لە کۆنگرەی 1986ی تاران، بۆچی ئیدریس بارزانی لە ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی تووڕەبوو؟

29-01-2025
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانیدا؛ سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد و لە بەشێکیدا گوتی، "کاک ئیدریس زۆری کرد و کەمی دیت لە سەرکەوتندا."
 
ئەمڕۆ 38 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سەرکردەی کورد ئیدریس مەلا مستەفا بارزانیدا تێپەڕی. فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا کە بۆ یادکردنەوەی ئەو سەرکردەیە رێکخرابوو، باسی چەند وێستگەیەکی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کەسیی ئیدریس بارزانیی کرد.
 
فازڵ میرانی گوتی، "باسکردنی پیاوێکی گەورەی وەکو کاک ئیدریس، کارێکی ئاسان نییە لە گوتارێک یان کۆڕێکدا دەرەقەتی بێیت، رەنگە هەمووشمان شایانی ئەوە نەبین یان ئەوەندە لێهاتووییمان نەبێت کە باسی هەموو لاپەڕەکانی ژیانی بکەین."
 
لە پێشەکیی قسەکانیدا فازڵ میرانی گوتی، "ئێمە لێیەوە نزیکبووین (لە ئیدریس بارزانی)، وەکو من کە لە 1968ـەوە ناسیم و لەگەڵی بووم تاوەکو کۆچی دوایی کردووە، لە رۆژە سەختەکان و لەو رۆژانەشی کە دەکرێت بڵێین خۆشی بوون، ئەو رۆژانە بە نیسبەت تێکۆشەران خۆشییە کە هەست بە سەرکەوتن بکەن و هەست بە پێشکەوتنی دۆخی میلـلەتەکەیان بکەن بۆ پاراستنی وڵاتەکەیان."
 
گوتیشی، "ئەوانەی ناویان لەخۆیان ناوە پێشمەرگە، مەرگیان لە پێش خۆیان داناوە، لەپێناوی ئەو ئامانجە پیرۆزانەی کە سەرکردەی باڵای ئێمە ئیدریس بارزانی لەپێش ئەو سەرۆک بارزانی و لە پێشتریش خەڵکی تریش لە شۆڕشەکانی کورد، چ لە کوردستانی عێراق یان پارچەکانی دیکەی کوردستان."
 
"تاوەکو ئەم میلـلەتە بێبەشبێت لە مافە مرۆییەکانی خۆی، ئەم شۆڕشە بەردەوامە. ئەگەر مرۆڤانە بیربکرێتەوە مافی دەوڵەت لە چوارچێوەی مافی مرۆڤدایە. ئێمەی کوردستانی بە گشتی لەو گەلانەین کە لەو وڵاتە ئینسانییانەدا بە نائینسان لە قەڵەم دەدرێین، ئەمە دەبێت هەموومان لەسەری رابووەستین و هەموومان لەو بارەوە هەست بە نەقس (کەموکوڕی) دەکەین،" ئەمانە بەشێکی دیکە بوون لە قسەکانی میرانی.
 
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمە رێبازێک بوو کە گەورەکانی ئێمە دایانناوە و دەبێت فەلسەفەی ژیان، خەبات و چالاکییەکانی ئێمە بێت، هەریەک هێندەی توانای خۆی."
 
'ئیدریس بارزانی زۆری کرد و کەمی دیت لە سەرکەوتندا"
 
فازڵ میرانی لەبارەی ئیدریس بارزانییەوە زیاتر دوا و گوتی، "من حەز دەکەم بە دیقەت بن لە باسکردنی مێژووی سەرکردەکانی خۆمان، یەک: بۆئەوەی غەدریان لێ نەکرێت؛ دوو: بۆئەوەی حەقیان بدەینێ. من بە تەعبیرێکی کوردانەی ئاسان دەڵێم، کاک ئیدریس ژیا و کۆچی کرد، بەڵام بە مەزڵوومییەت، شۆڕشگێڕانی ئێران بە خەڵکی قارەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێن: بەهەشتیی شەهیدی مەزڵووم بوو، زۆری کرد و لە سەرکەوتن کەم مایەوە. بە دیدی بەندە، شەهید ئیدریس بارزانی هەمان شەهیدی مەزڵووم بووە، زۆری کرد و کەمی دیت لە سەرکەوتندا."
 
فازڵ میرانی کە لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی رابردوو، هاوسەنگەری ئیدریس بارزانی بووە، خۆزگە دەخوازێت و دەڵێت، "خۆزگەم دەخواست بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی جوانەمەرگ و شەهیدەکانی ئێمە شەریکی ئێمە بووبان؛ ئەمڕۆ لەم سەرکەوتنەی کە لانیکەم میلـلەتی ئێمە لە حاڵەتێکی نیسبیی ئیستیقرار و ئاشتی و ئاوەدانیدایە. بە موتڵەق ناڵێم، چونکە موتڵەقی ئێمە لەمە زیاترە کە ئێستا تێیداین، بەڵام ئەمڕۆ لێرەین و دەبێت هەوڵ بۆ سبەینێیەکی باشتر بدەین."
 
'ئیدریس بارزانی و مام جەلال یەکەم رێککەوتنی ئاشتەوایی نێوان پارتی و یەکێتییان واژۆ کرد'
 
میرانی گوتیشی، ئیدریس بارزانی "پیاوێکی سادە بوو، دەتوانم بڵێم بە حوکمی نزیکیم لێی، سەرەڕای ئەوەی گوتراوە یان دەگوترێت؛ ئینسانێکی زاهید بووە. زاهید بووە لە سیاسەت و زاهید بووە لە دونیا، شەوان خەوی لێنەکەوتووە و عیبادەتی کردووە، هەر وەکو شەوان و رۆژانی کردووەتە یەک لەپێناوی پێشمەرگە، ئاوارە و چارەنووسی ئەم حیزبە و ئەم میلـلەتە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، "لە سەرەتای هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان و تەعامول لەگەڵ نسکۆی 1975 و کاروباری ئاوارەکان و تەمویلی قیادە موەقەتەی خۆمان؛ شەوان و شەوان کاک ئیدریس شەونخوونی کردووە بۆ ئەوەی یەکێک بنێرێت بۆ کوردستان و رێگایەک بۆ قیادە موەقەتە بدۆزێتەوە، لەگەل ئێرانییەکان سەروکاری پەنەهەندە چارەسەر بکات، ئینجا کاروباری حیزب و پەیوەندی لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان و تا جەبهەی ئاشتبوونەوەی گشتی، بەتایبەتی لەگەڵ پارتی و یەکێتی کە ئەندازیار و جێبەجیکردنەکەی کاک ئیدریسی جوانەمەرگ بووە، کە لە خزمەتی بووم ساڵی 1986 لە تاران لەگەڵ رەحمەتی مام جەلال یەکەمین یاداشتی لێکتێگەیشتنی لە نێوان یەکێتی و پارتی پاش ئەو شەڕە نەگریسەی نێوان هەردوو حیزب ئیمزا کرد."
 
'ئەگەر ئیدریس مابا دووبەرانبەر دەبووین'
 
فازڵ میرانی دەڵێت، "بە کوردی و بە کورتی، جارێکی دیکەش لەبیرمە لە ساڵی 1998 لە شەقڵاوە لە مەکتەبی رێکخستنی پێشمەرگە کۆڕێکم بەست و گوتم: ئەگەر ئیدریس مابا ئێمە ئەمڕۆ دوو بەرانبەر دەبووین. ئێستاش وا دەڵێم، دوو بەرانبەر بوون مەسەلەیەکی مەعنەوییە، بەڵام من ئەڵێم لە رووی پەیوەندییە نێخۆییەکانی کوردستاندا هەمیشە کاک ئیدریس کۆکەرەوە بوو، تەنانەت ئێمە لە شۆڕش بووین بەڵام ئەگەر ئێمە ئیشمان بە نێوخۆ هەبا ئەو دەفتەرێکی گچکەی هەبوو؛ خەڵکی هەبوو نامەی بۆ ئێمەی دەگەیاندە ناو عێراق و جوابەکانیش لەرێگای ئەوەوە دەهاتنەوە."
 
"بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، کاک ئیدریس سنگی فراوان بوو، بیری گەورە بوو، ئەوانەی کە چەکداری حکومەت بوون ئێمە بە جۆرێک تەماشامان دەکردن و بانگمان دەکردن، بەڵام کاک ئیدریس لەژێرەوە پەیوەندیەکی هەبوو بە جۆرێکی تر بۆ بەرژەوەندییەکی تر، رۆژگار دەیسەلماند ئەو راستترە لە ئێمە،" میرانی وای گوت.
 
'کاک نێچیرڤان دەتوانێت بەردەوامی بە رێبازەکەی بدات'
 
فازڵ میرانی بەردەوام بوو لە قسەکانی و گوتی، "زیرەکیی رەحمەتی ئیدریس بێجگە لە پەروەردەی منداڵەکانی کە پەروەردەیەکی باشی کردووە، بەرهەمەکەی دیارە کە کوڕەکانی بۆ نموونە؛ کاک نێچیرڤان ئەمڕۆ دەتوانێ بەردەوامی بەو رێبازە بدات وەکو کوڕ و باب."
 
 
گوتیشی، "هەموومان کوڕی ئەم حیزبەین و کوڕی مەلا مستەفاین، کوڕی مەلا مستەفا بە جنسیە و خوێن کوڕی ئەون، بەڵام ئێمە بە خۆبەخشانە کوڕی ئەوین و تەمەنێکە لەگەڵیداین، منەت ناکەیەن بەسەریاندا، ئەمە ئەو پەروەردەیە کە لە مەدرەسەکەی ئەودا فێربووینە کە وابین."
 
'ئامۆژگاریی ئیدریس بارزانی بۆ ئەندامانی سەرکردایەتی'
 
لەبارەی رێبازی بارزانییەوە فازڵ میرانی دەڵێت، "فێرین هەڤاڵ جێنەهێڵین و بەو جۆرەش دەمێنینەوە، ئەو (ئیدریس بارزانی) لە پەروەردەدا رۆڵێکی باڵای هەبوو لەناو خانەوەدەی بەڕێزی بارزانی دا، کە بووین بە ئەندامی سەرکردایەتی لە ساڵی 1979 لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئێمە دانیشت و گوتی: ئێوە بوونە مەسئول، من ئەم نەسیحەتانە لای ئێوە دەکەم، یەک: تاوەکو پێتان بکرێ خەڵک ببینن، خەڵکێک دێت سەردانی ئێوە دەکات، لە دیتنی خەڵک قەلس نەبن؛ وەکو بۆکانی دەڵێن. ئێوە قازانج دەکەن؛ ئەوان ئێوە دەناسن بە حوکمی ئەوەی ئەندامی سەرکردایەتین؛ بەس ئێوە ئەوان ناناسن. ئەگەر ئیشەکانیان بۆ جێبەجێ نەکەن دۆستێک لەدەست دەدەن، ناچاریەک پەیدا دەکەن. ئەویتر گوتی: هەر ئینسانێک دوو لاپەڕەی ژیانی هەیە، لاپەڕی چاکەکان و لاپەڕەی خراپەکان. ئەگەر مەسئولیەتت دا بە یەکێک تەنیا لەسەر لاپەڕەی چاکەکانی نەیدەنێ، بۆ ئەوەی باری قورس نەکەن و لە ژێری نەکەوێ. بەڵام ئەگەر محاسەبەی یەکێکیشتان کرد تەنیا لەسەر لاپەڕەی هەڵەکانی مەیکەن بۆ ئەوەی سزاکەتان قورس نەبێت."
 
'ئیدریس بارزانی کرایە گوتەبێژی فەرمیی شاندی کورد'
 
بە ئاماژەدان بە کۆنگرەی ساڵی 1986ی تاران، فازڵ میرانی دەڵێت، "لە کۆنگرەی نەسرەتی شەعبی عێراقی لە مانگی 12ی ساڵی 1986 لە تاران، دیسان لە خزمەتی دابوومەوە. رەحمەتی جەنابی کاک عەلی عەبدوڵڵا سکرتێری حیزب بوو، ئەحزابی کوردستانی لەوێ بوون، ئەحزابی عێراقی لەوێ بوون (ئۆپۆزیسیۆن)، لەوێ مەسەلە هاتەوە سەر مافی چارەسەری کێشەی کورد، لە راگەیێندراوی کۆتایی ئێمە گرووپی کوردی (هەموو حیزبەکان) کاک ئیدریسی رەحمەتییان کردە گوتەبێژی فەرمی بە ناوی شاندی کوردی."
 
گوتیشی، "بۆ مێژوو دەیڵێم، هەموویان گوتیان: کاک ئیدریس جەنابت هەرچی بڵێی ئێمە لەمەر پرسی کوردی پەیڕەوەی دەکەین و تۆ برا گەورەی هەموومان بیت."
 
بۆچی مام جەلال ئامادە نەبوو پێش ئیدریس بارزانی بکەوێت؟
 
فازڵ میرانی دەڵێت، "هەر بەو موناسەبە کە چووینە هۆتێل ئیستیقلال بۆ دانوستاندن، یەکەمجار بوو مام جەلال لەوێ ببینم، بەڕەحمەت بێت، کە چووینە هۆڵەکە کاک ئیدریس دەستی مام جەلالی گرت و خستیە پێش خۆی. ئەویش گوتی: نا قوربان! من هەر دەروێشەکەی جارانم، من ناتوانم پێش تۆ بکەوم، تۆ کوڕی مەلا مستەفای."
 
بۆچی ئیدریس بارزانی لە ئۆپۆزیسیۆنی ئەوکاتی عێراقی تووڕە دەبێت؟
 
میرانی دەڵێت، "ئێمە گوتمان: چارەسەری پرسی کورد لەسەر بنەمای رێککەوتنەوەی 11ی ئازار، یانی دیموکراتیەت بۆ عێراق و حوکمی زاتی بۆ کوردستان، بەڵام ئەحزابی ئیسلامیی شیعەی عێراق رەفزیان کرد و گوتیان: ئێمە دەیکەینە دەنگدان، لەو کۆمەڵە حیزبانەی لەوێ بوون عێراقییەکان بە شیعە و کوردەوە. کاک ئیدریس تەماشای باقر حەکیمی کرد و گوتی: "ئێوە قەزیەی کوردی دەکەنە تەسویت؟" دەستی بۆ یەکێک برد و گوتی، "ئەمە بە ناوی حیزبێکەوە هاتووە، ئەمە رایکردووە لە حاجی ئۆمەران من ناردوومە بۆ ئوسترالیا، ئێستا هاتووە تەسویت لەسەر قەزیەی کوردی بکاتەوە بۆ من؟ عەیبە بۆ ئێوە."  زۆریش بە تووندی وەڵامی دانەوە و گوتیشی: "بزانە سەید!" پەنجەی راوەشاند و بە عەرەبی گوتی، "اذا لم يقر حق الكرد في اتفاقية اذار، سنكون في حل من التزاماتنا امام هذا المؤتمر من الف الى ي" (ئەگەر لە رێککەوتننامەی ئازاردا دان بە مافی کورد دا نەنرێت، ئێمە خۆمان بە پابەند نازانین بە هیچ خاڵێکی ئەم کۆنگرەیەوە). گوتیشی: "ئێمەی کورد بە بەیاننامەیەک لە کۆنگرەکە دەردەچین." 
 
بە گوتەی، فازڵ میرانی، "لەو کاتەدا من [فازڵ میرانی] دەستێکم لە کاک ئیدریس دا و گوتم: بڕەک لەسەرخۆ. گوتی: ئەمانە ئەم زمانە دەزانن، بە زمانی خۆیان قسەیان لەگەڵ دەکەم."
 
لە کۆنگرەکەدا، محەممەد مەهدی شەمسەدین، سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجوومەنی باڵای شیعەی لوبنانیش ئامادەبوو، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، "رووی لە برا شیعەکانی عێراق کرد و گوتی: ئەم دوو سێ رۆژە لە کۆنگرە شتی سەیر دەبینم. گوتیان: چییە؟ گوتی: ئێوە بە گەلی کورد دەڵێن برا کوردەکانمان، باشە ئێوە بە حوکمی عروبەتی خۆتان ناڵێن ئەلئومە کوردیە، لانیکەم بڵێن گەلی کورد. گوتی: لام سەیرە ئێوە لە تارانن،  سەدام لەوێ دەڵێ: گەلی کورد و حوکمی زاتی بۆ کوردستانی عێراق، ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی هەیە و ئەنجوومەنی یاسادانانی هەیە و ئیداراتی هەیە، باشە ئێوە ناتوانن وەکو سەدامیش بن؟ من ئەوە بە شایستە نازانم و راست نییە، جێی مافی گەلی کورد بکەنەوە لە حوکمی زاتی و ئەگەر زیاتری نەدەنێ نابێ ئێمەی شیعە کەمتریان پێبدەین."
 
'خەڵکی خۆمانی رازیکرد و بە جورئەتەوە لەگەڵ مام جەلال رێککەوت'
 
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتیشی، "رێککەوتنی ئێمە لەگەڵ یەکێتی لە ساڵی 1986 کارێکی ئاسان نەبوو، خۆتان دەزانن لە دوای شەڕی 1983 بوو، بەڵام هەر ئیدریس بوو بە جورئەتی خۆی و بە زیرەکی خۆی، خەڵکی خۆی رازیکرد و بە جورئەتەوە چووە پێش و رێککەوتنی لەگەڵ مام جەلال ئیمزا کرد."
 
"هاوسەردەمی کاک ئیدریس یەکجار زۆرن، باسی ئەو نە لە کۆڕێک دەکرێ نە لە وتارێک و نە لە کتێبێک، بەڵام ئەوەی باسی دەکەن، ئەوەی بۆی دەنووسن یان لەسەری دەنووسن، حەقە بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوەی راست و ئیجتیهادی تێدا نەبێت،" ئەمانەش بەشێکی دیکە بوون لە قسەکانی میرانی.
 
لە کۆتایی گوتارەکەیدا فازڵ میرانی گوتی، "دەبێت هەموومان ئەوەندە خۆمان موئەهەل بکەین کە باسی ئیدریس دەکەین لە حەقی دەربێین، چونکە ئەگەر شتێک بڵێین لە مێژووی ئەودا نەبێ، غەدرمان لێکردووە، ئەگەر شتێکی کردبێ و ئێمە نەزانین بیڵێین ئەوە موشکیلەکە، بەڵام ئەگەر بزانین و نەیڵێین، ناحەقییەکە لە دەرحەقی دەکەین."

 

 

دەقی گوتەکانی فازڵ میرانی:
 
بەیانیتان باش. خودا دەفەرموێت (بسم اللە رحمان رحیم ...)، حەقە لە هەموو چالاکییەکانی خۆمان زیکری خودا بکەین و بە قورئان دەستیپێبکەین نەک بە گوتار و شتی ئەوها. سوپاسی ئەم رێکخراوە دەکەین، رێکخراوی نێودەوڵەتیی پێشمەرگە بۆ کاروباری مرۆیی بۆ ئەم چالاکییە بۆ مرۆڤێک، سەرکردەیەک، شۆڕشگێڕێک، ئاشتیپەروەر و ئاشتیخوازێک لەپێناوی مرۆڤایەتی لەپێناوی ئازایەتی، ئەم کۆڕەی کردووە. سوپاسی ئامادەبووەکان دەکەین و سوپاسی دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین. زیندووکردنەوەی یادی تێکۆشەران و مرۆڤە لێهاتووەکانی گەلەکەمان لە هەموو بوارەکاندا ئەرکێکی مرۆییە، مافیان گەرەنتی (زامن) بکەین و ئەرکێکی ئینتیمائی چ نەتەوەییە، چ ئایینییە، چ سیاسییە بۆ ئەو خەڵکانەی کە (مونتەمین) لەو کەناڵەوە و هەر بەم بۆنەیەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان سەرفرازە لەوەی یادی سەرکردە تێکوشەرەکانی خۆی دەکاتەوە. ئەوەی لە رۆژنامەکانیشدا دەیبینم، بەتایبەتی لە خەبات و هەتا لە کوردستانی نوێش ئێمە بە هەزاران شەهید و قوربانیمان داوە، هەر رۆژێک ژمارەیەک لە رۆژنامە دەردەچێت، دڵنیابن بە حوکمی زۆریی قوربانیی گەلەکەمان لەو رۆژەدا کۆمەڵێک شەهیدمان داوە. ئیدی لەم مەیدانە لەو مەیدانە، لەم حیزبە یان لەو حیزبی دیکە، بەڵام هەموو رۆلەی ئەم وڵاتەن لەپێناوی ئەم وڵات و ئەم میللەتە خوێنی خۆیان بەخشیوە یان چوونەتە بەر پەتی سێدارە یان بزر بوون لە ئەنفال و کیمیاباران.
 
باسکردن لە پیاوێکی گەورەی وەکو کاک ئیدریسی رەحمەتی، کارێکی ئاسان نییە، لە گوتارێکدا یان لە کۆڕێکدا کە دەرحەقی بێت و هەموومان رەنگە شایەنی ئەوە نەبین یان ئەوەندە لێهاتووییمان نەبێت کە باسی هەموو لاپەڕەکانی ژیانی بکەین، بەڵام ئێمە ئەوانەی کە لێی نزیک بووینە و لانیکەم تەمەنێک وەکو بەندە بۆ نموونە من لە 1968ـوە، رەحمەتی شەهید ئیدریسم ناسیوە و لەگەڵی بووینە تاوەکو کۆچی دوایی کردووە، لە رۆژەکانی سەخت و لە رۆژەکانی کە دەکرێت بڵێین خۆشی. ئەو رۆژانە بە نیسبەت تێکۆشەرەکان خۆشییە کە هەست بە سەرکەوتن بکەن و هەست بە ئارامیی پێشکەوتنی دۆزی میللەتەکەیان و پاراستنی وڵاتەکەیان بکەن، بۆیە ناویان لە خۆیان ناوە پێشمەرگە، چونکە مەرگی خۆیان لەپێش خۆیان داناوە، لەپێناوی ئەو ئامانجە پیرۆزانە کە سەرکردەی باڵابەرزی ئێمە ئیدریس بارزانی و لەپێش ئەو، سەرۆک بارزانی و لەپێش ئەوانیش خەڵکی تریش لە شۆڕەشەکانی کورد چ لە کوردستانی عێراق چ لە پارچەکانی دیکەی کوردستان خەباتیان بۆ کردووە. تاوەکو ئەم میللەتە بێبەشە بگاتە مافەکانی خۆی. چونکە مافی نەتەوەیی کە لای خەڵک گوناحە، دەوڵەتبوون لای خەڵک گوناحە، بەڵام ئەگەر بە شێوەی ئینسانانە بیربکەنەوە، ئەمە لە چوارچێوەی مافی مرۆڤ دایە، چونکە هەموومان ئینسانییانە لە یەک وڵات دەژین، ناکرێت لە وڵاتی ئینسانی، هەندێک ئینسان بە ئاسوودەیی بژین و خاوەن پاسپۆرت و کیان و وڵات بن، هەندێک خەڵکی دیکەش لەو جیهانی ئینسانییەدا بێبەش بن لە مافەکانی خۆیان یان مافیان لێ قەدەخە بێت و لەسەری سزا بدرێن. 
 
ئێمەی کوردستانی بەگشتی و کورد بەتایبەتی لەو گەلانەین کە لەو وڵاتە ئینسانییانەدا، بە نائینسان لە قەڵەم دەدرێین، لە چاوی نائینسانەکان کە خۆیان بە ئینسان دەزانن. ئەمە مەسەلەیەکە دەبێت هەموومان لەسەری بوەستین و هەموومان لەو بوارەدا هەست بە کەموکوڕییەک بکەین بۆچی (ئەلف) وایە، بۆچی من وانەبم، بۆچی بۆ ئەلف حەڵاڵە، بۆ من حەرامە، ئەمە رێبازێک بوو گەورەکان و سەرکردەکانی ئێمە دایانناوە و دەبێت فەلسەفەی ژیانی ئێمە بێت و فەلسەفەی بیرکردنەوە و خەبات و چالاکییەکانی ئێمە بێت، هەر یەک بە رادەی خۆی، بە رادەی توانای خۆی، من چەندم پێدەکرێت، مەرج نییە تۆش ئەوەندە بکەیت، تۆش بە رادەی خۆت، بەڵام هەر هەموومان ئەوەندەی پێمان دەکرێت، هەوڵ بدەین. جاری وا هەیە؛ من حەز دەکەم دیقەت بکەن لە باسکردنی مێژووی سەرکردەکانی خۆمان، یەکەم بۆ ئەوەی غەدریان لێنەکرێت، دووەم بۆ ئەوەی حەقیان بدەینێ.
 
من بە تەعبیرێکی کوردانەی ئاسان دەڵێم کاک ئیدریس ژیا و کۆچی کرد، بەڵام بە مەزڵوومییەت، شۆڕشگێڕانی ئێران بە خەڵکی قارەمانی ئینقلابی ئیسلامیی ئێران دەڵێن، بەهەشتی شەهیدی مەزڵووم بوو، زۆری کرد و لە سەرکەوتندا کەم مایەوە، بە دیدی بەندە شەهید ئیدریس بارزانی هەمان شەهیدی مەزڵووم بووە، زۆری کرد و کەمی دیت لە سەرکەوتندا، تەمەننام دەکرد بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی جوانەمەرگ و شەهیدەکانی ئێمە هاوبەشی ئێمە بووان ئەمڕۆ لەم سەرکەوتنەی کە لانیکەم میللەتی ئێمە لە حاڵەتێکی نسبیی سەقامگیری، ئاشتی و ئاوەدانیدایە. بە موتڵەق ناڵێم، چونکە موتڵەقیی ئێمە لەمە زیاترە کە ئێستا تێیداین، بەڵام ئەمڕۆ لێرەین و دەبێت هەوڵ بۆ سبەیەکی باشتر بدەین.
 
کاک ئیدریس بە رەحمەت بێت، پیاوێکی سادە بوو، دەتوانم بڵێم بە حوکمی نزیکیم لێی، سەرەڕای ئەوەی گوتراوە یان دەگوترێت؛ ئینسانێکی زاهید بووە. زاهید بووە لە سیاسەت و زاهید بووە لە دونیا. شەوان و شەوان و شەوان ئیدریس خەوی لێنەکەوتووە و عیبادەتی کردووە، هەر وەکو شەوان و شەوان و رۆژانی کردووەتە یەک لەپێناوی پێشمەرگە، ئاوارە و چارەنووسی ئەم حیزبە و ئەم میللەتە و بەشێکی زۆریش لە نەخۆشییەکانی لە سەرەتای هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان و هەڵسوکەوت لەگەڵ نسکۆی 1975 و کاروباری ئاوارەکان و تەمویلی قیادە موەقەتەی خۆمان؛ شەوان و شەوان کاک ئیدریس شەونخوونی کردووە بۆ ئەوەی رێگەیەک بدۆزێتەوە یەکێک بنێرێت بۆ کوردستان و رێگایەک بۆ قیادە موەقەتە بدۆزێتەوە، رێگەیەک بدۆزێتەوە لەگەڵ ئێرانییەکان کاروباری پەناهەندەکان چارەسەر بکات، ئینجا کاروباری حیزب و پەیوەندی لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان و تاوەکو جەبهەی ئاشتبوونەوەی گشتی، بەتایبەتی لەگەڵ پارتی و یەکێتی کە ئەندازیار و جێبەجیکردنەکەی کاک ئیدریسی جوانەمەرگ بووە، کە لە خزمەتی بووم ساڵی 1986 لە تاران لەگەڵ رەحمەتی مام جەلال یەکەمین یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان یەکێتی و پارتی پاش ئەو شەڕە خوێناوی و نەگریسەی نێوان هەردوو حیزب [واژۆ کرد]. 
 
ئینجا من ناچمە سەر 11ـی ئازار ئەم برادەرە باشی کرد بە شێوەیەک لە شێوەکان، بە کورتی و بە کوردی. لەبیرمە لە ساڵی 1998 لە شەقڵاوە کۆڕێکم کرد بۆ مەکتەبی رێکخستنی پێشمەرگە، گوتم ئەگەر ئیدریس مابا، ئێمە ئەمڕۆ دوو بەرامبەر دەبووین. من ئێستاش وا دەڵێم، دوو بەرامبەربوون مەسەلەیەکی مەعنەوییە، بەڵام من دەڵێم لە رووی پەیوەندییە نێوخۆییەکانی کوردستاندا هەمیشە کاک ئیدریس کۆکەرەوە بوو، تەنانەت ئێمە لە شۆڕش بووین، بەڵام ئەگەر ئێمە کارمان بە نێوخۆ هەبووایە، ئەو دەفتەرێکی گچکەی هەبوو؛ خەڵکی هەبوو نامەی بۆ ئێمە دەگەیاندە نێو عێراق و وەڵامەکانیش لە رێگەی ئەوەوە دەهاتنەوە. بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کاک ئیدریس سنگی فراوان بوو، بیری گەورە بوو، ئەوانەی کە چەکداری حکومەت بوون ئێمە بە جۆرێک تەماشامان دەکردن و بانگمان دەکردن، بەڵام کاک ئیدریس لەژێرەوە پەیوەندییەکی هەبوو بە جۆرێکی دیكە بۆ بەرژەوەندییەکی دیکە، رۆژگار دەیسەلماند ئەو راستترە لە ئێمە. من یەک یان دوو بیرەوەری لەگەڵ زیرەکیی رەحمەتی ئیدریس بێجگە لە پەروەردەی منداڵەکانی کە پەروەردەیەکی باشی کردووە، بەرهەمەکەی دیارە کە کوڕەکانی بۆ نموونە؛ کاک نێچیرڤان ئەمڕۆ سوپاس بۆ خودا دەتوانێت بەردەوامی بەو رێبازە بدات وەکو کوڕ و باب، ئەگەر نا هەموومان کوڕی ئەم حیزبەین و کوڕی مەلا مستەفاین، کوڕی مەلا مستەفا بە جنسیە و خوێن کوڕی ئەون، بەڵام ئێمە بە خۆبەخشانە کوڕی ئەوین و تەمەنێکە لەگەڵیداین، منەت ناکەین بەسەریاندا، ئەمە ئەو پەروەردەیە کە لە مەدرەسەکەی ئەودا فێربووین کە وابین، فێربین هەڤاڵ جێنەهێڵین و بەو جۆرەش دەمێنینەوە.
 
ئەو (ئیدریس بارزانی) لە پەروەردەدا رۆڵێکی باڵای هەبوو لەنێو خانەوادەی بەڕێزی بارزانی دا، کە بووین بە ئەندامی سەرکردایەتی لە ساڵی 1979 لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئێمە دانیشت، ئەوە برای بەڕێزم کاک زەعیم عەلیش لێرەیە و گوتی ئێوە بوون بە بەرپرس، من ئەو ئامۆژگاریانە لای ئێوە دەکەم، یەکەم تاوەکو پێتان بکرێت خەڵک ببینن، خەڵکێک دێت سەردانی ئێوە دەکات، لە دیتنی خەڵک قەڵس نەبن؛ وەکو بۆکانی دەڵێن. ئێوە قازانج دەکەن؛ ئەوان ئێوە دەناسن بە حوکمی ئەوەی ئەندامی سەرکردایەتین؛ بەس ئێوە ئەوان ناناسن. ئەگەر ئیشەکانیان بۆ جێبەجێ نەکەن دۆستێک لەدەست دەدەن، ناچارییەک پەیدا دەکەن. ئەویتر گوتی، هەر ئینسانێک دوو لاپەڕەی ژیانی هەیە، لاپەڕەی چاکەکان و لاپەڕەی خراپەکان. ئەگەر مەسئولییەتت دا بە یەکێک تەنیا لەسەر لاپەڕەی چاکەکانی نەیدەنێیە، بۆ ئەوەی باری قورس نەکەن و لە ژێری نەکەوێت. بەڵام ئەگەر محاسەبەی یەکێکیشتان کرد تەنیا لەسەر لاپەڕەی هەڵەکان یان خراپەکانی مەیکەن بۆ ئەوەی سزاکەتان قورس نەبێت.
 
بۆ ئێستاش ئەو قسانە خودا یارمەتی بێت تاوەکو بتوانین پەیڕەوییان لێ بکەین، رادەیەکی زۆر، ناڵێم سەت لە سەت، مرۆڤە، هەندێکجار ئینسان لەو شتانەش دەزانێت و نایکات.
 
ئەوەی لە کۆنگرەی نەسرەتی شەعبی عێراقی لە مانگی 12ی ساڵی 1986 لە تاران، دیسان لە خزمەتی دابووم. رەحمەتی جەنابی کاک عەلی عەبدوڵڵا، سکرتێری حیزب بوو، ئەحزابی کوردستانی لەوێ بوون، ئەحزابی عێراقی لەوێ بوون (ئۆپۆزیسیۆن)، لەوێ مەسەلە هاتەوە سەر مافی چارەسەری کێشەی کورد، لە راگەیێندراوی کۆتایی ئێمە گرووپی کوردی خودا هەڵناگرێت هەموو حیزبەکان، یەکێتی، سۆسیالیست و ئەو ئەحزابانەی لەوێ بوون، ئاڵای شۆڕش هەبوو ئەو وەختە کاک عیماد نوێنەرایەتییان دەکرد، کاک ئیدریسی رەحمەتییان کردە گوتەبێژی فەرمی بە ناوی شاندی کوردی، بۆ مێژوو هەر هەموویان گوتیان کاک ئیدریس، جەنابت هەرچی بڵێیت ئێمە لەمەڕ پرسی کوردی پەیڕەوی لێدەکەین، با تۆ براگەورەی هەموومان بیت.
 
هەر بەو بۆنەیە کە چووینە هۆتێل ئیستیقلال بۆ دانوستاندن، یەکەمجار لەوێ مام جەلالم بینی، بە رەحمەت بێت، کە چووینە هۆڵەکە کاک ئیدریس دەستی مام جەلالی گرت و خستییە پێش خۆی. ئەویش گوتی نا قوربان؛ من هەر دەروێشەکەی جارانم، من ناتوانم پێش تۆ بکەوم، تۆ کوڕی مەلا مستەفای.
 
ئینسان ناکرێت مێژوو نەخوێنێتەوە، هەندێک جار مێژوو دەشێوێنن، خەڵکێک بەپێی ویستی خۆیان مێژووەکە دەگێڕنەوە، بەڵام من مێژوو وەکو خۆی دەگێڕمەوە حەز دەکەم بە ئینساف بم لە مێژوودا.
 
ئێمە گوتمان چارەسەری پرسی کورد لەسەر بنەمای رێککەوتنەوەی 11ی ئازار، واتە دیموکراتییەت بۆ عێراق و حوکمی زاتی بۆ کوردستان، بەڵام ئەحزابی ئیسلامی شیعەی عێراق رەتیانکردەوە ئەمەش مێژووە و حەز دەکەم بیزانن، گوتیان ئێمە دەیکەینە دەنگدان، لەو کۆمەڵە حیزبانەی لەوێ بوون عێراقییەکان بە شیعە و کوردەوە، (هەندێک قیادەی حیزبی بەعسیش ئەبو باقر یاسین و ئەوان لەوێ بوون.) کاک ئیدریس تەماشای باقر حەکیمی کرد بە رەحمەت بێت و گوتی، ئێوە پرسی کورد دەخەنە دەنگدانەوە؟ دەستی بۆ یەکێک برد و گوتی، ئەمە بە ناوی حیزبێکەوە هاتووە، ئەمە رایکردووە لە حاجی ئۆمەران من ناردوومە بۆ ئوسترالیا، ئێستا هاتووە دەنگ لەسەر قەزیەی کورد بدات بۆ من؟ عەیبە بۆ ئێوە. زۆریش بە تووندی وەڵامی دانەوە و گوتی بزانە سەید، هەر ئەوها، پەنجەی راوەشاند و بە عەرەبی گوتی، (اذا لم يقر حق الكرد في اتفاقية اذار، سنكون في حل من التزاماتنا امام هذا المؤتمر من الف الى ي) و ئێمە دەردەچین بە بەیاننامەیەک، ئێمەی کورد.
 
من لە تەنیشتی بووم، دەستێکم لێدا و گوتم کەمێک لەسەرخۆ. گوتی، ئەمانە ئەم زمانە دەزانن، بۆیە بە زمانی خۆیان قسەیان لەگەڵ دەکەم.
 
ئەوە بوو محەممەد مەهدی شەمسەدین، بە رەحمەت بێت، سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجوومەنی باڵای شیعەی لوبنانیش ئامادە بوو، ئەو رووی لە برا شیعەکانی عێراق کرد و گوتی، ئەم دوو سێ رۆژە لە کۆنگرە شتی سەیر دەبینم. گوتیان چییە؟ گوتی، ئێوە بە گەلی کورد دەڵێن برا کوردەکانمان، باشە ئێوە بە حوکمی عروبەتی خۆتان ناڵێن (ئەلئومە کوردیە)، بەس (ئەلئوخوە کورد)؟ کۆمەڵێک کۆچەرین لە قەفقاز هاتوون ئەمانە؟ لانیکەم بڵێن گەلی کورد. گوتی، لام سەیرە ئێوە لە تارانن، سەدام لەوێ دەڵێت، گەلی کورد و حوکمی زاتی بۆ کوردستانی عێراق، ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی هەیە و ئەنجوومەنی یاسادانانی هەیە و ئیدارەی هەیە، باشە ئێوە ناتوانن وەکو سەدامیش بن؟ لەبەر ئەوە من ئەمە بە شایستە نازانم و راست نییە، جێی مافی گەلی کورد بکەنەوە لە حوکمی زاتی و ئەگەر زیاتری نەدەنێ نابێت ئێمەی شیعە کەمتریان پێبدەین.
 
بە هەر حاڵ رێککەوتنی ئێمە لەگەڵ یەکێتی لە ساڵی 1986 کارێکی ئاسان نەبوو، خۆتان دەزانن لە دوای شەڕی 1983 بوو، بەڵام هەر ئیدریس بوو بە رەحمەت بێت، بە جورئەتی خۆی و بە زیرەکیی خۆی، لە لایەک خەڵکی خۆی رازیکرد و لە لایەکیش بە جورئەتەوە چووە پێش و رێککەوتنی لەگەڵ مام جەلال ئیمزا کرد.
 
هاوسەردەمی کاک ئیدریس یەکجار زۆرن، باسی ئەو نە لە کۆڕێک دەکرێ نە لە گوتارێک و نە لە کتێبێک، بەڵام ئەوەی باسی دەکەن، ئەوەی بۆی دەنووسن یان لەسەری دەنووسن، حەقە بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوەی راست و ئیجتیهادی تێدا نەبێت، دەبێت هەموومان ئەوەندە خۆمان موئەهەل بکەین کە باسی ئیدریس دەکەین بە رەحمەت بێت، لە حەقی دەربێین، چونکە ئەگەر شتێک بڵێین لە مێژووی ئەودا نەبێت، غەدرمان لێکردووە، ئەگەر شتێکی کردبێت و ئێمە نەزانین بیڵێین ئەوە کێشەیەکە، بەڵام ئەگەر بزانین و نەیڵێین، ئەوەش ناحەقییەکە دەرحەقی دەکەین.
 
بە هەر حاڵ دەستخۆشی لەم رێکخراوەیە دەکەم و دەستخۆشی لە ئامادەبوونی ئێوە دەکەم و لە دەزگاکانی راگەیاندن، پێمان باشە یادی سەرکردەکانی خۆمان بکەینەوە، هەر وەک گوتم لە بیرکردنەوەی رۆژانەمان، لە کردەوەی رۆژانەمان یان ئەگەر پێمان نەکرا، لانیکەم لە بیرکردنەوەی رۆژانەمان بیریان بکەینەوە و لە بۆنەکاندا ناویان بهێنین. خودا شەهیدەکانی ئێمە لە بەهەشت جێگیر بکات و پێشمەرگە پەککەوتووەکانی ئێمە ساخ بکاتەوە و بیانپارێزێت، تێکۆشەرە کۆنەکانی ئێمە بەشێکیان دەبینم، ئەوە خاڵە (سلی) لێرەیە تەمەنێکە، خاڵە سلی کە لێرە دانیشتووە لە شەڕی زۆزکدا کە یەکێک لە قارەمانەکانی، سەرکردە کاک ئیدریس بووە، لە سەرتیز ساڵی 1974 بەرەی شەڕ چۆڵ بوو، ئەم خاڵە سلییە دەستی بە تفەنگەکانی خەڵک دەگرت و دەیگوت وەرە با بچینەوە، ئەمە نەکەن دوژمن بێت سەرتیز بگرێتەوە، ئەمانە تەمەنیان درێژ و تەندروستییان باش بێت، لە هەموو گرنگتر یەکڕێییە، نەک یەکڕیزی، یەکڕیزی زەحمەتە هەموومان لە حیزبێکدا بین، ئەگەر بڵێین یەکڕیزی، بەڵام یەکرێگەیی بگرین لەپێناوی بەرژەوەندییەکانی کوردستان و ئەو خەڵکەی لە کوردستاندا دەژین، تاوەکو ئەو رۆژەی دەگەن بەو ئاستەی کە خەڵکی ئێمە بە پێشمەرگە و بە هاووڵاتی گیانیان لەپێناوی بەخت کردووە. کوردستان پارێزراو بێت و سەرکردەکانمان جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی سەرفراز بێت و ئاڵای حیزبەکەشمان لەگەڵ تێکۆشەرانی تر هەمیشە بەرز و شەکاوە بێت. 
 
بەخێربێن، سوپاس.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە