سەرۆکی ئەرمینیا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەرمینیا گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
ڤاهگن خاچاتوریان دوای سەردانی بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 29-02-2024) لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرا.
بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو لەبەردەم کۆشکی سەرۆکایەتییەوە لە هەولێر گوتی، ئەمڕۆ شاندەکەی ئەرمینیا بەسەرۆکایەتیی سەرۆکی ئەو وڵاتە زۆر کۆبوونەوەیان دەبێت لەبارەی لایەنی سیاسی، ئابووری، پەروەردەیی و هاوکاریی ئەرمینیا بۆ کوردانی ئێزدی.
پەیامنێری رووداو هەروەها گوتی "سەرۆکی ئەرمینیا یەکەمین کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەبێت، دواتر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە."
پەیوەندییەکانی ئەرمینیا و هەرێمی کوردستان
ئەرمینیا کۆنسوڵخانەی لە هەولێر هەیە و لەڕێگەی ئەو دامەزراوە دیپلۆماسییەوە جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
ژمارەیەک ئەرمەنی لە هەرێمی کوردستان دەژین، هەروەها کوردیش لە ئەرمینیا هەن.
قەبارەی بازرگانی لەنێوان هەردوولا بەگوتەی کۆنسوڵی ئەرمینیا لە ساڵێکدا دەگاتە زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلار.
ئەرمینیا، هەرێمی کوردستان بە هاوبەشێک دادەنێ بۆ ناردنی کاڵاکانی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بازاڕەکان، ماوەی دوو ساڵیشە یەریڤان و هەولێر خەریکی پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییە ئابوورییەن.
لە ئاستی خوێندنیشدا هەردوولا پەیوەندییان هەیە، بەپێی ئاماری فەرمی؛ تاوەکو کۆتایی 2023 نزیکەی 400 خوێندکاری کورد لە زانکۆ تایبەتەکانی ئەرمینیا خوێندوویانە، هاوکات ئەو پەرەپێدانە لە رێگەی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای هەردوولاوە بووە و راستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دەرەوەدایە.
لە هاوکاریکردنی ئاوارەکانیشدا ئەرمینیا رۆڵی هەبووە. ئەرمینیا لە ساڵی 2022ـوەوە هاوکاریی ئاوارەی کوردانی ئێزدی دەکات، هەمان ساڵ لێکتێگەیشتن لەوبارەوە واژۆ کرا، تەنانەت بەشێکی هاوکارییەکان بۆ پەنابەرانی سووریاش لەڕێگەی ئەرمینیاوە بوون.