وەزیری کارەبای عێراق: هاوئاهەنگی باڵامان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هاوردەکردنی وزەدا هەیە

29-01-2025
نەهرۆ محەممەد
 کۆنفرانسی وزەی عێراق لە بەغدا.
کۆنفرانسی وزەی عێراق لە بەغدا.
نیشانەکردن کۆنفرانسی وزەی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 وەزیری کارەبای عێراق لە کۆنفرانسی وزە کە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، باسی لە هاوئاهەنگی باڵای نێوان هەولێر و بەغدا کرد و گوتی گازی هەرێمی کوردستان دەکڕن و نرخەکەشی گونجاوە. 
 
 زیاد عەلی فازل، وەزیری کارەبای عێراق لەبارەی هاوئاهەنگیی بەغدا و هەولێر دەڵێت، "هاوئاهەنگییەکی باڵامان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە پەیوەست بە هاوردەکردنی وزە و بابەتی گاز . ئەمە هاوردەکردنی گاز نییە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت، بەوپێیەی ئەمە هەموو لەنێو وڵاتە، بەڵام کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانی گازە 100 مەقمەق گازمان پێدەدات بۆ ناوچەکانی باکوور، کەرکووک و پارێزگاکانی دیکە. ئاڵوگۆڕی وزە لەنێوان ئێمە و برایانی هەرێمی کوردستان بەرزە و پەیوەندییەکی باشمان هەیە".
 
مەقمەق یەکەیەکی پێوانەی گازی سرووشتییە؛ هەر مەقمەقێک دەکاتە یەک ملیۆن پێ سێجا.
 
عێراق چوار هێڵی بەستنەوەی کارەبای لەگەڵ ئێران هەیە؛ یەکێک لە تورکیا و یەکێکی دیکە لەگەڵ ئوردن و هەموویان چالاکن. ئەمە وێڕای هەوڵەکان بۆ بەستنەوەی کارەبا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو. 
 
عادل ئەحمەد، بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراق باس لەوە دەکات،"هێڵی بەستنەوەی کارەبای کەنداو نزیکەی 70٪ بۆ 75٪ـی کارەکانی تەواوبووە؛ خوازیارن هاوینی داهاتوو کارەبا لە وڵاتانی کەنداو هاوردە بکەین یان سەکۆی وزە لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی" . 
 
سەرۆکی لیژنەی وزە و کارەبا لە پەرلەمانی عێراقیش رەخنە لە وەزارەتی کارەبا دەگرێت و دەڵێت، بەشێک لە وەزارەتەکە هۆکارە لە شکستی کەرتی کارەبا و رۆڵی نەرێنی هەیە.
 
 محەممەد عەبد رەبە، سەرۆکی لیژنەی وزە و کارەبا لە پەرلەمانی عێراق گلەیی لە بەهەدەر دانی کارەبا هەیە و ئاماژە بەوە دەدات، "بەهەدەردان لە پرۆسەی بەکاربردنی کارەبا هەیە، ئێستا کارەبایەکی زۆر لەنێوان وەزارەت و هاووڵاتییان بەهەدەر دەچێت. وەزارەت تاوەکو ئێستا ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکردووە، لە دانانی سیستمی ژیری و کۆکردنەوەی داهاتی مانگانەی کارەبا لە بەشداربووانی و نەیتوانیوە کۆنترۆڵی بەهەدەر دانی کارەبا بکات. لە بەرامبەردا هاووڵاتیی بێباکە، کارەبای هەیە و بەکاری دەهێنێت بەڵام کرێی مانگانەشی نادات.  
 
عێراق ئێستا توانای بەرهەمهێنانی 27 هەزار مێگاوات کارەبای هەیە. بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی کارەبا، تاوەکو ساڵی 2030، عێراق پێویستی بە لانیکەم 76 هەزار مێگاوات کارەبا دەبێت، بۆیە پێویستە تاوەکو پێنج ساڵی داهاتوو 50 هەزار مێگاوات کارەبا زیاد بکەن.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە