بەشێک لە شەقامەکانی هەولێر چاڵ تێیاندا دروستبووە و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە

 
رووداو - هەولێر

بەشێک لە شەقامەکانی هەولێر چاڵوچۆڵییان تێدا دروستبووە و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە. شەقامەکان لەگەڵ بارانبارینی بەخوڕ و بەرزبوونەوەی باراناو، زیاتر چاڵەکانیان دەردەکەون و جگە لە زیانی ئابووری، دەبنە سەرئێشە بۆ شۆفێرانیش.
 
مەغدید محەممەد، فرۆشیار دەڵێت، "سەیارەیەک لێرە [لەبەردەم شوێنی کارەکەم] وەرگەڕا، سەیارەیەکی تریش لێرە ویل و تایەکانی تەقی و تێکشکا، ئێمە یارمەتیمان دا و سپانە و شتەکانمان پێیان داوە تاوەکو چاکی کردووەتەوە."
 
عەبدولقادر حەمەدەمین، شۆفێر ئاماژە بەوە دەکات، "ئێستا رەمەزانە، خەڵکێکی زۆر لە دەرەوەن، بە شەو دێنە دەرەوە و چاڵەکان نابینن، لە ناوەندی دەدات و رۆتەکەی دەشکێت و تایەکەی دەتەقێت، ئەوە دیسان دووبارە زیانێکی زۆری لێ دەکەوێتەوە."
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، کە پرسوڕای چەندین ئەندازیاری رێگەوبانی وەرگرتووە، ئەو قیرەی لە هەرێمی کوردستان بەکاردێت، بەرگەی 10 ساڵ دەگرێت، بەڵام لە وەرزی سەرماوسۆڵە بەهۆی کرداری بەستن، لە وەرزی گەرماشدا باری قورسی لۆری و بارهەڵگر و بەرزی پلەی گەرمی قیرەکە، هۆکارن کە رێگەوبانەکان بە دوو سێ ساڵ جارێک نۆژەنکردنەوەیان پێویست بێت.
 
عەلی محەممەد، شۆفێر ئاماژە بەوە دەکات، "دوو رۆژ دێین، سێ رۆژ دێین، رۆژی چوارەمین رۆژ دەبێت بچیتە فیتەر، لەبەرئەوەی رێگاکە خۆش نییە، ئەگەر رێگاکە چاک بکرێت ئێمەش تووشی ئەو زیانە نابین."
 
سەلوا محەممەد، شۆفێر گوتی، "ئێستا لە فیتەر هاتوومەتەوە، تایەکان ئەوە دوو جارە بتەقێت و چاکیان بکەمەوە، یەعنی هەموو حاڵەتەکانمان تووش بووە، حساب بکە نیوەی پارەکەمان بۆ چاککردنەوەی سەیارە و تایەکانە."
 
بەردەوام لای پیشەوەرانی پیشەسازیی هەولێر جمەی دێت لە شۆفێرانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی هۆکاری پەککەوتنیان چاڵوچۆڵیی رێگەوبانەکانە.
 
بە گوتەی پیشەوەرێک بەناوی سۆران فاخر، سێ بەشی ئەو کارەی ئەوان بەهۆی چاڵیی شەقام و تاسەی رێگەوبانەکانە و زیاتر ئۆتۆمبێلە کۆنەکانیش دەچنە لایان بۆ چاککردن.
 
زۆرجار هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی هاتووچۆ و گواستنەوەی کاڵا و کەلوپەل، خراپیی رێگەوبانەکانە، بەتایبەت رێگە سەرەکییەکان و رێگەی دەرەوەی شارە گەورەکان.