رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتی ناوەندی توێژینەوەکانی پەرلەمانی ئێران، لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا 70 تاوەکو 100 هەزار کۆڵبەر هەن و لەماوەی ساڵێکدا لە یەک تاوەکو سێ ملیار دۆلار کاڵا و کەلوپەل هاوردە دەکەن.
ناوەندی توێژینەوەکانی پەرلەمانی ئێران بڵاویکردووەتەوە، ئاماری ناکۆک لەسەر ژمارەی کۆڵبەرەکان هەیە، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە زانیاری لەسەر کۆڵبەرەکان و کەلوپەلەکانیان تۆمار ناکرێت، بەڵام هەندێ لە دانیشتووانی شارەکانی سەر سنوور و ژمارەیەک لە ژنانیش بەهۆی کێشەی ئابوورییەوە کۆڵبەریی دەکەن.
دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان و تەنانەت هەندێ لە خەڵکی شارەکانی دوورتر لە سنووریش لە پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ورمێ بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان کۆڵبەریی دەکەن.
کۆڵبەرەکان هیچ پشکیان لەو کۆڵەدا نییە کە دەیگوازنەوە، بەڵکو تەنیا لە پێناو گواستنەوەیدا بڕە پارەیەک وەردەگرن. کۆڵبەرەکان خۆیان دەڵێن: بەهۆی نەبوونی هەلی کار و لە ناچاریدا، روویان لەو کارە دژوارە کردووە.
بەرپرسێکی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی ئێران رۆژی 30.01.2023 بە راگەیاندنی ئێرانی گوت: لە ساڵی 2021دا نزیکەی 20 ملیار دۆلار کاڵا و کەلوپەل لە ئێراندا قاچاخ کراوە، کە 14 ملیار قاچاخی هاوردە بووە. بەشی هەرە زۆری ئەمە لە دەروازە سنوورییە فەرمییەکانەوە دەکرێت.
محەممەد حوسێنی، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری پەرلەمان، لەم دواییانەدا رایگەیاند: حکومەت پرۆژەیاسایەکی بۆ رێکخستن و چاودێریی بەسەر بازرگانی لە ناوچە سنوورییەکان و رەخساندنی هەلی کار بە پەرلەمان داوە.
محەممەد حوسێنی گوتی: ئەو پرۆژەیاسایە بۆ بەهێزکردنی ئابووری ناوچە سنوورییەکان، دابینکردنی بژێوی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان، رێکخستنی هاوردەی کاڵا و کەلوپەل، کەمبوونەوەی قاچاخی کەلوپەل و دراو، ژیاندنەوەی گەشتیاری و رەخساندنی هەلی کارە.
لە ساڵی 2017ەوە دەروازە سنوورییەکان داخراون. حکومەتی حەسەن رووحانی رایگەیاند، دەیەوێ ناوچە سنوورییەکان رێکبخاتەوە.
لەو کاتەوە چەندین جار بەرپرسە جۆراوجۆرەکان باسیان لە رەخساندنی هەلیکار لە دەروازە سنوورییەکان بۆ کۆڵبەرەکان کردووە، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراوە.
حکومەت هاتووچۆی کۆڵبەرەکان لە ناوچە سنوورییەکان بە نایاسایی دەزانێت، بەم هۆیەشەوە بەپێی راپۆرتی کۆڵبەرنیوز لە ساڵی 2022دا 43 کۆڵبەر کوژراون و 2015 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ