گرانترین ئۆتۆمبێل لە پێشانگەی ئۆتۆمبێل لە هەولێر بە 300 هەزار دۆلارە


رووداو دیجیتاڵ

نۆیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی ئۆتۆمبێل و یەدەگی ئۆتۆمبێل لە هەولێر کرایەوە. هەشت کۆمپانیای جیهانی بە 13 براند، نوێترین ئۆتۆمبێلەکانیان لە پێشانگەکە نمایش کردووە.
 
ئۆتۆمبێلی نرخی بەرز و نزم لە پێشانگەکە دەستدەکەوێت.
 
ئۆتۆمبێلی رەینج رۆڤەر ئێس ڤی 2024، بە تایبەتمەندییە جیاوازەکانی گرانترین ئۆتۆمبێلی پێشانگەکەیە، نرخەکەی زیاتر لە 300 هەزار دۆلارە.
 
محەممەد بەشیر، بەڕێوەبەری فرۆشتن لە پێشانگەی جاگوار لاندرۆڤەر دەڵێت: ئۆتۆمبێلێکی بزنس کلاسە و بۆ بزنسمانەکان زۆر گونجاوە. 
 
پێشانگەکە شوێنێکە بۆ ئەوانەشی پارەیەکی کەمیان لە دەستدایە، چەند ئۆتۆمبێلێک لە کۆمپانیا چینییەکان نرخێکی کەمیان هەیە، ئۆتۆمبێلی ئێم جی 5 قەمەرە بە 11 هەزار و 600 دۆلار، هەرزانترینی پێشانگەکەیە.
 
لە پێشانگەکەدا ژمارەیەک ئۆتۆمبێل بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان نمایشکران، لەوانە دوو جۆر ئۆتۆمبێل لە مێرسیدز بێنز کە بەتایبەت بۆ عێراق و کوردستان دروستکراون. 
 
هەر لە پێشانگاکەدا، 120 کۆمپانیا کە 60 یان کۆمپانیا چینییەکانن، لە یەدەگ، جوانکاری و رۆنی ئۆتۆمبێل بەشدارن.
 
پێشانگەی نێودەوڵتی ئۆتۆمبێل لە هەولێر، بۆ ماوەی چوار رۆژ لە 29-2 تاوەکو 3-3 بەردەوام دەبێت و نمایش و درێفتی ئۆتۆمبێلیش، بەشێکە لە چالاکیی رۆژانەی پێشانگەکە.