ئەو کوردەی خرایە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە کێیە؟

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمریکا و بەریتانیا تۆڕێکی ئێرانییان خستە لیستی سزاکانیان، کە سەرۆکی تۆڕەکە کوردێکی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە، تۆڕەکە بەوە تۆمەتبار دەکرێت، دەستیان لە رفاندنی ژمارەیەک کەسی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بۆ نێوخۆی ئێران هەبووە.
 
رۆژی دووشەممە، 29ی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی بەریتانیا، سزایان بەسەر ژمارەیەک ئێرانیدا سەپاندووە، کە بەپێی وەزارەتەکە، وەکو تۆڕێک کاریان کردووە و لەسەر راسپاردەی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانی، چالاکڤانانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، "ئەو تۆڕە ئێرانییە لەلایەن ناجی ئیبراهیم شەریفی – زیندەشتی، سەرپەرشتی دەکرێت و چەندین کاری کوشتن و رفاندنیان کردووە، بەمەبەستی بێدەنگکردنی رەخنەگران و کەسانی بەرهەڵستکاری دەسەڵاتی ئێران.
 
زیندەشتی کێیە؟
 
ناجی شەریفی زیندەشتی، کە خەڵکی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لە راگەیاندنەکان وەک "مافیایەکی گەورە"ی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ناوی دەهێندرێت. دوایین تۆمەتی کە خراوەتەپاڵی، رفاندنی کەسایەتییەکی عەرەبی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانە، بە ناوی فەرەجوڵڵا چەعب ناسراو بە حەبیب ئەسوید، بەڵام زیندەشتی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو، کە لە دیسەمبەری 2020 لەگەڵی کراوە، ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا نایشارێتەوە کە ئاگاداری دۆسیەی حەبیبە و گوتی، "خوشکەزاکەم کە کۆڵبەرە حەبیبی لەسەر سنوور لە تورکیاوە پەڕاندووەتەوە بۆ ئێران".
 
بێجگە لە زیندەشتی، ئەمریکا سزای بەسەر کۆمەڵێک لە ئەندامانی ئەو تۆڕەدا سەپاندووە بە ناوەکانی رەزا حەمیدی راوەری، نیهاد عەبدولقادر ئاسان، ئەکرەم عەبدولکەریم ئوستونج لەگەڵ شەهرام عەلی رەزا تەمەرزادە زەڤیهە جەکی، کە هەندێک لەوانە کارمەندی وەزارەتی ئیتڵاعاتن.
 
زیندەشتی خاوەن نفوزێکی گەورەیە لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان و دەڵێت خاوەن سێ هەزار گەنجە و هەموویان ئامادەن گیانی خۆیان بۆ ئەو بەخت بکەن. زیندەشتی زیندانەکانی تورکیا و ئێرانی بینیوە، بەوە تۆمەتبار دەکرێت هاوکاری دەزگا ئەمنییەکانی ئێران و تورکیای کردووە، بەڵام ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە. 

 

 
کەسانی نزیک لە زیندەشتی بە کوژرانی مەسعود مەولەوی لە پاییزی 2019 و بەڕێوەبەری کەناڵێکی تەلەگرامی، کە ماوەیەک بوو لە تورکیا بوو، لەگەڵ سەعید کەریمیان بەرپرسی کەناڵەکانی جێم، تۆمەتبار دەکرێ.
 
ناجی شەریفی زیندەشتی لەبارەی کوژرانی ئەو دوو کەسە دەڵێت، "کوژرانی مەسعود مەولەوی هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە نییە، هیچ دادگایەکیش لەگۆڕێدا نییە، تەنیا لە میدیادا هەیە، پۆلیس و دادگا سەبارەت بە مەسعود مەولەوی هیچ شتێکیان بە پارێزەری من رانەگەیاندووە."
 
سەبارەت بە کوژرانی سەعید کەریمیانیش دەڵێت، "لە کوردەواری قسەیەک هەیە، دەڵێن، ئێمە یان نێچیرین یان نێچیرڤان، ئێمە قەت نابینە سەگ بچین نێچیر بگرین. ئێمە ئەو کارانە ناکەین. دوژمنی ئێمە هەیە کە ئەو کارانە دەکەن، بەڵام ئێمە قەت نابینە سەگی کەس. ئەگەر نفوزم هەبووایە چوار جار حوکمی هەتاهەتاییم بەسەردا نەدەسەپێندرا".
 
ئەو هەروەها بە کوژرانی قازی مەنسووری لە رۆمانیا تۆمەتبار دەکرێ و دەگوترێ بە هاوکاری حوسێن کەریمی ریکابادی خاڵۆزای، بۆ دەزگایەکی ئەمنیی ئێران کوشتوویانە.
 
زیندەشتی لەو بارەیەوە دەڵێت، "لە راپۆرتێکدا دەگوترێ حوسێن کەریمی هەزاران تۆن مادەی هۆشبەری بۆ ئەمریکا و ئەوروپا نارد، بەڵام دوایی راپۆرتەکە دەڵێ، ناجی ماڵێکی بۆ کڕی لە ورمێ، کەسێک کە هێندە دەوڵەمەند بێت، چۆن من خانووی بۆ بکڕم، ئینسان خانوو بۆ هەژاران دەکڕێت. ئەوانە تەنیا خەیاڵیان تێکەڵ بەو راپۆرتە کردووە، حوسێن کەریمی ئەگەر پیاوی ئیتلاعات بووایە، ئەوە چەند ساڵە بێ پاسپۆرت نەدەبوو، پاسپۆرتی نییە بچێت بۆ رۆمانیا، ئیتلاعات پێی نادات. چوونە دەرەوە لە ئێرانی لێ قەدەخەکراوە."
 
"پیاوی ئیتلاعات نیم"
 
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، زیندەشتی هاوکاری ئیتلاعات یان دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکەی ئێران دەکات، بۆیەش لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاشکرا دەگەڕێ.
 
بەڵام زیندەشتی ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "من ئەو تۆمەتە قبوڵ ناکەم. با ئەوانە بەڵگە بخەنەڕوو. من سەر بە ئیتلاعات نیم، دەتوانم بچمە ئەمریکا، بچمە هەرێمی کوردستان، هەموو شوێنێک."
 
لە ئینتەرپۆڵ سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە
 
زیندەشتی ماوەیەکی زۆر لە تورکیا بووە، بەڵام ئەو کاتەی رووداو هەڤپەینی لەگەڵ کرد، بە گوتەی خۆی لە تورکیا قاچاخە و گوتی، "تورکیا ناوی منی بە ئینتەرپۆل داوە، ئەویش بە تۆمەتی کوژرانی پەرویز کیشاوەرز، کە لە تورکیا بە چەتین قۆچ دەناسرێت، پارێزەرێک لە ئیستەنبووڵ کوژراوە، بە ناوی قوتبەدین کایا، کەسێک بەناوی ئیلهان خەڵکی ئەرزەڕووم کوژراوە، واتە سێ بۆ چوار تاوانە، دۆسیەکەی من لەسەر تاوانکارییە".
 
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ ناجی شەریفی زیندەشتی