رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری دهۆک بەئەلیکترۆنیکردنی ساڵیانەی ئۆتۆمبێلی لە پارێزگاکە راگەیاند و دەڵێت، "خەڵک دەتوانێت لە ماڵەوە، لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکەوە زانیارییەکان تۆمار بکەن و ساڵیانە دەربکەن."
ئەمڕۆ چوارشەممە 29-1-2025، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "دامەزراندنی سیستمی بەئەلیکترۆنیکردنی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل لە پارێزگای دهۆک، ئاسانکاری و کارێکی سەردەمیانەیە."
بە گوتەی پارێزگاری دهۆک، سیستمی بەدیجیتاڵکردنی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل دەربازبوونە لە کاغەز و شێوازە کۆنەکە. هاوکات خەڵک دەتوانێت لە ماڵی خۆی، لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکەوە، بەشێک لە زانیارییەکان تۆمار بکەن و ساڵیانە دەربکەن.
عەلی تەتەر لەبارەی ئەگەری ساختەکردنی ساڵیانە نوێیەکە گوتی: "دەتوانین بڵێین بەهیچ شێوەیەک ساختە ناکرێت؛ چونکە هەموو زانیارییەکان دەچنە نێو سیستمێک."
هەر لە کۆنفرانسەکەدا، هێمن میرانی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، "ئەم هەوڵە درێژەی کارەکانی کابینەی نۆیەم و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە. سەرەتا لە هەولێر بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی بۆ یەکەمجار مۆڵەتی شۆفێری بە دیجیتاڵی کرا."
سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتی: "تایبەتمەندی ئەو ساڵیانەیە ئەوەیە کە بە هیچ شێواز و جۆرێک ساختە ناکرێت. ساڵیانە لە مۆڵەتی شۆفێری گرنگترە؛ چونکە پەیوەندی بە خاوەندارییەوە هەیە. دەبێتە هۆی پاراستنی موڵک و ماڵی هاووڵاتییان. لە سیستمەکەدا پەنجەمۆر و تۆڕی چاوی خاوەنەکەی وەردەگیرێت. جگە لەوەش هاوکات قەبارەکەی بچووکە و ئاسان هەڵدەگیرێت"
هێمن میرانی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "ئەم هەوڵە بەشێکە لە بەئەلیکترۆنیکردنی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خزمەتگوزارییەکان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ