رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەیووم بۆ شارەوانیی سێرتی دەم پارتی لە باکووری کوردستان دانرا.
سۆفیا ئاڵاغاش، هاوسەرۆکی شارەوانیی سێرتی دەم پارتی، کە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستی" لە کاتێکدا رۆژنامەڤان بوو، سکاڵای لەسەر تۆمار کرا، دوێنێ سێشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2025 لەلایەن دادگەی پێنجەمی تاوانەکانی ئامەدەوە سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا.
دوای ئەو سزایەی بۆ سۆفیا ئاڵاغاش بڕایەوە، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەیوومێکی بۆ شارەوانییەکە دەستنیشان کرد.
پۆلیس بینای شارەوانییەکەی گەمارۆ دا و رایگەیاند، قەیووم لەسەر شارەوانییەکە دانراوە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە شوێنی سۆفیا ئاڵاغاش، کەمال کزڵکایا پارێزگاری سێرتی داناوە.
دەم پارتی لە هەڵبژاردنەکانی 31ی ئاداری ساڵی رابردوو، 78 شارەوانیی بەدەستهێنا. بە دانانی قەیووم لەسەر شارەوانیی سێرت تائێستا بە تۆمەتی ئەندامێتیی پەکەکە قەیووم لەسەر 8 لەو شارەوانییانە دانراوە. هەروەها قەیووم لەسەر دوو شارەوانیی جەهەپەش دانراوە کە کوردن و بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ