سەرۆکی ئەرمینیا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆدەبێتەوە

29-02-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سەرۆکی ئەرمینیا کرد
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سەرۆکی ئەرمینیا کرد
نیشانەکردن کەرکووک سەرۆکی ئەرمینیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەرمینیا گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. 
 
ڤاهگن خاچاتوریان دوای سەردانی بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 29-02-2024) لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرا.
 
بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو لەبەردەم کۆشکی سەرۆکایەتییەوە لە هەولێر گوتی، ئەمڕۆ شاندەکەی ئەرمینیا بەسەرۆکایەتیی سەرۆکی ئەو وڵاتە زۆر کۆبوونەوەیان دەبێت لەبارەی لایەنی سیاسی، ئابووری، پەروەردەیی و هاوکاریی ئەرمینیا بۆ کوردانی ئێزدی. 
 
پەیامنێری رووداو هەروەها گوتی "سەرۆکی ئەرمینیا یەکەمین کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەبێت، دواتر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە."
 

 

 

پەیوەندییەکانی ئەرمینیا و هەرێمی کوردستان

 
ئەرمینیا کۆنسوڵخانەی لە هەولێر هەیە و لەڕێگەی ئەو دامەزراوە دیپلۆماسییەوە جەخت لە  پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
 
ژمارەیەک ئەرمەنی لە هەرێمی کوردستان دەژین، هەروەها کوردیش لە ئەرمینیا هەن.
 
قەبارەی بازرگانی لەنێوان هەردوولا بەگوتەی کۆنسوڵی ئەرمینیا لە ساڵێکدا دەگاتە زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلار.
 
ئەرمینیا، هەرێمی کوردستان بە هاوبەشێک دادەنێ بۆ ناردنی کاڵاکانی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بازاڕەکان، ماوەی دوو ساڵیشە یەریڤان و هەولێر خەریکی پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییە ئابوورییەن.
 
لە ئاستی خوێندنیشدا هەردوولا پەیوەندییان هەیە، بەپێی ئاماری فەرمی؛ تاوەکو کۆتایی 2023 نزیکەی 400 خوێندکاری کورد لە زانکۆ تایبەتەکانی ئەرمینیا خوێندوویانە، هاوکات ئەو پەرەپێدانە لە رێگەی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای هەردوولاوە بووە و راستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دەرەوەدایە.
 
لە هاوکاریکردنی ئاوارەکانیشدا ئەرمینیا رۆڵی هەبووە. ئەرمینیا لە ساڵی 2022ـوەوە هاوکاریی ئاوارەی کوردانی ئێزدی دەکات، هەمان ساڵ لێکتێگەیشتن لەوبارەوە واژۆ کرا، تەنانەت بەشێکی هاوکارییەکان بۆ پەنابەرانی سووریاش لەڕێگەی ئەرمینیاوە بوون.
 
 
کورد لە ئەرمینیا 
 
هەرچەندە باس لە ژمارەی جیاواز دەکرێت، بەڵام سەرژمێریی ساڵی 2011 پێشانی دەدات ژمارەی کوردان لە ئەرمینیا 37  هەزار و 470 کەس بووە، ئینیستیتوتی کورد لە جنێڤ ژمارەیەکی زۆر گەورەتر باس دەکات و دەڵێ "کوردی ئەرمینیا ژمارەیان نزیکەی 700 هەزار کەس دەبێت."
 
کورد لە سەدەی 18ـەوە لەڕێگەی چیای ئارارات بەرەو ئەرمینیا رۆیشتوون و لەوێ ماونەتەوە، تێکەڵی دامودەزگاکان بوون و یەک کورسی کۆتا بۆ کورد لە پەرلەمانی ئەرمینیادا هەیە، هەروەها کورسییەکی دیکەی کۆتاش بۆ ئێزدییان هەیە. 
 

 

 

پرۆفایلی سەرۆکی ئەرمینیا
 
- ڤاهاگن خاچاتوریان لە 22-4-1959 لە یەریڤانی پایتەختی وڵاتەکەی لەدایکبووە.
- پێنجەمین سەرۆکی ئەرمینیایە.
- لە ساڵی 1980 لە زانکۆی یەریڤان بەکالۆریۆسی لە بواری ئابووریدا بەدەستهێناوە.
- لە ساڵی 1992 وەکو پارێزگاری شاری یەریڤان هەڵبژێردراوە و تاوەکو ساڵی 1996 لەو پۆستەی بەردەوام بووە.
- لە ساڵی 1995 تاوەکو ساڵی 1999 ئەندامی پەرلەمانی وڵاتەکەی بووە. 
- لە 4ـی ئابی هەمان ساڵ بووەتە وەزیری تەکنەلۆژیای ئەرمینیا، تاوەکو ئاداری 2022 لە پۆستەکەی بەردەوام بووە.
- لە 13ـی ئاداری 2022 بە سەرۆکی ئەو وڵاتە هەڵبژێردراوە.
- ڤاهاگن ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە.
- جگە لە زمانی ئەرمەنی، ئینگلیزی و رووسیش دەزانێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.