دهۆک؛ هێزەکانی پاسەوانی سنوور 17 خاڵی سەربازییان لە بەرواری باڵا داناوە


رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی 24 کاژێردا دوو خاڵی سەربازیی پاسەوانی سنوور لە دەڤەری بەرواری باڵا لە سنووری پارێزگای دهۆک دانراون. خەڵکی ئەو گوندانە هیوا دەخوازن ئەوە ببێتە هۆی ئارامیی ناوچەکانیان.
 
عەبدولکەریم ئیسماعیل، دانیشتووی گوندی قومریێیە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دانانی ئەو خاڵە سەربازییانە لێرە بۆ ئێمە زۆر باشە، ئەو خاڵانە دەبێتە پشتگەرمییەک بۆ ئێمەش، ئەوە وادەکات کە بە ئاسانی بتوانین بچینە ناو موڵک و باخەکانمان. نزیکەی دوو ساڵە نەمانتوانیوە بچینە ناو زەویی و باخەکانمان، موڵک و ماڵەکانمان هەموو بەرەڵا بوون."
 
لەماوەی کەمتر لە ساڵێکدا بەهۆی بۆردوومان و شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، شەش گوند لە سنوورەکە چۆڵکراون.
 
وەحید کێستەیی، یەکێک لەو کەسانەیە کە گوندەکەی چۆڵکردووە، چووەتە کۆمەڵگەی بێگۆڤا و دەڵێت، "ساڵێکە گوندەکەمان چۆڵکردووە، شوێنی ژیانی تێدا نەماوە، ئاویشمان نەبوو، ئەگەر هەندێک خاڵی پێشمەرگە یان پاسەوانی سنوور لەو ناوچانە دابنرێن، ئەوە دەتوانین بچینەوە سەر موڵک و ماڵی خۆمان و کاری ئاسایی خۆمان دەستپێبکەینەوە."
 
تاوەکو ئێستا 17 خاڵی سەربازیی پاسەوانی سنوور کە سەر بە حکومەتی عێراقە بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ دامەزراوە سەربازیی و کارگێڕییەکانی سنوورەکە، لە ناوچەکە دانراون. 
 
رێڤینگ هرووری، سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان باسی لەوە کرد، "گرنگیی ئەو خاڵانە لەوەدایە کە بۆ پاراستنی خەڵکی ئەو گوندانە سوودی هەیە، ئومێدێک بۆ خەڵکی ئەو گوندانە دروستدەکات کە لەم بەهارە بتوانن بچنە سەر موڵک و زەوییەکانیان، چونکە بۆردوومانی بەردەوام لەسەر ئەو ناوچانە هەیە، ئەوەش بەبیانووی هەبوونی چەکدارانی پەکەکە."
 
سوپای تورکیا لە 23ـی نیسانی ساڵی رابردوو ئۆپەراسیۆنێکی لە دەڤەری بەرواری باڵا دەستپێکرد و 14 خاڵی سەربازیی لە سنوورەکە داناوە.