لە لۆرستان بەڕێوەبەرێکی هاتووچۆ بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە پارێزگای لۆرستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو کەس گیانیان لەدەستدا کە یەکێک لەوانە بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی سلسلە و دلفانە، شەش کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
جەمالەدین بابایی، سەرپەرشتی کۆمەڵەی مانگی سووری شاری سلسلەی لۆرستان رۆژی پێنجشەممە، 29-02-2024، رایگەیاند، "شەوی رابردوو رووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەتدا لەسەر رێگەی خوڕەمئاوا - دلفان روویدا و دوای ئەوەی ئاگادار کراینەوە، هەر زوو تیمەکانی فریاکەوتنمان بۆ شوێنی رووداوەکە نارد."
 
بەگوتەی بابایی، "لە رووداوەکەدا کەسێک گیانی لەدەستدا و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون، کە لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە."
 
رووداوەکەی دیکە لە کاتی چوونی عەبدولڕەحمان حەقیقی موقەدەم، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی سلسلە و دلفان بۆ شوێنی رووداوێکی دیکەی هاتووچۆ لەسەر رێگەی نێوان خوڕەمئاوا - نوور ئاوا، روویداوە.
 
محەمەد بوستان ئەفروز، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری سلسلە رایگەیاند، لەدوای رووداوی هاتووچۆی شەوی پێنجشەممە، عەبدولڕەحمان حەقیقی موقەدەم، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی سلسلە و دلفان بۆ لێکۆڵینەوە چووەتە شوێنی رووداوەکە. 
 
محەممەد بوستان دەڵێت: "لە کاتی لێکۆڵینەوەدا ئۆتۆمبێلێک خۆی بە عەمید حەقیقی موقەدەمدا دەکێشێت و بەو هۆیەوە گیان لەدەست دەدات." 
 
گوتیشی، لەو رووداوەدا میلاد حەیدەری، کارمەندی پۆلیسی رێگەوبانیش بریندار بووە، کە لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانە گوێزراوەتەوە.