وەزیری خوێندنی باڵا: یەکشەممە دەرگەی پێشکێشکردن بۆ کورسی ماستەر و دکتۆرا دەکرێتەوە

29-03-2023
نازەنین گۆران
کۆنگرەی رۆژنامەڤانی ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان
کۆنگرەی رۆژنامەڤانی ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە 2ی نیسان دەرگەی پێشکێشکردن بۆ کورسی ماستەر و دکتۆرا دەکرێتەوە و تاوەکو 18ی ئایاری 2023 بەردەوام دەبێت.
 
رۆژی چوارشەممە 29-03-2023، د.ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دەرگەی پێشکێشکردنی بۆ کورسی ماستەر و دکتۆرا راگەیاند و گوتی، لە رۆژی یەکشەممەوە خوازیاران دەتوانن داواکارییەکانیان پێشکێش بکەن. 
 
پڕۆسەی پێشکێشکردن بۆ کورسی ماستەر و دکتۆرا بەسەر سێ بازنە دابەش دەبێت: 
 
بازنەی یەکەم؛ بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵایە. 
 
بازنەی دووەم؛ بۆ ناوەندەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. 
 
بازنەی سێیەم؛ بۆ پارالێڵە کە بۆ هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانبەر، دامەزراو و دانەمەزراو بۆ ئەوەی پێشکێش بکەن. 
 
ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە حەوت هەزار کورسی راگەیاندووە کە دبلۆمی باڵای یەک ساڵە 2308 کورسی، دبلۆمی باڵا دوو ساڵەی پزیشکی 160، ماستەر 3312 و دکتۆرا 1834 کورسی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوە. 
 
لە 2ی نیسان کاتی پێشکێشکردن بۆ ماستەر و دکتۆرا دەستپێدەکات تاوەکو 18ی ئایاری 2023، رێکەوتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی توانستی زانستیش رۆژی دووشەممە 29ی ئایاری 2023 بەڕێوەدەچێت و دەستپێکی خوێندنیش دەکەوێتە مانگی 9وە.
 
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەبارەی ئەو مەودایەی لە نێوان 2ی نیسان بۆ 18ی ئایاردایە گوتی: "لەمێژووی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەندە مەودای کاتی پێشکێشکردن نەبووە، بەڵام ئەمساڵ رەمەزانە و نەمانویست پێشکێشکاران بە زمانی رۆژووەوە بە پێشکێشکردنەوە ماندووبن، بۆیە کاتەکەمان درێژکردەوە."
 
ساڵانە ئەو پێشکێشکارانەی کە ماستەر و دکتۆرا بە پارالێڵ دەخوێنن بڕە پارەیەک دەدەن، لەبارەی ئەو بڕە پارەی بۆ پێشکێشکارانی ئەمساڵ دیاریکراوە وەزیری خوێندنی باڵا گوتی: "لە بەشێک بۆ بەشێکی دیکە دەگۆڕدرێت، بەڵام هەوڵمانداوە زۆر نەبێت و رەچاوی بارودۆخی دارایی پێشکێشکاران و خوازیارانی هەرێمی کوردستان بکرێت، ساڵانەش 45٪ داشکان دەکرێت و بۆ ئەمساڵیش ئەوە بەردەوام دەبێت." 
 
د. ئارام محەممەد گوتیشی: "دەبێت ئەو تێگەیشتنەش راست ببێتەوە کە خوێندنی پارالێڵ خوێندنی پارە نییە، بۆ پارە نییە من دژیم و ئێمە دامنەناوە، بەڵام جێگرەوەشی نییە خوازیاربووین ئەمساڵ بمانتوانیایە هەڵیبوەشێنینەوە، بەڵام نەکرا هیوادارم ساڵی داهاتوو بتوانین هەڵیبوەشێنینەوە، دەبێت پێشکێشکاران ئەوەش بزانن هیچ جیاوازییەک لە نێوان خوێندنی خۆڕایی و پارالێڵ نییە و بەیەک کوالێتی دەبن."
 
لەکاتی پێشکێشکردن بۆ ماستەر و دکتۆرا بڕە پارەیەک لە پێشکەشکاران وەردەگیرێت کە لە نێوانی 200 بۆ 250 هەزار دینارە و لە ئەگەری ناو نەهاتنەوە ئەو پارەیە بۆ پێشکێشکاران ناگەڕێنرێتەوە. وەزیری خوێندنی باڵا گوتی: "ئەوە پەیوەندی بە بڕیاری ژمارە 86ی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە هەیە و لە دەسەڵاتی خوێندنی باڵا نییە کەم یاخود زیادی بکات، چونکە دەچێتە نێو داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆیە ئەمساڵیش ناتوانین پارەکە بگێڕینەوە بۆ ئەوانەی ناویان نایەتەوە."
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان کورسی بە خۆڕایی بۆ کەسوکاری شەهیدانی پلەیەک دابینکردووە، بەڵام دەبێت سەرەتا تاقیکردنەوەی توانستی زانستی بکەن و دەربچن. د. ئارام محەممەد گوتی: "هیوادارم ئەم دەرفەتە بتوانێت کادری باش بۆ بازاڕی هەرێمی کوردستان پێبگەیێنێت و بیکەینە ئالییەتی گەشەپێدان و پەرەپێدانی ناوەندە حکومییەکانی وەکو وەزارەتی خوێندنی باڵا و ئەوانەی دیکە کە پێویستیان بە ئەپدەیتی توانا و کادیرەکانی خۆیان هەیە."
 
لەبارەی دامەزراندنی یەکەم و دووەم و سێیەمەکان، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوە کرد، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەرفەتیان بۆ هاتووەتە پێشەوە و گوتیشی: "پرسی دامەزراندن پەیوەندی بە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە نییە، بەڵام ئەرکی سەرشانمانە بتوانین هاوکاربین و دامەزراندنیان بۆ بدۆزینەوە، یەکەم، دووەم و سێیەمەکان هەرە زیرەکترین خوێندکارەکانی وڵاتی ئێمەن بۆیە دەبێت دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنرێت، هەر دەرفەتێکیش هاتبیتە پێشەوە هەوڵمان بۆ داون."
 
وەزیری خوێندنی باڵا گوتیشی: "لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی راژە لەسەر هێڵین بۆ دامەزراندنی یەکەم، دووەم و سێیەمەکان و هیچ کەسێکیش نییە لاری هەبیت لەسەر دامەزراندنیان، بەڵام بارودۆخەکە رەنگە وەکو پێویست نەبێت، لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵای عێراقیش لەسەر هێڵێن ئەوان بەڵێنێکیان پێداین و چاوەڕوانی بەڵێنی ئەوانین، گەشبینم کە یەکەم، دووەم و سێیەمەکان لە حکومەتی عێراقی دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێت. بۆ دەرچووەکانی دیکەش لەهەر شوێنێک بتوانین هاوکاربین کەموکورتی ناکەین و لە هەموو دەرگایەک دەدەین بۆ ئەوەی دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنین." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

14 بەربژێری تورکمان و 7 بەربژێری کریستیان لە هەولێر رکابەرایەتی بۆ بەدەستهێنانی کورسیی کۆتاکان دەکەن

لە بازنەى پارێزگاى هەولێر 14 بەربژێرى کۆتای تورکمان بۆ یەک کورسی رکابەری دەکەن و 7 بەربژێرى کریستیانیش ناویان تۆمار کردووە بۆ ئەو کورسییەى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان کوردستان لەو پارێزگایە بۆیان دیاریکراوە، بەڵام بەرەى تورکمانى لە دەرەوەى کۆتا بە لیستێکى 11 کەسی بەشدارە.