رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی شاری خەلیفان باسی مەترسییەکانی ئەو ئاوەڕۆیە دەکەن کە بە بەردەم ماڵەکانیان دا دەڕوات و لە هاوینان بۆنی ناخۆش و لە زستانان دروست بوونی لافاوی لێدەکەوێتەوە.
دیمەنی ئەو ئاوەڕۆیە، گەڕەکی شۆرشە لە خەلیفان کە زیاتر لە زبڵخانە دەچێت، نەوەک شوێنی ژیان.
فاتم ئەحمەد، دانیشتووی گەڕەکەکەیە و باس لەوە دەکات، "دۆخمان زۆر زۆر خراپە بەهۆی ئەو ئاوەڕۆیە، لە زستان بەهۆی زۆری ئاو و لە هاوینیشدا بەهۆی بۆنی ناخۆش."
سەلمان فەتاح، یەکێکی دیکەیە لە دانیشتووانی گەڕەکەکە و دەڵێت، "چەندین مەترسی هەیە، ئاو چووەتە نێو ماڵان و بێشکەی منداڵ کەوتووەتە سەر ئاو، بەهۆی بۆنی ناخۆش، کچێکی 13 ساڵان لێرە تووشی شێرپەنجە بوو."
پاشماوەی خۆراک، ئاوی توالێت و پاشەڕۆی ئاژەڵ هەمووی فڕێدەدرێنە نێو ئاوەڕۆکە.
خراپی کوچە و کۆڵانەکان کێشەیەکی دیکەی هاونیشتمانییانە و دانیشتووانی هەرسێک گەڕەکی شۆرش، باویان و کۆلەڕەش سکاڵا لە کەمتەرخەمی بەڵێندەرەکە دەکەن و داوای سزادان و دووبارە چاککردنەوەی شەقامەکە دەکەن.
شێخ ئاغا یوسف، دانیشتووی گەڕەکی شۆڕشە و دەڵێت، "ئەو کۆڵانانە پێشتر چیمەنتۆ کراون، بەڵام وەک پێویست لێپرسینەوەیان لەگەڵ بەڵێندەر نەکردووە لەسەر شێوازی جێبەجێکردنەکەی، پارەکەی خوراوە و رۆیشتووە، بەڵام شەقامەکە چاک نەکراوە، ئێستا بەسەری دا بڕۆیت، ئۆتۆمبێل پەنچەر دەبێت، شیشی تێدا هاتوونەتە دەرەوە."
لەو سێ گەرەکەی کێشەی ئاوەڕۆ و خراپی شەقامەکانیان هەن، نزیکەی سێ هەزار ماڵ نیشتەجێن. حکومەت لە کێشەکانیان ئاگادارە و دەرخستەی ئەنجامدانی پڕۆژەی بۆ کردوون.
مەغدید حەریف ئەحمەد، قایمقامی خەلیفانە و لەبارەی ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شارەکە دەڵێت، "بڕیاری بەقەزابوونی خەلیفان بەگوژمەی زیاتر لە 100 ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری خەلیفان و گوندەکانی دەوروبەری کەوتنە واری جێبەجێکردنەوە، بەشێکی زۆر لە گەڕەکەکانی خەلیفان پڕۆژەی چاککردنی شەقامە ناوخۆییەکانیان ئەنجام درا، ئەوانەی ماون بەتایبەت ئەو ئاوەڕۆیە، دەرخستەی بۆ کراوە بە گوژمەی 450ملیۆن دینار لەبەردەستمانە و لە پلانی ساڵی 2025، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن."
خەلیفان لە ساڵی 1967ـەوە بووەتە ناحیە و دوای 57 ساڵ و لە ساڵ 2024 بوو بە شار. ژمارەی دانیشتووانی 21 هەزار کەسە و بەسەر 12 گەڕەک دابەشبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ