كچانی شنگال لە رەققەوە بۆ ئەفغانستان و چیچان دەگوازرێنەوە

رووداو - هەولێر

بەرپرسێكی كوردی ئێزدی رایگەیاند، ژمارەیەك لەو ئافرەتە ئێزدیانەی پێشتر لەلایەن داعشەوە بەتاڵان براون، ئەمیرەكانی داعش لە رەققە و دێرەزوورەوە لەگەڵ خۆیان بردوویانن بۆ چیچان، پاكستان و ئەفغانستان. دەشڵێت "ژمارەیەكی زۆر كەم ئافرەتی ئێزدی لە مووسڵ و تەلعەفەر ماون و زۆربەیان گواستراونەتەوە بۆ رەققە و دێرەزوور".

بەپێی ئاماری نووسینگەی بەدواداچوونی رفێنراوانی شنگال، لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە 3/8/2014ـدا، 6255 كوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە رفێنراون، لەو ژمارەیەش تاوەكو ئێستا 3878ـیان هەر لە دەستی داعشدا ماون، كە 1800یان ئافرەتن و ئەوانی دیكەش منداڵ و بەساڵاچوون. هەندێك لە رفێنراوەكان هیچ لەبارەیانەوە ئاشكرا نەكراوە و نازاندرێت كوژراون یان لەژیاندا ماون.

كەسوكاری ئەو ئافرەتە رفێنراوانە دەڵێن، رێگا هەیە بۆ رزگاركردنی رفێنراوەكان، بەڵام پێویستی بە پارە هەیە و ئەوانیش توانای دابینكردنی ئەو پارەیەیان نییە بۆ رزگاركردنی رفێنراوەكان، كە داعش بۆ هەندێكیان داوای زیاتر لە 10 هەزار دۆلار دەكات.

بەپێی زانیارییەكانی ئەو نووسینگەیە، زۆربەی ئافرەتە رفێنراوەكان لە شارەكانی رەققە و دێرەزوورن و ژمارەیەكی زۆر كەمیان لە موسڵ و تەلعەفەر ماون. تەنانەت هەندێك لەوانە سنووری عێراق و سووریایان بڕیوە و بەپێی زانیاری بەرپرسانی كوردی ئێزدی براون بۆ وڵاتانی وەك چیچان، ئەفغانستان و پاكستان. 

(ی، م) 26 ساڵ، ئافرەتێكی ئێزدییە و لەكاتی داگیركردنی شنگال لەلایەن داعشەوە، لەگەڵ مێردەكەی و كوڕە دوو ساڵانەكەی دەكەونە دەست چەكدارانی داعش. ئەو ئافرەتە ماوەی شەش مانگ لە ژێر دەستی داعشدا لە موسڵ مایەوە. ئێستاش چاوەڕێی رزگاركردنی مێردەكەی دەكات.

ئەو ژنە بەسەرهاتی خۆی گێڕایەوە لەو كاتەی لە بندەستی داعشدا بووە و دەڵێت "سەرەتا منیان بردە بارەگایەكی داعش كە چەكدارەكانی هەڕەشەیان لێكردم ئەگەر گوێڕایەڵ نەبم، منداڵەكەم بێسەروشوێن دەكەن".

(ی) باسی كڕین و فرۆشتنی بەو ئافرەتانە كرد كە داعش بردبوونی و گوتی "سەرەتا كچەكان بە 50 تاوەكو 200 هەزار دینار لە نێوان چەكدارەكان كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرا. هەر كچێك بۆ ماوەیەك لەلای چەكدارەكان دەمایەوە". 

(ی) باسی سزای ئەو كچانەش دەكات كە بە قسەی چەكدارەكانیان نەدەكرد و دەڵێت "من بە چاوی خۆم بینیم كچ هەبوو بە قسەی نەدەكردن، ئەوانیش سەریان دەگرت و دەیانخستە نێو نەوت یان گازوایل".

ئەو ژنە و تاكە منداڵەكەی ئێستا لەگەڵ بەشێك لە كەسوكاری دەژی و تیمی بەدواداچوون بۆ رفێنراوەكان پێیانگوتووە سەبارەت بەشێوازی رزگاربوونیان، هیچ زانیارییەك نەدەن، بۆ ئەوەی گرفت بۆ رزگاركردنی رفێنراوەكانی دیكە دروست نەبێت. 

بەشێك لە رفێنراوەكان بە پارەیەك رزگاركراون، كە لە توانای ئەواندا نەبووە، بۆ ئەوەش ناچار بوون داوای هاوكاری لەكەسانی دیكە بكەن.

(س.خ) دایكی سێ‌ منداڵە، ماوەی ساڵێك و دوو مانگ بە دیلی لەدەستی داعشدا لە رەققە هێڵدرایەوە، پاشان خۆی و منداڵەكانی بەرامبەر بە 24 هەزار دۆلار ئازادكران. 

ئەو ژنە ئێستا بە مێردەكەی شادبووەتەوە و لە گوندێكی دەوروبەری شنگال دەژین. (س) گوتی "هێشتا هەشت كەسی بنەماڵەكەم لەلای داعش ماون. ئەوان دەڵێن ئەگەر پارە بدەن، ئەوانەش رزگار دەكەین، بەڵام ئێمە ئەو پارەیەمان نییە، مێردەكەم دوای هەوڵ و كاركردنێكی زۆر لە بەغدا توانی ئەو بڕە پارەیە كۆبكاتەوە و ئێمەی پێ رزگار بكات".

زۆر لەو كوردە ئێزدیانەی رۆڵەكانیان لەلای داعشە، دەڵێن پارەیان نییە رزگاریان بكەن.

خودێدا مستۆ، پیاوێكی تەمەن 75 ساڵانە، لەو رۆژەی شنگال لەلایەن داعشەوە داگیركرا، چاوەڕێی گەڕانەوەی سێ‌ كچەكەی و كوڕەكەی و ژنەكەی دەكات.

خودێدا پێشمەرگەیە لە شنگال، بەڵام بۆئەوەی یادگارییە تاڵەكانی لەگەڵ خێزانەكەی بەبیر نەیەتەوە، زۆر بە دەگمەن دەچێتەوە نێو خانووەكەی و زۆربەی كات لە سەنگەرەكانی شەڕ دەمێنێتەوە.

خودێدا گوتی "نازانم چۆن و بە چی منداڵەكانم رزگار بكەم، داعش بۆ ئازادكردنی كچە گەورەكەم داوای 15 هەزار دۆلار دەكات، بەڵام من ئەو پارەیەم نییە". بەڵام ئەو بێهیوا نییە و دەڵێت "ئێستا كچە گەورەكەم لە رەققەیە، دوو كچەكی دیكەم لە مووسڵن، كوڕەكەم و ژنەكەشم لە تەلعەفەرن، بەڵام شەش مانگە هیچ هەواڵێكیان نییە، جارێك كچە گەورەكەم تەلەفۆنی بۆ كردم، بەڵام ئێستا ئەویش دەنگی نییە".

خودێدا موسڵمانێكی دانیشتووی شنگالی دۆزیوەتەوە كە پەیوەندی لەگەڵ چەكدارانی داعش هەیە، ئەو بەڵێنی پێداوە كچە گەورەكەی بۆ رزگار بكات، بەڵام دەڵێت پێویستی بە 15 هەزار دۆلارە، ئەویش تەنیا 5 هەزار دۆلاری هەبووە و پێیداوە، دەبێ‌ 10 هەزار دۆلاری دیكەش كۆبكاتەوە بۆ ئەوەی تەنیا كچە گەورەكەی پێ رزگار بكات.

چیرۆكی سەرجەم ئەو رفێنراوانەی رزگاركراون، لەلایەن بەرپرسی نووسینگەی بەدواداچوونی رفێنراوان لە دهۆك تۆمار كراوە. حوسێن كۆرۆ دەڵێت: "چیرۆكی هیچیان لەوەی دیكە باشتر نییە، هەموویان تراژیدین".

حوسێن دەڵێت لەو رۆژەوەی دەستبەكاربوون، بۆ رزگاركردنی ئافرەتانی كوردی ئێزدی لە دەست داعش هاواریان بۆ حكومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بردووە كۆمەكیان بكەن، چونكە رزگاركردنی ئەوانە پێویستی بە پارەیەكی زۆرە، بەڵام هیچ بەدەنگەوەهاتنێكیان نەبووە.

كۆرۆ و ستافەكەی توانیویانە تۆڕی پەیوەندی دروست بكەن لە نێو مووسڵ بۆ ئەوەی هاوكارییان بكەن لە رزگاركردنی ئافرەتە رفێنراوەكاندا. ئەو گوتی "ئەوانەی گەڕاونەتەوە هەندێكیان بە هەوڵی ئێمە بووە، هەندێكیشیان خۆیان لە دەستی داعش رزگار كردووە".

بێ‌ ئاكامبوونی هەوڵەكان بۆ رزگاركردنی هەندێك لەو ئافرەتانە لە رێگەی نووسینگەی بەدواداچوونی رفێنراوان، وای لە كەسوكاریان كردووە كە خۆیان هەوڵی رزگاركردنیان بدەن، بەڵام هەندێك لەو هەوڵانە نەك ئەنجامیان نەبووە، بەڵكو بووەتە هۆی بە فیڕۆدانی پارەیەكی زۆر.

خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقاف بە (رووداو)ی راگەیاند "هەندێك كەس بەناوی رزگاركردنی رفێنراوانەوە پارەیان لە كەسوكاریان وەرگرتووە، بەڵام دواتر خۆیان ون كردووە". بۆزانی گوتیشی "ئێمە ئەو كەسانە دەناسین و بەنیازین سكاڵایان لەسەر تۆمار بكەین".

خەیری بۆزانی زانیاری زیاتری لەبارەی ئەو كەسانە ئاشكرا كرد و گوتی "ئەوانە گرووپێكن لە وڵاتانی ئەوروپا كە هەندێكیان زیاتر لە ملیۆن و نیوێك دۆلاریان وەرگرتووە لە كەسوكاری رفێنراوەكان بەناوی ئەوەی رزگاریان دەكەن".

بۆزانی ئاماژەی بە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ رزگاركردنی ئافرەتە رفێنراوەكان و گوتی "بەپێی زانیاریی ئێمە حكومەتی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلاری بۆ رزگاركردنی ئافرەتە رفێنراوەكان خەرج كردووە".

لە شنگالەوە بۆ ئەفغانستان و پاكستان

ئێستا تەنیا ناوهێنانی رەققە و دێرەزوور و مووسڵ و تەلعەفەر لەلای كەسوكاری ئافرەتە رفێنراوەكان بە ئازار نییە، پاكستان و ئەفغانستان و لیبیا و چیچانیشی هاتووەتە سەر.

 مەحما خەلیل كە دوای رزگاركردنی شنگال كراوەتە قایمقامی شارۆچكەكە، بە (رووداو)ی گوت "بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تەلەفۆن لە ئافرەتە یەخسیرەكانەوە بەدەستمان گەیشتووە و هەروەها لە رێگەی ئەوانەی رزگاركراون، 20-30 لە ئافرەتە رفێنراوەكان لە مووسڵ و رەققە نەماون و بردراون بۆ ئەفغانستان و پاكستان و چیچان و لیبیا".

سەبارەت بە چۆنیەتی گەیاندنی ئەو كچانە بەو وڵاتانە، مەحما خەلیل گوتی "ئێمە زانیاری سەد دەر سەدمان نییە چۆن گەیەنراون، بەڵام ئەوەندە دەزانین چەكدارانی داعش، ئەوانەی لەو وڵاتانەوە هاتوون، كاتێك گەڕاونەتەوە وڵاتەكانیان، بە تایبەتی ئەمیر و بەرپرسەكانیان، ئەو كچە ئێزدیانەیان لەگەڵ خۆیان بردوون". 

گوتیشی "گومان دەكەین بە ڕێی قاچاخدا گەیەنرابنە ئەو وڵاتانە".

بە گوتەی مەحما خەلیل، زۆربەی ئافرەتە رفێنراوەكان سەرەتا بردراون بۆ مووسڵ و تەلعەفەر، بەڵام ئێستا ژمارەیەكی كەمیان لەو دوو شوێنە ماون و زۆربەیان گواستراونەتەوە بۆ ناو سووریا.