورد دەنگ بە ئیمامئۆغڵو دەداتەوە. ئەمەی باسی دەکەم پێش ئەو کاتە بوو باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەلاحەدین دەمیرتاش خۆی بۆ ئیستەنبووڵ بەربژێر بکات. پرسیارم کرد و گوتم، "ئەگەر کورد ئیمامئۆغڵوی هەڵبژاردەوە و دەسەڵاتیش دیسان قەییوومی بۆ  گەورەشارەوانیی دیاربەکر دانا، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو چی دەکات؟ چی پێ دەکرێ؟" راوێژکارەکە پێی گوتم، "سەرکۆنەی دەکات و ناڕەزایی دەردەبرێت". پێم گوت، "بۆچی دوو ملیۆن کەس نانێرێتە دیاربەکر و خۆپیشاندان بکات؟" راوێژکارەکە پێی گوتم، "شتی وا چۆن دەبێت؟ دەوڵەت هەیە. ئێمە چیمان پێ دەکرێت؟" پێم گوت، "ئەگەر ئێوە شتێک بۆ کورد ناکەن، ئەی بۆچی کورد ئێوەی هەڵبژارد؟" بەکورتی ئەوە خوێندنەوەی واقیعبینانەی ئۆجەلان بوو بۆ رووداوەکان. سەلاحەدین دەمیرتاشیش دوای پێنج ساڵ هاتە سەر بۆچوونی ئۆجەلان و بۆیە هەڵمەتی باشاک دەمیرتاش سەرچاوەی گرت و پێم وایە ئەوەش هەر لەبەر ئەو هۆکارە بوو. 
 
سەبارەت بە مەرال دانیش بێشتاش، ئەو بەربژێرێکی بەهێزە. پێم وایە مەرال خان (بەربژێری دەم پارتی) 9-10٪ی دەنگەکانی ئیستەنبووڵ بەدەست دەهێنێت. بەگوێرەی خوێندنەوەکانم، رێژەی دەنگی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ لەنێوان 9٪ تا 10٪ دەبێت، بەڵام ئەگەر دەم پارتی 3-4٪ی دەنگەکان بەدەست بێنێت، کەواتە 5-6٪ی دەنگەکانی بۆ بەرژەوەندی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەچن. ئەگەر دۆخەکە وابێت، بەداخەوە دەیڵێم، دەم پارتی سەنگینی خۆی لەدەست دەدات و تاوەکو 2028 هیچ بەها و قورساییەکی نامێنیت و سەرباری زۆرئ جەماوەری و بوونی ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتار، هیچ شتێکی بۆ ناکرێت و بەتەواوی پشتگوێ دەخرێت و تاوەکو 2028 هێزیشی لەدەست دەدات. 
 
هەر بۆیە هەڵبژاردنی ئیستەنبووڵ بۆ کورد پرسی مان و نەمانە. لێرەدا دەمەوێ شتێک بڵێم، رەنگە باجی ئەو قسەیەم بدەم و بە گران لەسەرم بکەوێت، چونکە کەس بوێری ئەوە ناکات ئەم جۆرە شتانە بدرکێنێت. ئەگەر مەرال دانیش بێشتاش 8-9٪ی دەنگەکانی ئیستەنبووڵ بەدەست بێنیت، سێ رووداو و پێشهات روودەدەن. یەکەمیان، گۆشەگیری سەر ئیمرالی کۆتایی دێت و پارێزەرانی چاویان بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەوێتەوە. دووەم، سەلاحەدین دەمیرتاش، عوسمان کاڤالا و سیاسەتڤانە زیندانیکراوەکانی کورد ئازاد دەکرێن. سێیەم، قەییوم بۆ شارەکانی کورد دانانرێت. بێگومان ئەم سێ خاڵە یەکجار گرنگن. 
 
رووداو: ئەمە بابەتێکی گرنگە. ئایا زانیارییەکە لە سەرچاوەیەکی باڵای دەوڵەتەوە پێتان گەیشتووە یان تەنیا گریمانە و بۆچوونی خۆتە؟ 
 
راسم: ئەم سێ خاڵە یان ئەنجامە، بۆچوونی کەسی خۆم نین و زانیارین، بەڵام ئەوانی دیکە بۆچوونی کەسی خۆمن و هیوادارم ئەمڕۆ شاندێک بچێتە ئیمرالی و دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکات. وەک گوتم، ئەمە بۆچوونی کەسی خۆمە. ئایا ئەمە دەکرێت؟ هەڵبەت ناکرێت و تەنانەت دوای پەیامەکەی 2019 کە ئاڵۆزی و گرژیی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، پێم وانییە دەوڵەت هەمان شت دووبارە بکاتەوە. بەڵام زۆر گرنگە شاندێک بچێتە ئیمرالی و چاوی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەوێت و بزانێت ئەو چۆن بیر دەکاتەوە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە کە دەم پارتی خاوەن ژمارەیەکی زۆری دەنگدەرە و رەنگە تاوەکو 12٪ش بێنێت.
 
بەڵام ئەو سێ خاڵەی باسم کردن، زانیاری راستن و چەندین جار لەگەڵ کەسانی پەیوەندیداریش قسەم کردووە و چەند جارێکیش لە راگەیاندن باسم کردوون و کەس بە درۆی نەخستومەتەوە. 
 
با زانیارییەکی دیکەش بدرکێنم، لەنێو دەوڵەتدا ئاراستەیەک هەیە بەهیچ شێوەیەک بایەخ بە هەڵبژاردنی ئیستەنبووڵ نادات و دەڵێت با ئەمجارەش ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەربچێت؛ دەڵێت، با هاوپەیمانی و رێککەوتنی جەهەپە و دەم پارتی بەردەوام بێت و سیاسەتی دانانی قەییووم لەسەر شارەوانییەکانی کوردیش بەردەوام بێت. پێم وایە ئەگەر مەرال خان لە ئیستەنبووڵ 3٪ی دەنگەکان بەدەستبێنێت، کە روونە ئەو کاتە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە جیاوازییەکی زۆر سەردەکەوێت، بۆ رۆژی دواتر، لە 1ی نیسان قەییووم بۆ شارەوانییەکانی کورد دادەنرێتەوە.
 
باشە ئەگەر شارەوانییەکانی کورد قەییوومیان بۆ دابنرێت، چی روودەدات؟ چەند تویتێک دەکرێن و دوای ماوەیەک هەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە. کۆی رووداوەکان هەر ئەمەیە.
 
 دەستپێشخەری و لێدوانەکانی لەیلا زانا زۆر نایاب بوون. من وەک تورکێک، پێم وایە لەیلا خان بەرگریکاری راستەقینەی گەلی کوردە و بە دڵ و گیان پارێزگاری و بەرگری لە کورد دەکات. مەرال خانمیش لەسەر هەمان رێچکەیە؛ پێشتر سەلاحەدین دەمیرتاشیش هەمان رێچکەی هەبوو، بەڵام بەم دواییانە نازانم بۆچی بێدەنگی هەڵبژارد؟ ئایا کۆتایی بە بابەتەکە هێناوە یان خۆی دەزانێت لەم نێوەندەدا چ دەگوزەرێت؟ بەڵام بینیمان یەکێک هاوسەرۆکە تورکەکەی دەم پارتی رایگەیاند، پشتیوانی لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەکەن. بە واتایەکی دیکە، هاوسەرۆکە تورکەکەی دەم پارتی، رەوایی زیاتر بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەدات لەوەی پشتیوانی مەرال دانش بێشتاش بکات. 
 
بەڵام ئەوەش زۆر گرنگە کورد بزانێت کە زمانی چەپڕەو هۆکار بوو بۆ پەلوپۆ کردنی کورد هەر لە ناوچەی جیهانگیرەوە تا دەگاتە چەندین ناوچەی دیکەی ئیستەنبووڵ. با کوردانی هەر چوار وڵات ئەمەش بزانن کە پێم وایە لە رێگەی رووداوەوە بینەر و بیسەرمانن.
 
رووداو: باستان لە دوو ئاڕاستەیی لەنێو ریزەکانی دەوڵەتدا کرد. ئایا هەمان دوو ئاراستەیی لەنێو ریزەکانی دەم پارتیشدا بەدی دەکرێت؟ مەبەستم ئەوەیە ئایا ئاراستەیەک لەنێو دەم پارتی هەیە هەوڵ بدات بۆ سەرخستنی بەربژێرەکەیان و ئاراستەی دووەمیش کە پێیان وابێت دەنگ بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بدەن؟ 

 

راسم: دوو ئاراستەیی لەنێو دەوڵەت نییە، چونکە تاکە هێزی سەرەکی لەژێر دەستی رەجەب تەیب ئەردۆغاندایە. دەمەوێ بە بینەران و بیسەرانی کورد بڵێم، لە 150 ساڵی رابردووی مێژووی تورکیادا نە سوڵتان عەبدولحەمید و نە مستەفا کەمال ئەتاتورک هێندەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەهێز نەبوون. دەبێ ئەوە باش بزانن کە لە 150 ساڵی مێژووی کۆماری تورکیادا هیچ سەرۆکێک هێندەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەهێز نەبووە. 
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە نەوەتەکاندا کتێبێکی چاپ کرد و تێیدا باس لەوە دەکات کە بەدوای کەسێکدا دەگەڕێت هاوشانی خۆی بێت. ئەمڕۆ لە گۆڕەپاندا رەجەب تەیب ئەردۆغان هەیە و هەر ئەو دەتوانێت کێشەی کورد چارەسەر بکات. هەربۆیە پشتیوانی قسەکانی لەیلا زانا دەکەم کە گوتی، تەنیا ئەردۆغان دەتوانێت کێشەی کورد چارەسەر بکات. منیش هاوڕام. ئەمڕۆ لە تورکیادا چوار جەمسەر هەن؛ نەتەوەپەرستەکان، ئەتاتورکییەکان، ئیسلامییەکان و نەریتخوازەکان. هەموو کەس پێیوایە ئەمانە چوار دژە جەمسەرن، بەڵام ئەمانە بەپێی پێگە و دۆخەکان پێکەوە هاوئاهەنگییان بۆ بەرێوەبردنی دەوڵەت هەیە. رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکێکی زۆر بەهێزە و ئەو چوار جەمسەر بەڕێوە دەبات. 
 
دەوڵەت باخچەلی زۆر گرنگە، بەڵام لە بنچینەدا بەهیچ شێوەیەک دەستوەردان لە بڕیارە کارگێڕییەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان ناکات. من رۆژنامەڤان و نووسەرم و دەوڵەت باخچەلی زۆر باش دەناسم. باخچەلی دەستوەردان لە بڕیارە کارگێڕییەکانی ئەردۆغان ناکات، تەنانەت لە رووداوی پەیامەکەی ئۆجەلان و رووداوەکانی دواتریش بێدەنگی نواند. بەڵام لە پرسە ئایدۆلۆژییەکاندا رۆڵی کارای هەیە. 
 
درۆ لەگەڵ کورد ناکەم. هیچ ئەگەرێک نییە بۆ ئەوەی پرۆسەیەکی نوێی چارەسەرکردنی کێشەی کورد بێتەوە ئاراوە، بەڵام کەشێکی ئارام دێتەوە کایەوە و لێخۆشبوون و ئاسانکاری دەبێت، بەو مەرجەی کورد نەبێتە بەشێک لە گیروگرفت و ناکۆکییەکانی نێوان تورکەکان.
 
پێویستە کورد بە هەموو شێوەیەک دەستبەرداری رێککەوتن و هاوپەیمانی بێت لەگەڵ جەهەپە یان هەر کەس کە بە هەر ناوێکەوە پشتیوانی لە جەهەپە بکات، چونکە کارێکی لەو جۆرە هیچ سوودێکی بۆ کورد نابێت. جەهەپەش سوودمەند نابێت.
 
بە روون و راشکاوی دەیڵێم، ئەگەر مەرال خان 8-9٪ی دەنگی کوردی ئیستەنبووڵ بەدەستبێنێت، دۆخەکە زۆر دەگۆڕێت، بەڵام ئەگەر ئەنجامەکە بەوشێوەیە بێت کە کۆمپانیاکانی راپرسی بڵاوی دەکەنەوە کە گوایە مەرال دانیش بێشتاش 3-4٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت و لە بەرامبەردا ئیمامئۆغڵو بیباتەوە یان بدۆڕێنیت گرنگ نییە؛ گرنگ ئەوەیە ئەگەر مەرال خان 4٪ی دەنگەکان بەدەست بێنێت، بە واتای ئەوە دێت کورد هێشتا پشتیوانی لە جەهەپە دەکات و ئەوکات ئەو شارەوانییانەی کورد بە دەنگی جەهەپەش بەدەستیان دێنێت بە دڵنیاییەوە قەییوومیان بۆ دادەنرێت. تەنانەت ئەندامێکی دەم پارتیش لەنێو لیستی جەهەپەش خۆی بەربژێر کردبێت و لە ئەسەن یورت سەربکەوێت، دیسان قەییووم لە شوێنی دادەندرێت. 
 
من نامەوێ دەست لەکاروباری سیاسەتی ناوخۆی دەم پارتی وەربدەم، بەڵام بۆ بینەرە کوردەکان دەمەوێ هاوکێشەی سیاسیی ئەمڕۆی تورکیا روون بکەمەوە. دەمەوێ کورد ئەوە بزانێت کە سەردەمی پارتی دیموکرات، دەسەپە، ئاناپ، دەیەپە و سەهەپە نەماوە و پێویستە لەو بیرکردنەوەیە دەربچن. ئەمڕۆ هاوکێشەیەکی نوێ لە ئارادایە. چەند رۆژ پێش ئێستا ئەردۆغان چی گوت؟ گوتی "چاوەڕێین کورد ئیرادەی خۆیان پیشان بدەن". مەبەستی ئەوەیە ئەنجامی هەڵبژاردن دەری دەخات ئایا دیسان پاشکۆی جەهەپەیە یان خۆیان دەنگ دەهێنن و نابنە پاشکۆی کەس. ئەگەر کورد دەنگ بە پارتی خۆی دەدات و دەم پارتی دەنگێکی زۆر بەدەست دێنێت یان نا، وەک لەیلا زانا گوتەنی، ئەو کاتە دۆخەکە جیاواز دەبێت. 
 
رووداو: ئەگەر لە هەڵبژاردنی 31ی ئاداردا لە ئیستەنبووڵ، کورد 8-9٪ی دەنگەکانی ئەو شارەی بەدەستهێنا، کورد سەنگی زیاتر دەبێت و دەرفەتێکی نوێی پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد دێتە پێش؟ 
 
راسم: لێرەوە بە سەرجەم بینەرانم لە رووداو دەڵێم، ئەگەر دەنگەکانی مەرال خان لە ئیستەنبووڵ 9٪ بن، سەردەمێکی زۆر جیاواز دێتەئاراوە. کاتێک دەڵێم سەردەمێکی جیاواز، مەبەستم لە پرۆسەی چارەسەری نییە، بەڵکو شتێکی دیکە دەڵێم. ئەگەر دەم پارتی دەنگی زۆر بەدەستبێنێت، گۆشەگیری سەر ئیمرالی کۆتایی دێت، تەنانەت ئەمرۆ لەیلا زانا هەمان شتی گوت. لەیلا خان گوتی، بۆ ئەوەی گۆشەگیری سەر ئیمرالی کۆتایی بێت، دەبێ دەنگ بە دەم پارتی بدرێت. لەیلا خان سیاسەتڤانێکی زۆر بەئەزموون و بەناوبانگە و زۆر بە وردی پێشهاتەکان دەخوێنێتەوە و هەڵسەنگاندنی راست و دروست دەکات. سەلاحەدین دەمیرتاشیش هەمان شتی گوت. پێم وایە ئەویش پەیامێکی بڵاوبکردایەتەوە، کاریگەری زۆری دەبوو. 
 
رووداو: پێتان وایە کۆتاییهێنان هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ئیمرالی دەبێتە هۆکارێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد یان لانیکەم رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی کورد لە هەمواری دەستووری تورکیادا مافی پێ بدرێت لە خوێندن بە زمانی دایک و کرانەوەی زیاتر بۆ دانپێدانان بە مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد؟ 

 

راسم: ئەوە سەرەتایەکە. بۆ نموونە کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری سەر ئیمرالی، دەستبەرداربوون لە دانانی قەییووم و ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش سەرەتایەکە. ئیدی ئەو کات ئۆجەلان پەیامێک بڵاودەکاتەوە و بەپێی گۆڕانکاری و سەردەمە نوێیەکە خۆی دەگونجێنێت و تورکیاش پابەند دەبێت. ئیدی نازانین پێشهاتەکان چۆن دەبن، بەڵام ئەوەی روونە کەناڵەکانی سیاسەت زیاتر دەکرێنەوە و رەنگە ئەوەی باسم کرد یەک بەدوای یەک جێبەجێ بکرێن. 
 
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی شتێکی گرنگی پێ گوتم. ئەو ناتوانێت بە راشکاوی ئەمە بڵێت و رەنگە مەترسی زۆر بۆ سەر گیانی دروست بێت، بەڵام بێ ئەوەی ناوی بێنم، قسەکانی لە رێگەی رووداوەوە دەگوازمەوە و گوتی، "لە دۆخێکی وەها هەستیارداین کە هاوشێوەی ئینگلتەرا چۆن قوبرس بەڕێوەدەبات، تورکیاش بەهەمان شێوە بەڕێوەمان دەبات، یان چۆن فەرەنسا، جەزائیری بەڕێوەبرد، تورکیاش هەمان شت دەکات یان هاوشێوەی بەڕێوەبردنی بەلجیکا بۆ کۆنگۆ دەبێت". ئەمە نموونەیەکی زۆر سەیرە و پێی گوتم کە ناتوانێت بە راشکاوی ئەم دۆخە لە راگەیاندن باس بکات. منیش گوتم بە ئەمانەتەوە ئەو پەیامەت دەگەیێنم. 
 
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە کورد ئەو هەل و دەرفەتەی لە پرۆسەی چارەسەرییدا لەدەستداوە و ئێستا دۆخەکە بەمشێوەیەی ئێستای لێهاتووە کە نموونەی بۆ هەر سێ ئەزموونی وڵاتەکە لە بەڕێوەبردنی وڵاتانی ژێردەست هێنایەوە. ئەمڕۆ شتێک نییە بەناوی ئاکپارتی و جەهەپە؛ ئەمڕۆ تاکە شتێک هەیە لەم وڵاتە ئەویش حکومەتی کۆماری تورکیایە. دەوڵەت هەیە و لە سەری ئەم دەوڵەتەدا بەهێزترین سەرۆک هەیە کە لە مێژووی 150 ساڵی رابردوودا کەس هێندەی ئەو بەهێز نەبووە. ئەردۆغانتان خۆش دەوێت یان رقتان لێیەتی، کار و سیاسەتەکانیتان بەدڵە یان نەفرەتی لێدەکەن، گرنگ نییە، بەڵام سەرکردەیەک هەیە 10 هێندەی سوڵتان عەبدولحەمید و مستەفا کەمال ئەتاتورک بەهێزە.
 
 لەم دۆخەدا کوردەکان تا چەند بێلایەن بن و خۆیان لە ناکۆکییەکان دوور بگرن، واتە رێگەی سێیەم هەڵبژێرن نەوەک ببنە لایەنێک لە گرفتەکانی ئاکپارتی و جەهەپە، گۆڕانکاری روودەدات، بەڵام پێناچێت ئەم بێلایەنییە رووبدات. هەرچەندە دەم پارتی بانگەشەی رێگەی سێیەم دەکات، بەڵام وەک لایەنگرانی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەڵێن، زۆرینەی دەنگی کورد بۆ ئەوان دەبێت. ئەگەر ئەوەش رووبدات، زۆر بە داخەوە دەیڵێم، هیچ شتێکتان لەدەست نامێنیت و ئێمەش تەنیا تەماشاکاری زنجیرە رووداوەکان دەبین. 
 
رووداو: رۆژی 1ی نیسان ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازی لە گارە و باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت یان پرۆسەیەکی نوێی چارەسەرکردنی کێشەی کورد دێتە ئاراوە کە ئارامی بەدوای خۆیدا دەهێنێت؟ 
 
راسم: لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر عێراق و سووریا، ئێستا لە قۆناخی داڕشتنی پلاندان و لە میدیای فەرمیی دەوڵەتیش، چی لە رێگەی گوتار بێت و چی لە رێگەی راپۆرت بێت، ئاماژە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دەکرێت. دەمەوێ کورد شتێک بزانێت. میدیای ئۆپۆزسیۆنیش میدیای دەوڵەتە، چونکە لە تورکیا شتیک نییە بەناوی میدیای ئۆپۆزیسیۆن. لەم نێوەندەدا دەگوترێت میدیای نزیک لە دەسەڵات و میدیای نزیک لە ئۆپۆزیسیۆن. شتی وانییە. تکا دەکەم کورد باوەڕ بەو قسە پووچانە نەکەن. لە تورکیادا میدیای دەوڵەت هەیە.
 
 ئەگەر مەرال خان 9٪ی دەنگەکانی ئیستەنبووڵ بێنێت، ئەگەر کورد نەبێتە لایەنگر لە ناکۆکی نێوان ئاکپارتی و جەهەپە و دەم پارتی دەنگی زۆر بەدەست بێنێت، دەمەوێ ئەم قسەیەش بە زەقی بڵێم، ئەگەر بێتوو پلانی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە قۆستنەوە و بەکارهێنانی دەنگی کورد سەرنەگرێت، ئەو کات دەمیرتاش ئازاد دەکرێت و ئۆجەلان پەیامی نوێی دەبێت و لە رۆشنایی پێشهاتەکاندا سەردەمی نوێ دێتەئاراوە. ئەو کاتە شتێک روودەدات و هاوکێشەکە دەگۆڕدرێت. بۆیە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری بکرێت، کورد بە گشتی دەبێت دەنگ بە دەم پارتی بدات، بە تایبەتی کوردی ئیستەنبووڵ دەبێ دەنگ بە مەرال دانیش بێشتاش بدات. 
 
رووداو: سوپاس
 
راسم: منیش سوپاستان دەکەم و لێرەوە سڵاو و خۆشەویستیم ئاراستەی کوردانی چوار وڵات دەکەم.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە