بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆ: ئەڵمانیا چاوەڕێی هەنگاوی کردەیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەڵمانیا پاڵپشتی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەکات و داوای کردووە هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بنرێت.
رۆژی سێشەممە 28-03-2023، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی حکومەت بەشداریی لە کۆبوونەوەی نێوان حکومەتی ئەڵمانیا و عێراق و بۆردی راوێژکاریی ئێزدییەکان کرد کە لە بەرلین بەڕێوەچوو.
رۆژی چوارشەممە، هێمن میرانی رایگەیاند، "داوامان لە حکومەتی ئەڵمانیا کرد، هاوکاری دامەزراوەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەن، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەربارەی بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان."
وەک ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، بەرپرسانی ئەڵمانیا پرسیاری چۆنیەتی زەمینەسازییان کردووە لەبارەی گەڕانەوەی کوردانی ئێزدی بۆ زێدی خۆیان، هەروەها پرسیاری ئەوەیان کردووە، ئەگەر گەڕانەوە، چیبکرێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کۆمەڵکوژ نەکرێنەوە.
لە وەڵامی پرسیارەکانی بەرپرسانی ئەڵمانیادا، هێمن میرانی دەڵێت، "جەختمان لە جێبەجێکردنی هەر سێ قۆناخی نێو رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی شنگال کرد، کە قۆناخی یەکەم، هەڵبژاردنی ئیدارەیەکی خۆجێیە لە خەڵکی شنگال، تا بتوانێت نوێنەرایەتیی شنگال بکات."
کۆبوونەوەکەی بەرلین لە نێوان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا و حکومەتی عێراق، بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەڵمانیایە، کە 19ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانی لەلایەن داعشەوە بە جینۆسایدناساند.
هێمن میرانی دەڵێت، "داوامان کرد دۆسیەی ئەمنی شنگال رادەستی پۆلیس و هێزەکانی عێراق لەو شارە بکرێت؛ ئێستا باس لەوە دەکرێت کە 1700 پۆلیسی عێراق لە شنگال هەن، بەگوێرەی رێککەوتنی شنگالیش، بڕیارە 2500 پۆلیسی دیکە دابمەزرێن، کە هەزاریان لە خەڵکی نێو شنگال بن و 1500ی دیکە دانیشتووی گوند و کەمپ و دەوروبەری شنگال دەبن، نوێنەری حکومەتی عێراق باسی لەوە کرد کە پرۆسەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە و بە دامەزراندنی ئەو پۆلیسانە، زەمینەسازی ئاسایشی پێش دەکەوێت بۆئەوەی قۆناخەکانی دیکە جێبەجێ بکرێن."
رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، 1ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 لە نێوان رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حەمید رەشیف فلیح، نوێنەری حکومەتی عێراق واژۆ کراوە، رێککەوتنەکە لە سێ بواری کارگێڕی و ئەمنی و ئاوەدانکردنەوە پێکدێت، بەڵام تائێستا جێبەجێ نەکراوە.
لە سەرەتای واژۆکردنی رێککەوتنەکەوە، بەردەوام حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگالی کردووە، رەخنەی ئەوەیشی لە حکومەتی عێراق گرتووە، کە هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی نانێت. لە کارنامەی کابینەی محەممەد شیاع سوودانیش، جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە جێگیرکراوە.
لەبارەی پابەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، "رێککەوتنی شنگال دوولایەنەیە، ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی، جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەش لە کارنامەی حکومەتەکەی سوودانیدایە."
وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکاندایە، هێمن میرانی دەڵێت: ناکرێت کەمپەکان بە زۆرەملێ دابخرێن و ئاوارەکان بە زۆرەملێ بنێردرێنەوە، بە تایبەتی دۆسیەی ئێزدییەکان جیاوازە و وەک ئاوارەکانی دیکە نییە، ئەوان لەسەر ناسنامەی ئایینی دواتر نەتەوەیی دووچاری کۆمەڵکوژیی بوون، بۆیە تا دڵنیا نەبن، ئازادانە پەیڕەوی ئایینەکەیان دەکەن، ناتوانن بگەڕێنەوە، ئەو خاڵانەمان بە روونی تاوتوێکردن لەگەڵیاندا و کۆبوونەکەوەش دۆستانە و راشکاو بوو.
لەو کۆبوونەوەیەی نێوان ئەڵمانیا و عێراق و هەرێمی کوردستان، نوێنەرێکی کوردی ئێزدییش ئامادەبوو و راوێژیان پێکراوە بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و گوێ لە داواکارییەکانیان گیراوە.
لەوبارەیەوە، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ گوتی، "جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، داخوازیی ئێزدییەکانە، وەک بەشێکی گرنگی پێکهاتەی کۆمەڵگەی عێراقی، پەرلەمانتارانی ئەڵمانیاش باسیان لەوە کرد کە حکومەتی ئەڵمانیا لەژێر گوشارێکی زۆری خەڵکەکەیدایە و رەوەندی ئێزدی لە ئەڵمانیا بەهێز و پێگەیەکی بەهێزیان هەیە، بۆیە گوشار لەسەر حکومەت دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئێزدییەکان."
نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ئاشکرای دەکات، ئەڵمانیا پاڵپشتیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەربڕیوە، بەڵام داوای هەنگاوی کردەیی لە حکومەتی عێراق کردووە.
ئەڵمانیا، بەگوتەی هێمن میرانی، "جیددییە لەوەی هەموو پاڵپشتییەک بکات، بەڵام ئەوان پێویستیان بە هەنگاوی پراکتیکییە، لە کۆبوونەوەکەشدا بە نوێنەری عێراقیان گوت، چاوەڕێی هەنگاوی پراکتیکی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەکەین، بۆ ئەوەی پاڵپشت بین."