هێزی هاوپەیمانان سەربازەکانیان لە سەربازگەی K1ـەوە دەگوازنەوە هەولێر

 
 
رووداو - کەرکووک

هێزی هاوپەیمانان لە سەربازگەی K1ـی کەرکووک کشانەوە. کەرەستەی سەربازی، چەک و تەقەمەنی و زۆربەی سەربازەکانیان بە فڕۆکە گواستنەوە هەولێر و لەوێ نیشتەجێ دەبن. بەشەکەی تریان بۆ سەربازگەی عەین ئەسەد و هەندێکیشیان بۆ سلێمانی رەوانە دەکرێن.
 
جێنێراڵ فینست باركر له‌ فرۆكه‌ خانه‌ی سه‌ربازیی هه‌ولێره‌وه‌ به‌ڕێكه‌وتووه‌ بۆ سه‌ربازگه‌ی K1 له‌ كه‌ركووك. سه‌رپه‌رشتیی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان ده‌كات له‌و سه‌ربازگه‌یه‌.
 
سه‌ربازه‌كان خۆیان ئاماده‌ده‌كه‌ن و فڕۆكه‌ی سه‌ربازییش بۆ گواستنه‌وه‌یان گه‌یشت. 300 سه‌رباز K1 به‌جێده‌هێڵن.
 
جێنێراڵ فینست ئاماده‌یه‌ بۆ واژۆی رێككه‌وتنی راده‌ستكردنه‌وه‌ی K1 به‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان. كشانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانان له‌ قائیم و گەیاره‌ش هه‌ر به‌ واژۆی ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ بوو، ئاماده‌كارییش بۆ كشانه‌وه‌ له‌ چه‌ند سه‌ربازگه‌یه‌كی دیكه ده‌كات‌.
 
 فینست باركر، فه‌رمانده‌ له‌ هێزی هاوپه‌یمانان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئه‌مرۆ هێزه‌ عێراقیه‌كان K1ـیان وه‌رگرته‌وه‌. ئه‌مه‌ش هه‌موو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شكستپێهێنانی داعش له‌لایه‌ن هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌وه‌. ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ئه‌م پلانه‌مان دانابوو، په‌یوه‌ندیمان باشه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقیدا و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌هاوكاری كردنی هێزه‌كانیان".
 
هاوپه‌یمانان حەوت هەزار و 500 سه‌ربازیان له‌ عێراقدا هه‌یه‌. به‌پێی ئه‌و بەرنامەیەی كه‌ دانراوه‌، بڕیاره‌ دوو هەزار و 500 سه‌ربازیان له‌ عێراق بكشێننه‌وه‌، ئه‌و بڕیاره‌ پاش راگرتنی مه‌شق و راهێنانی سه‌ربازی به‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان درا.
 
له‌نێو سه‌ربازگه‌ی هاوپه‌یماناندا ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر ده‌رگایه‌كی گه‌وره‌ نه‌خشێنراوه‌. ته‌نیا ئاڵایه‌ له‌ هه‌موو كه‌ركووكدا له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ تاوەکو ئێستا ده‌ستی هێزه‌ عێراقییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبیی پێنه‌گه‌یشتووه‌. ره‌نگه‌ پاش كشانه‌وه‌ی ئه‌م هێزانه‌ هاوشێوه‌ی هه‌زاران ئاڵای دیكه‌ ره‌ش بكرێته‌وه‌.
 
كورد كشانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانان به‌ مه‌ترسی ده‌بینێت بۆ سه‌ر كه‌ركووك، به‌ڵام به‌رپرسانی عێراق دڵنیایی ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن هاوئاهەنگیی باشمان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا هه‌یه‌ و مه‌ترسیه‌كانی داعشیش له‌و ئاسته‌دا نیین.
 
محه‌ممه‌د فازڵ، نوێنه‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایگەیاند، "هاوئاهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ئه‌منییه‌كان هه‌یه‌. هێزه‌ عێراقییه‌كانمان توانایان هه‌یه‌ و ئاماده‌ن بۆ تێكشكاندنی هه‌موو كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆرستی دوژمن، من لێره‌وه‌ هه‌موو هاوڵاتییانمان له‌ كه‌ركووك و پارێزگانی دیكه‌ دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانمان بۆ تێكشکاندنی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان له‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشیدان".
 
پێشمه‌رگه‌ كشانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌وان بۆ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان به ‌مه‌ترسی ده‌بینێت. ره‌تیشی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ رێككه‌وتن و هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقییه‌كاندا هه‌بێت.
 
له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2019ه‌وه‌ 20 جار هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی هاوپه‌یمانیان له‌ عێراق له‌نێویاندا K1 هاوپه‌یمانیان به‌ باشی له‌ مه‌ترسییه‌كانی گرووپه‌ نزیكه‌كانی ئێران تێگه‌یشتوون.