لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى رێککەوتنى ئەمنیى عێراق و ئێران لە هەرێمى کوردستان کۆدەبنەوە

29-01-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى رێککەوتنى ئەمنى نێوان عێراق و کۆمارى ئیسلامیی ئێران لە بەغدا کۆبوونەوە و بڕیاریان دا کۆبوونەوەى داهاتوویان لە هەرێمى کوردستان بکرێت. 
 
راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا جەختیان لەوە کردووەتەوە؛ بە پەرۆشن بۆ ئەوەى خاکى عێراق بۆ هێرشکردنەسەر وڵاتانى دراوسێ بەکارنەهێندرێت.
 
ئەو کۆبوونەوەیەى لیژنە باڵاکە، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 29ـی کانوونى دووەمى 2025) لە بەغدا کرا. قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاساشى نەتەوەیی سەرۆکایەتیی کرد و رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش تێیدا بەشدار بوو.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى راوێژکاریێتى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانى عێراق و ئێران، باسیان لەو رێوشوێنانە کرد، کە گرتوویانەتنەبەر بۆ جێبەجێکردنى خاڵەکانى رێککەوتنى ئەمنیى نێوانیان، هەروەها تاوتوێی بەربەست و ئاڵنگارییەکانى بەردەم خاڵەکانى رێککەوتنەکە کراوە. 
 
رۆژی 19ـی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران ئەو رێککەوتانە ئەمنییەیان واژۆکرد بۆ هاوئاهەنگی لە رووی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.
 
گرنگترین خاڵەکانى رێککەوتنەکە، دوورخستنەوەى لایەنە دژبەرەکانى کۆمارى ئیسلامیى ئێرانە لەسەر سنوورى نێوانیان.
 
بەگوێرەى راگەیێنراوەکە، بەشدارانى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى رێککەوتنى ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران رێککەوتوون، کۆبوونەوەى داهاتوویان لە هەرێمى کوردستان بکرێت.
 
لە نووسینێکدا لە تۆڕى ئێکس، قاسم ئەعرەجى رایگەیاندووە، لەو کۆبوونەوەیەدا جەختیان لەوە کردووەتەوە؛ بە پەرۆشن بۆ ئەوەى خاکى عێراق بۆ هێرشکردنە سەر خاکى وڵاتانى دراوسێ بەکارنەهێندرێت. هەروەها سەرجەم بەربەستەکانى بەردەم جێبەجێکردنى خاڵەکانى ئەو رێککەوتنە لاببرێن.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە