چیرۆکی دووکاندارێکی بازاڕی لەنگە کە دوو جارە ئاگر سامانەکەی دەسووتێنێت
رووداو دیجیتاڵ
دووجارە ئاگر ماڵ و هەناوی دەسووتێنێت، پێشەوا یەکێکە لە دووکاندارە گەنجەکانی بازاڕی لەنگە لە هەولێر، پێنج ساڵە بەنیازی پێکهێنانی ژیانی هاوژینییە، بەڵام ئاگر دار و نەداری دەسووتێنێت دەیباتەوە خاڵی سفر.
پێشەوا لەگەڵ 23 دووکانداری بازاڕەکە، رۆژانە بە 30 هەزار دینار سلفەیەکی 11 ملیۆنییان کردبوو، پارەی قورعەکەی بۆ قازانج خستەبووە کار کەچی ئەویشی چوو. ئەو هێشتا شۆک بەری نەداوە و مامی لە جیاتی دەدوێت.
رێباز یاسین، مامی پێشەوایە، دەڵێت: "تازە کەلوپەلیان کڕی بوو، بایی نزیکەی سێ دەفتەر دۆلار دەبوو، ئاگرەکە هەمووی سووتاند. ئەمە جاری دووەمە دووکانەکەیان دەسووتێت، هێشتا قەرزی پێشتریان نەداوەتەوە کە چوار دەفتەر دۆلار زیانیان بەرکەوتووە."
پێشەوا دەیویست ژیانی هاوژینی پێکبهێنێت، بەڵام ئاگرەکە دوو جارە ژنهێنانەکەی دوادەخات.
مامی دەڵێت، "تەمەنی بووەتە 30 ساڵ، ئێمە خۆیشمان کرێچین و ناتوانین هاوکاریی بکەین، ئەگەر کەسێک هاوکارییان نەکات، 100 هەزاریشیان نییە تاوەکو دووکانەکەیان نۆژەن بکەنەوە."
نەوزاد عەبدوڵڵا یەکێکی دیکەیە لە دووکاندارەکانی بازاڕەکە. ئەمە دووم جارە دووکانەکانی دەسووتێن و زیانی نزیکەی 200 هەزار دۆلاری بەردەکەوێت.
لە ئاگرەکەی یەکەم دا، پێنج دووکان و ئەمجارەش سێ دووکان و کۆگایەکی سووتاون. لە 23 ساڵی کارکردنیشی ئەمە پێنج جارە ئاگر ماڵەکەی بۆ دەکاتە خۆڵەمێش.
نەوزاد دەڵێت، ئەمجارە بە بەهای نزیکەی هەشت دەفتەر دۆلار، 80 هەزار دۆلار، زیانم بەرکەوتووە، یەکەم جار ئۆتۆمبێلەکەم فرۆشت تاوەکو توانیم دووکانەکان نۆژەن بکەمەوە، ئەمجارەش ناچارم دووکانەکەم بفرۆشم تاوەکو دووبارە نۆژەنیان بکەمەوە."
166 دووکان لە بازاڕی لەنگە سووتاون، کەچی تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرەکە و زیانەکەی دیاری نەکراوە.
هەشت تیمی شارەوانی دوو رۆژە سەرقاڵی خاوێنکردنەوە و لابردنی پاشماوە سووتاوەکانی بازاڕەکەن، بڕیارە دوای تەواوبوونی کاری تیمەکانی شارەوانی لیژنەی قەرەبووکردنەوەی دووکاندارەکان دەست بەکارەکانی بکات.