نێچيرڤان بارزانى و ئيمانوێل ماكرۆن لە کۆشکی ئێلیزێ كۆده‌بنه‌وه‌

29-03-2021
عومەر شایان
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ماکرۆن فەرەنسا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

به‌ بانگهێشتى فه‌رميى ئيمانوێل ماكرۆن سه‌رۆکكۆمارى فه‌ره‌نسا، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى ئەو وڵاتە ده‌كات و سبه‌ى سێشه‌ممه‌ 30-3-2021 له‌ كۆشكى ئێلیزێ له‌ پاريس له‌گه‌ڵ ماکرۆن كۆده‌بێته‌وه‌.
 
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆک بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا، دۆخى عێراق، هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، په‌تاى كۆڤيد_19 و لێكه‌وته‌كانى، مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و ئه‌ركى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى، گرنگيى هاوكارى و هاوبه‌شيى هه‌مه‌لايه‌نه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش تاوتوێ ده‌كه‌ن.
 
هەرێمی کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکی مێژووییان هەیە و بەتایبەت لەو کاتەوە کە ئیمانوێل ماکرۆن بووەتە سەرۆکی ئەو وڵاتە، نێچیرڤان بارزانی هەم وەک سەرۆکوەزیران و دواتریش وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندینجار لەلایەن ماکرۆنەوە بانگهێشتکراوە و لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازیی لێکردووە.

 

 
دوایینجار ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 10-7-2019 بوو کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئۆتۆمبێلێک کە ئاڵای کوردستان و عێراقی بەسەرەوەبوو، گەیشتە کۆشکی ئیلیزێ و، لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن پێشوازی لێکرا و بۆ ماوەی نزیکەی کاژێرێک کۆبوونەوە.
 

دواتر لە 2-9-2020 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەردانی عێراقی کرد و لە بەغدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 

یەکێک لە کۆبوونەوە مێژووییەکانی نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە ساڵی 2017 و دوای گشتپرسی و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر بوو کە گەمارۆکانی بەغدا ترافیکی سیاسی سەر هەولێری کەمکردوبووەوە، بەڵام ماکرۆن بە کردنەوەی دەرگای کۆشکی ئێلیزێ بۆ نێچیرڤان بارزانی، گەمارۆکانی سەر هەولێری شکاند.
 
رۆژی 17-7-2020 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لەگەڵ ژان ئێڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە هەولێر، بەناوی گەلی کوردستانەوە سوپاسی فەرەنسای کرد کە هەمیشە "لە تەنگانەدا پشتگیریی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە".
 
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە رووداوەکانی ساڵی 2017 لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، دوای ئابڵۆقەی ساڵی 2017 لەسەر هەرێمی کوردستان، فەرەنسا رۆڵی سەرەکی بینی لە شکاندنی گەمارۆکە و هاوکار بوو لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەنێوان هەولێر و بەغدا.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆکی فەرەنسا کرد لە تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی بەسەر هەرێمی کوردستان هاتبوو و گوتی، سەرۆک ماکرۆن رۆڵیکی زۆر بەرچاوی گێڕا کە هەرگیز لەلایەن گەلی کوردستانەوە لەبیر ناکرێت و مایەی رێز و پێزانینی بەردەوامە.
 
مێژووی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا بەشێوەی فەرمی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2001 و لەو ساڵەدا نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ یەکەمینجار لە 1ی ئازاری 2001 لە پاریس کرایەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە