رووداو هەولێر
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سۆران دەڵێت، بەهۆی فرۆشتنی بەنزینی کواڵێتی خراپ، پێنج بەنزینخانە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران داخران.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەمیر شانەدەری، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو پێنج بەنزیخانەیە بەنزینی کواڵێتی خراپیان فرۆشتبوو، ناوەکانیان لەلایەن لیژنەی پشکنینی بەنزینخانەکانەوە بۆ قایمقامیەت بەرزکرایەوە.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سۆران گوتی "هەر ئەمڕۆ، هەر پێنج بەنزینخانەکە لەلایەن قایمقامیەتی خەلیفانەوە داخران."
پێشتر چەند جارێک ئەم بەنزینخانانە ئاگادارکراونتەوە، بەڵام بە گوتەی ئەمیر شانەدەری، بەردەوام بوون لە فرۆشتنی بەنزینی کواڵێتیی خراپ.
ئەمیر شانەدەری گوتی، "ئەمساڵ بەرنامەکانمان گۆڕانکاری بەسەرهاتووە، هیچ کەسێک ئاگادار ناکەینەوە، هەر بەنزینخانەیەک بەنزینەکەی لە پشکنین دەرنەچێت، دایدەخەین."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، سبەی لەلایەن لیژنەکانی قامقامیەتی سۆرانەوە زیاتر لە پێنج بەنزینخانەی دیکە لە سنووری ئیدارەکە دادەخرێن، ئەمڕۆ پشکنینەکانیان دەرچووە کە بەنزینەکەیان خراپە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ