رووداو دیجیتاڵ
سیمورگ سارسڵماز، ئەو خانمە مۆدێلەی لە ئامەد خۆی بۆ پۆستی موختار بەربژێرکردبوو، کشانەوەی خۆی راگەیاند و دەڵێت، لە چەندین لاوە هەڕەشەی لێکراوە.
سیمورگ سارسڵماز خۆی بۆ پۆستی موختاری گەڕەکی کاینارتەپە لە ناوچەی باغڵاری پارێزگای ئامەد بەربژێر کردبوو.
شەوی رابردوو 28-2-2024 سارسڵماز رایگەیاند، هەڕەشەی زۆری لێدەکرێت و دەستی لە بەربژێربوون کێشاوەتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە سارسڵماز یەکەمین ژن بوو لە ئامەد هەوڵیدا ببێتە موختار.
"دۆخی دەروونیم خراپە"
سارسڵماز لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند، "من بە نیازپاکییەوە خۆم بەربژێر کرد تاوەکو خزمەت بەو گەڕەکە بکەم کە لێی گەورەبووم. کارەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەم تەواوکردن و دەمویست دەست بە بانگەشە بکەم، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە لە میدیاکان، لە سەدان هەژماری ساختەوە هەڕەشەم لێکراوە. ئێستا دۆخی دەروونیم زۆر خراپە و بە دەرمان خۆم گرتووە."
ئەو خانمە مۆدێلە هەروەها دەڵێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-2-2024 دەچێتە دادگە و سکاڵا لە دژی ئەوانە تۆمار دەکات کە هەڕەشەیان لێکردووە. بەتایبەتیش باس لەوە دەکات کە لە هەڕەشەکاندا زیاتر سووکایەتیی پێکراوە و وێنەکانی بە جۆرێکی دیکە بەکارهێنراون.
"ژنانی گەڕەک دەڵێن هاوژینەکانمان لەڕێ دەردەکەیت!"
سارسڵماز باس لەوە دەکات، جگە لە پیاوان بەشێک لە ژنانیش دژی دەرکەوتنی ئەون وەکو موختارێک و نامەیان بۆی ناردووە. ئەو لە ئێکسێکدا نووسیویەتی، "زۆربەی ژنانی گەڕەک پێم دەڵێن؛ کاری موختاری بۆ تۆ ماوەتەوە؟ یانیش دەڵێن، تۆ هاوژینەکانمان لە رێ دەردەکەیت!"
وەڵامی ئەو ژنانە دەداتەوە و دەڵێت، "دادەگیان، چی وایلێکردوویت وا بیر بکەیتەوە من لەپێناو لەڕێ دەرکردنی هاوژینەکەت کە سمێڵی بە کێشانی جگەرە زەرد بووە، خۆم بەربژێر کردووە؟"
سیمورگ سارسڵماز کێیە؟
ناوی سیمورگە و نازناوی سارسڵمازە. خۆی بە رووداوی گوت، "حەوت پشتمان دیاربەکرییە و لە دیاربەکر دەژیم. بە شێوەی ئازاد کاری مۆدێلی دەکەم و گرێبەستم لەگەڵ چەند براندێک هەیە."
لەبارەی بیرۆکەی بەربژێربوونی، سیمورگ سارسڵماز باسی لەوە کرد کە بە دوو دڵییەوە لە پرۆسەکە نزیکبووەتەوە، "دوای ئەوەی خۆم یەکلایی کردەوە، فۆرمی بەربژێربوونم پێشکێشکرد. ئینجا لە هەژماری خۆمدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیم بیرۆکەی خۆبەربژێرکردنم هەیە. بەڕاستی ئێستا منیش حەپەساوم بەرامبەر ئەو دەنگدانەوە گەورەیە!"
بەڵێنەکانی سارسڵماز
ئامانجی یەکەمی سارسڵماز وەکو خۆی باسی لێوە کرد، گرنگیدان و کارکردن بوو بۆ ژنان و گوتی ئەگەر سەرکەوتوو بێت، بیر لە کردنەوەی خولی پەروەردەیی بۆ ژنانی نەخوێندەوار دەکاتەوە. هەروەها کۆمەک بۆ ئەو خانەوادانە کۆدەکاتەوە، کە لەبەر هەژاری ناتوانن منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە. هاوکات پێداگریی کرد لەوەی لە ناوچەی باغڵار کۆتایی بە قومار دەهێنێت.
رۆژی 31-3-2024 هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 81 پارێزگا بەڕێوەدەچێت. هەر لەو چوارچێوەیەدا 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
ئەو کەسانەی فۆرمی بەربژێربوون بۆ پۆستی موختار پڕدەکەنەوە، تەنیا ناو و زانیاریی کەسی پێشکێش دەکەن و ئەو پرۆسەیە ناکەوێتە چوارچێوەی لیستی پارتە سیاسییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ