هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک بۆ جاری دووەم بە سەرۆکایەتیی سوودانی کۆدەبێتەوە

29-02-2024
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرەتای هەفتەی داهاتوو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.
 
نەجوا حەمید کاکەیی، نوێنەری پارێزگای کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، جارێکی دیکە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی کورد، عەرەب و تورکمان کۆبێتەوە، بۆ تاوتوێکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە و پۆستی پارێزگاری کەرکووک". 
 
ئەو نوێنەرەی کەرکووک دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا هەرسێ لایەن، پرۆژەی خۆیان لەبارەی بەڕێوەبردنی کەرکووک و چارەسەرکردنی کێشەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە و پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەخەنەڕوو.
 
دوای زیاتر لە مانگێک لە پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکان، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەیتوانیوە حکومەتی خۆجێی پێکبهێنێت و پارێزگار هەڵبژێرێت.
 
رۆژی (چوارشەممە، 21-02-2024) نوێنەرانی هێزە سیاسییە براوەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەیان کرد. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پارتی دیموکراتی کوردستان، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی، محەممەد تمیم، وەزیری پلاندانان و سەرکردە لە هاوپەیمانیی تەقەدووم، حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی و ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق و رەیان کلدانی، سەرۆکی بزووتنەوەی بابلیwwن بەشداربوون.
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سوودانی، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە لەپێناو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتن:
 
- بەهۆی گرنگیی پارێزگای کەرکووک کە وەک عێراقێکی بچووک ناودەبرێت، بەشداربووان رێککەوتن بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کەرکووک لەبەرچاو بگیرێت، پێکەوەژیان بپارێزرێت، پەیوەندیی برایەتی و هاوکاری لەنێوان رۆڵەکانیدا بەهێزتر بکرێت، دەستوور ئەو چەترەیە کە هەمووان دەپارێزێت.
 
- رێککەوتن لەسەر ئەوەی پەیڕەوی هاوبەشی، سازان و پەراوێزنەخستن بنەمای کاری هاوبەشیان بێت لە پارێزگای کەرکووک.
 
- رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک لە هەموو هێزە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا و ببێتە چەتری سیاسی، سەرۆکوەزیران سەرۆکایەتیی دانیشتنەکانی هاوپەیمانێتییەکە بکات تاوەکو جێبەجێکردنی شایستە دەستوورییەکان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی و رێککەوتن لەسەر بەرنامە و میکانیزمەکەی و پەیڕەوی ناوخۆییەکانی هاوپەیمانێتییەکە.
 
- ئامادەکردنی (بەرنامەی بەڕێوەبردنی خۆجێی لە کەرکووک) کە لەلایەن هاوپەیمانیێتییەکەوە پەسندکراوبێت، هێزەکانی هاوپەیمانیێتییەکە پابەند بن پێیەوە، ئیدارەی نوێی پارێزگاکە جێبەجێی بکات، بەپێی میکانیزم و کاتی روون و کرداری.
 
- هێزە سیاسییەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە لە ماوەی حەوت رۆژدا بەڵگەنامەی کارکردن پێشکێش بکەن، کە تێڕوانینی خۆیانی تێدابێت بۆ ئامادەکردنی بەرنامەیەکی تەواو بۆ پارێزگاکە و میکانیزمی گونجاو بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی.
 
لە یەکەم کاردانەوەدا، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان و یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، 22ـی شوباتی 2024، لە هەژمارەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، پێکهێنانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی کەرکووک لە هەموو پارتە براوەکانی هەڵبژاردن لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە بە چاودێریی سەرۆکوەزیرانی عێراق و پشتیوانیی تەواوی هێزە سیاسییەکان، لە سەرووی هەموویانەوە سەروەری، هەنگاوێکە بە ئاراستەیەکی دروست و دەرفەتێکی سازانە لەبارەی ئیدارەی شارەکە. 
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 کورسی لەگەڵ کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە، بۆ دانانی پارێزگار و دروستکردنی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک، لە 16 کورسی نیوە +1ـی پێویستە، واتا 9 کورسی؛ تائێستا هیچ لایەنێک نەیتوانیوە ئەو ژمارەیە کۆبکاتەوە.   

 

لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک یەکێتی 5 کورسی و پارتی 2 کورسی و کورسییەکەی کریستان نزیکە لە یەکێتی 8 کورسیان هەیە، لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان 8 کورسین، لایەنە عەرەبییەکان 6 کورسیان هەیە، کە هاوپەیمانیی عەرەبی 3 کورسی، هاوپەیمانیی عرووبە کورسییەک و هاوپەیمانیی قیادە 2 کورسی، هەروەها تورکمان 2 کورسیی هەیە.

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە