رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق لە جموجۆڵی هێز و هێنانی سوپا بۆ ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای دیالە، ئێستا بە رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای جیۆجیی چینی، دەستیکردووە بە گەڕان و پشکنینی نەوت لە کێڵگەی نەوتخانە لە خانەقین.
عەلى مارج، بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ کاروبارى دابەشکردن لەوبارەوە دەڵێت، "وەزارەتی نەوت دەستیکردووە بە پەرپێدان بە کێڵگە سنوورییەکان لە پارێزگای دیالە، لە گەڕی پێنجەمی گرێبەستەکان و هاوپێچەکەی، کاری پەرەپێدانی نەوت بەردەوامە. پێموایە بەربەستێکی ئەمنیی هەیە لە یەکێک لە کێڵگەکان و پلان دانراوە بۆ یەکلاکردنەوەی."
لە کێڵگە نەوتییەکانی گڵابات و ئینجانەش لە سنووری خانەقین، جگە لە دەرهێنانی نەوت و گاز، بەهەمان شێوە پڕۆسەی گەڕان و دۆزینەوەی نەوت دراوەتە کۆمپانیای هیلالی ئیماراتی.
سوزان مەنسور، ئەندامی پەرلەمانی عيراق لەبارەی گەڕان بەدوای نەوت لە ناوچە کورستانییە کێشە لەسەرەکان دەڵێت، "ئەم ناوچانە ناوچەی کێشە لەسەرن و ئیدارەی هاوبەشە، ئەگەر وایە دەبێت بە رێککەوتن ئەم گرێبەستانە واژۆ بکرێن. لە رووی دەستورییەوە دەبێت حکومەتی هەرێم ئاگادار بێت، بەڵام نازانم بۆ حکومەتی هەرێم بێدەنگە لەم کارە."
حکومەتی عێراق جگە لەو کێڵگە نەوتییانەی دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەو کێڵگانەش دەدات کە لە ژێر دەستی هەرێمی کوردستانیش دەدات، وەک بیرە نەوتی چاڵاو خالد، لە سنووری شارۆچکەی کوڵەجۆی گەرمیان کە دراوەتە کۆمپانیای هیلالی ئیمارات و 5 مانگ لەمەو پێش هێزێکی گەورەی حەشدی شەعبیش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جوڵەی پێکرا، بەڵام لەلایەن پێشمەرگەوە رێگریان لێکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ