دەریاچەی ورمێ بەهۆی گواستنەوەی ئاوی بەنداوی کانی سێو ژیاوەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دەریاچەی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دوای چەند ساڵێک لە وشکەساڵی، بەهۆی گواستنەوەی ئاوی بەنداوی کانی سێوی پیرانشار کەمێک بووژاوەتەوە و خەڵک بۆ بەسەربردنی کاتی خۆش سەردانی دەکەن.
 
حوسێن محەممەد عەلی، گەشتیارە و دەڵێت، "ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو، پێشکەوتنێکی بەرچاوی هەبووە، پێموابێت لە بەنداوی پیرانشارەوە ئاویان بەرداوەتەوە بۆ ئەم دەریاچە و ئێرەش ئاوەکەی زۆر زیادیکردووە. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی گەشتیاری زیاتر روو لێرە بکەن و رێژەی گەشتیاریش ببووژێتەوە. دیمەنەکەشی گۆڕاوە، سەیری بکەی دەزانی بەراورد بە پار زۆر گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە."
 
بووژانەوەی دەریاچەکە گەشتیارێکی زۆر روویان تێکردووە، بەڵام زۆربەی گەشتیاران گلەییان لە کەمتەرخەمیی کەرتی گەشتیاری ورمێ و نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست لەو کەنار ئاوانە هەیە کە بە جۆرێک بووەتە هۆی مەترسی لەسەر تەندروستی گەشتیارانیش.
 
مەسنوور پوورداش، گەشتیار باسی لەوە کرد، "داوامان لە بەرپرسان ئەوەیە کەمێک بە دۆخی تەندروستیی ئێرەدا رابگەن. هەندێک شوێنی تایبەت بۆ گەشتیاران دروسبکەن کە کاتێک هاتنە ئێرە، جێگەیەکیان هەبێت تێیدا دانیشن. خواردنگەیەک، کافێیەک کە بتوانن خواردنێکی تێدا بخۆن. کەس پێی راناگات، دیارە. لانیکەم زبڵدانێک دانێن بۆ ئەوەی خەڵک زبڵەکانیانی تێبکەن. هیچی لێنییە لێرە، واتە هیچ ئیمکانیاتێکمان نییە."
 
پارێزگای ورمێ یەک لەو پارێزگایانەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە بەهۆی پێشکەوتن لە کەرتی پیشەسازی و دۆخی هەناردەی کاڵا بۆ تورکیا و هەرێمی کوردستان، ئابوورییەکی بەهێزی هەیە، بەڵام لە کەرتی گەشتیاریدا ئەو ئابوورییە بەپێی پێویست گەشەی نەکردووە و زۆربەی بەرپرسانی ورمێ وشكبوونی دەریاچەکە بە هۆکاری سەرەکی دەزانن. 
 
حوسێن محەممەد عەلی، گەشتیارێکی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "ئەگەر ئیمکانیات لێرە هەبێت، چوار کەلوپەلی پێویستی گەشتیاری دابنێن و کەپر بۆ گەشتیاران دروستبکەن، بۆ خۆیان باش دەبێت. کاریگەریی لەسەر دۆخی ئابووری پارێزگاکەیان دەبێت. سەیری ئەو هەموو دڵخۆشیە بکە لەنێو ئەم گەشتیارانەدا، بەراورد بۆ دوو ساڵ پێش ئێستا ئەو دڵخۆشییە چەنێک زیادیکردووە. هەرچەندە ئێستا سەرەتاشێتی و هەموو مانگێکە ئاوی بەنداوەکەیان بۆ بەرداوەتەوە. بەمشێوە بەردەوام بێت ئێرە تاوەکو دوو ساڵی دیکە دەبێتە ناوچەیەکی بەناوبانگی گەشتیاری لە هەموو ئێراندا."
 
ناوەندی هاوئاهەنگی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای ورمێ دەڵێت، ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ گەیشتووەتە هەزار و 270 مەتر و رووبەری دەریاچەکە بەراورد بە شەش مانگ پێش 311 کیلۆمەتر زیادیکردووە. ئەوەش لەم رۆژانەدا، هەم بۆ خەڵکی ناوچەکە و هەمیش بۆ گەشتیاران هەواڵێکی خۆشە.