رووداو دیجیتاڵ
ماوەیەکە بڕینی دار لە مەریوان و چەند ناوچەیەکی دیکەی پارێزگای سنە بە هۆکاری جیا جیا زیادی کردووە، بەشێکی بۆ دروستکردنی خەڵووزە، بەشێکیش بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی زەوی و هەروەها بازرگانیکردنی قاچاخە بە دارەکانەوە.
حامید ئەسراری، بەرپرسی تۆڕی ژینگەپارێزانی پارێزگای سنە لەبارەی بڕینەوەی دارەوە دەڵێت، "بەداخەوە بەهۆی ئەوەی ماوەی 10 ساڵ پشوویان داوەتە دارستانەکانی باکووری ئێران، دارستانەکانی هیرکانی، مافیای دارستان رووی کردووەتە رۆژهەڵاتی کوردستان و خەریکن دارەکانمان لە نێو چیاکان دەبڕنەوە و دەیبەن بۆ کارگەکانیان. داربەروویەکی تەمەن 50 تاوەکوو 100 ساڵە، نرخەکەی لەڕووی ئابووری و ژینگەییەوە بایی 150 هەزار دۆلارە، کەچی بەداخەوە ئەوان زۆر بە ئاسانی دەبڕنەوە و دەکەن بە خەڵووز. بەشێکی دیکە لەم کێشەیە کە روودەدات، بەداخەوە کەسانێک هەن کە دارستانەکان و لەوەڕگەکان دەکەنە باخ و رەز."
رێکخراوەکانی پاراستنی ژینگە دەڵێن، دارەکان لەکاتی نیوەڕۆ و لەبەر چاوی خەڵک و دامودەزگە پەیوەندیدارەکان دەبڕدرێن و کەس نییە رێگرییان لێ بکات. هۆشداری ئەوەش دەدەن کە بڕینی دارەکان کاریگەری خراپی لە سەر ژینگەی ناوچەکە دەبێت.
حامید ئەسراری، بەرپرسی تۆڕی ژینگەپارێزانی پارێزگای سنە باس لەوە دەکات، "بەهۆی ئەوەی یاسایەکی بەهێز نییە لە بەرامبەر ئەو کەسانە بوەستێت و کارمەندانی سەرچاوە سرووشتییەکانیش پاڵپشتی ناکرێن، بەداخەوە تەماعی خەڵک زۆر بووە و بەشێکی زۆر لەو رێگەیەوە خەریکی بازرگانین. ئێمە وەکو رێکخراوەکانی ژینگە، هەمیشە داوامان لە دەسەڵات و لایەنی دادوەریی کردووە کە پاڵپشتیی کارمەندانی سەرچاوە سرووشتییەکان بن. لە لایەکی دیکەشەوە ئێمە چووینەتە نێو دانیشتووانی گوندەکان و باسی ئەو شتانەمان کردووە بۆ ئەوەی ئاستی هۆشیاری و زانستی ژینگەییان بچێتە سەرەوە و چیتر بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ دارستانەکانمان نەکرێت."
ئەنجوومەنی سەوزی چیا دەڵێت، کەمتەرخەمیی دەسەڵات و بێدەنگیی خەڵک هۆکارن بۆ ئەوەی هەندێک کەس و لایەن بێ باکانە و بێ هیچ ترسێک لە بڕینی دارەکانی ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ