ئەو شۆفێرەی لە شێخان بە ئۆتۆمبێلەکەی گوێدرێژێکی راکێشا، دەستگیرکرا

رووداو دیجیتاڵ 

پاش بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک کە شۆفێرێک لە شێخان بە ئۆتۆمبێلەکەی گوێدرێژێک بەدوای خۆیدا رادەکێشێت، پۆلیسی هاتووچۆی قەزاکە رایگەیاند، شۆفێرەکە دەستگیرکراوە و رادەستی دادگە کراوە. هەروەها دەشڵێت، ئەو گوێدرێژە داری زەیتوونی شۆفێرەکەی خواردبوو، وەکو سزادانی ئەو کارەی کردووە.
 
رۆژی دووشەممە، 29-01-2024، دڵشاد محەممەد، گوتەبێژى پولیسى هاتووچۆی شێخان بە رووداوی راگەیاند، "بە بڕیارى دادگە ئەو شۆفێرەی بە ئۆتۆمبێلەکەی گوێدرێژەکەی راکێشا، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە، دواتر راستەوخۆ رەوانەی پۆلیسى نەهێشتنى تاوان کراوە تاوەکو رەوانەی دادگەی بکەن." 
 
لەبارەی هۆکاری ئەو کارەی شۆفێرەکە کردوویەتی، گوتەبێژی هاتووچۆی شێخان دەڵێت، "بەپێی گوتەکانی ئەو شۆفێرە ئەو گوێدرێژە زیتوونی باخچەکەی خواردووە و شۆفێرەکە زەیتوونەکەی بەلاوە گرنگ و دارێکی جوان بووە، بۆیە وەکو سزایەک بەرامبەر بە گوێدرێژەکە ئەو کارەی کردووە." 
 
گوتەبێژى پۆلیسى هاتووچۆی شێخان لەبارەی سزادانی ئەو شۆفێرە باس لەوە دەکات کە "مەلەفی ئەو شۆفێرە رەوانەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان کراوە و بەپێی یاسا لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەکرێت و سزادەدرێت." 
 
ئەو رووداوەش دوای ئەوەدێت، چوار مانگ بەر لە ئێستا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رووداوێکی هاوشێوە روویدا، کە تێیدا شۆفێرێکی بە رەگەز عەرەب گوێدرێژێکی بە ئۆتۆمبێل راکێشابوو دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.