زانا مەلا خالید: گەڕانەوەی تیمی وەزاریی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکان دەبێتە خاڵی دەستپێک بۆ چارەسەری کێشەکان


رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە سێ مانگ ناکۆکی، رۆژی شەممە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کێشەکانیان بردەسەر مێزی گفتوگۆ و لە سلێمانی بۆماوەی نزیکەی چوار کاژێر کۆبوونەوە. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان پێیوایە بە گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، دەتوانن گرفتەکانیان چارەسەربکەن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەی رۆژی شەممەی پارتی و یەکێتی، "بارودۆخی گشتی و هاوکێشە ناوخۆیی و ناوچەییەکان و راوسەرنج و تێبینیی هەردوولا لەسەر بابەتە جیاجیاکانی پەیوەست بە رێککەوتنی پێشووتری هەردوولا خرانەڕوو"، ئەوەش هاتبوو کە "هەردوولا رێککەوتن لە دەرفەتێکی نزیکدا کۆبوونەوەی دیکەی هەردووشاند ئەنجامبدرێت."
 
لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "ئێمە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان ناکۆکیمان هەبووە، ئەم شێواز و ناکۆکییەش فرە رەهەند و فرە لایەنە، هەروەها بەشێکی دیکە پەیوەستە بە لایەنی هەڵبژاردنەوە، بەڵام ئەم خاڵانەی دیکە بە بۆچوونی من ئەگەر نەگەینە ئەنجام، ناتوانین هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بکەین."
 
ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی دوای کوژرانی هاوکار جاف لە هەولێر لە 7ی تشرینی یەکەمی 2022، قۆڵتر بووەوە، بەڵام ئێستا خاڵی ناکۆکی نێوانیان جگە لە کوژرانی هاوکار جاف زۆرن بۆ گفتوگۆکردن، لەوانە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، پرسی داهات و خەرجییەکان، یەکخستنی هەڵوێستەکان بەرامبەر بە بەغدا و دەرەوە، پرسی حکومەت و گەڕانەوەی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران. 
 
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، "بەشدارینەکردنی برادەران بەڕێزان جێگری سەرۆکوەزیران و تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران ئەمە قوڵکردنەوەی گرفتەکان بووە لە ماوەی رابردوودا، دوورکەوتنەوە لە کۆبوونەوەکان و دوولەتبوونی کۆبوونەوەکان هیچ قازانج بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئەزموونەکەی ناگەیێنێت کە هەموومان تێیدا بەرپرسیارێتیمان هەیە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان. بەشداریکردنی برادەرانی یەکێتی دەبێتە خاڵێکی دەستپێک بۆئەوەی بتوانین لە داهاتوودا گرفتەکان چارەسەر بکەین."
 
کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند: بە پێکەوەکارکردن، (پارتی و یەکێتی) دەتوانن هەرێمێکی خۆڕاگرتری کوردستانی عێراق دروستبکەن، ماڵێکی یەکگرتوو، هەمیشە سەرفراز دەبێت.
 
هاوکات کۆنسوڵخانەی بەریتانیا رایگەیاند، "ئەمە هەنگاوێکی سەرەتای گرنگە بۆ دۆزینەوەی زەمینەی هاوبەش لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانی عێراق، چاومان لەوەیە لە کۆبوونەوەی داهاتوودا بەرەوپێشچوون لەسەر پرسە سەرەکییەکان هەبێت."