د. عەلی دۆڵەمەری: هەرێمی کوردستان بووەتە دۆسیەیەکی زۆر گرنگ لە کۆشکی ئێلیزێ

29-03-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
د. عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس
د. عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس
نیشانەکردن دیداری لووتکە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆشکی کۆماریی فەرەنسا هەیە، دەشڵێت "هەرێمی کوردستان بووەتە دۆسیەیەکی زۆر گرنگ لە کۆشکی کۆماریی فەرەنسا [ئێلیزێ]".
 
سەبارەت بە گرنگی و ئامانجی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری فەرەنسا، د. عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس گوتی، بەردی بناخەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆشکی ئێلیزێ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2010 کە ئەوکات لەلایەن نیکۆلا سارکۆزی، سەرۆکی ئەوکاتی فەرەنسا لە 15ی حوزەیرانی 2010 پێشوازیی لە سەرۆک بارزانی کرد.
 
وەکو نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس دەڵێت "ئەمە جاری دەیەمە کۆبوونەوە لەنێوان سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و کۆشکی کۆماریی فەرەنسا ئەنجام دەدرێت، ئەمەش زۆر گرنگە کە ئێستا دۆسیەی هەرێمی کوردستان بووەتە دۆسیەیەکی زۆر گرنگ لە کۆشکی کۆماریی فەرەنسا".
 
هەرچەندە فەرەنسا لە شەڕی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دۆخێکی ناهەمواردایە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو ئاڵنگارییانە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد، د. عەلی دۆڵەمەری دەڵێت، سەردانەکە "بۆ هەندێک پرسی گرنگە لە ناوچەکەدا، چونکە ئەمڕۆ هەم عێراق و هەمیش هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا زۆر گرنگن".
 
سەبارەت بە گرنگیی کۆبوونەوەی ئیمانوێل ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس ئەوەی خستەڕوو "گرنگییەکەی لەوەدایە، فەرەنسا دەزانێت بەبێ هەرێمی کوردستان هیچ ئاشتەوایی و سەقامگیرییەک نە لە عێراق و نە لە ناوچەکە روونادات".
 
فەرەنسا دەیەوێت رۆڵی مێژوویی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە عێراق و سووریا بگەڕێنێتەوە، د. عەلی دۆڵەمەری لەوبارەیەوە گوتی "هەربۆیە [فەرەنسا] پێویستی بە رۆڵی هەرێمی کوردستانە، بەتایبەتی بە رۆڵی کاک نێچیرڤان لەم بوارەدا، کە دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ فەرەنسا تاوەکو بتوانێت هەندێک لە کێشەکانی کە لە عێراقدا هەیەتی، چارەسەربکات".
 
بە گوتەی نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس، فەرەنسا لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و دەیەوێت پەرە بەو پەیوەندییانە بدات، "فەرەنسا دەیەوێت بەشداربێت لە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەستی داعش رزگارکراون، بەشێوەیەکی کردەییش دەستی بەوە کردووە، لە شنگال خەریکی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکە بۆ پێکهاتەکان، بەتایبەتی بۆ برا ئێزدییەکانمان، دەیانەوێت زانکۆی موسڵ ئاوەدان بکرێتەوە".
 
د. عەلی دۆڵەمەری باسی لەوەش کرد، داعش لەڕووی سەربازییەوە تێکشکاوە، بەڵام ئایدۆلۆژیای داعش ماوە و فەرەنسا دەیەوێت هاوکاری بکات لە کەمکردنەوەیدا، هەروەها باسی چەندین پرۆژەی دیکەی کرد کە فەرەنسا بەنیازی ئەنجامدانیانە.
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 29ی ئادار، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و بڕیارە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا کۆببێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە