بەشێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوا دەکەن مانگرتنی گشتی بەڕێوەبچێت

29-01-2024
ناسر پیرۆتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران وەکو کاردانەوە بەرامبەر لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد لە کەرەج، داوا لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات رۆژی سێشەممە 30-01-2024 بە مانگرتنی گشتی و داخستنی دووکان و بازاڕ ناڕەزایی دەرببڕن.
 
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ داوا لە هەموو خەڵک دەکات، دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان لەئاست "ئەم تاوانە هەڵبڕن و نیشانی بدەن کە خاوەندارێتی لە رۆڵەکانی خۆیان دەکەن و رۆژی سێشەممە 10ی رێبەندان بە مانگرتنی گشتی و داخستنی دووکان و بازاڕ و نەچوونە سەر کار لە سەرانسەری کوردستان، رێز لە رۆڵە تێکۆشەرەکانی خۆیان دەگرن."
 
پارتی ئازادیی کوردستانیش لە راگەیێندراوێکدا داوا دەکات، رۆژی سێشەممە لە رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتی بەڕێوەبچێت. پاک دەڵێت، خەڵکی کوردستان بە مانگرتنی گشتی خۆڕاگری و کۆڵنەدانی خۆیان بەرامبەر حکومەتی تاران پیشان بدەنەوە.
 
هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا راگەیێندراوێک بەناوی ژمارەیەک چالاکڤانی مەدەنی لە مهاباد بڵاوکراوەتەوە و تێیدا داوا دەکرێت، رۆژی سێشەممە لە رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتی بەڕێوەبچێت. ئەو چالاکڤانانە لە راگەیێندراوەکەیاندا دەڵێن، "حکومەتە سەرکوتکەرەکان لەسێدارەدان وەکو کەرەستەیەک بۆ ترساندنی خەڵک بەکاردەهێنن و بەردەوامی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران دەریدەخات، دەسەڵات هیچ گرنگییەک بە مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە نادات."
 
بە مانگرتنی گشتی ئەو چالاکڤانانە داوا دەکەن سزای لەسێدارەدانی تەواوی بەندکراوانی سیاسی هەڵبوەشێندرێتەوە و سیستمی دادوەریی ئێران بە تەواوی بگۆڕدرێت بە مەبەستی پێشگرتن لە دەرکردنی "سزای ستەمکارانە و نایاسایی."
 
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 29-01-2024 چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی وەفا ئازەربار، موحسین مەزڵووم، پژمان فەتحی و محەممەد فەرامەرزی لە گرتووخانەی قزڵحەساری کەرەج لەسێدارەدران. ئەو چوار کەسە کە پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوون، لە هاوینی ساڵی 2023 لە ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکران و بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئیسرائیل بە لەسێدارەدان سزا دران.
 
مەسعود شەمس‌ نەژاد، پارێزەری ئەو بەندکراوانە دوای لەسێدارەدانیان رایگەیاند، لە دۆسییەی دادگای ئەواندا نووسرابوو پێش ئەنجامدانی هەر چەشنە چالاکییەک دەستبەسەر کراون؛پێشتریش رایگەیاندبوو، رەوتی دادگاییکردن و تۆمەتبارکردنیان نادادپەروەرانە بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.