لە جۆلەمێرگ زیاتر لە شەش ساڵە خۆپێشاندان و گردبوونەوە قەدەخە کراوە


رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، قەدەخەی خۆپێشاندان و گردبوونەوە بۆ ماوەی 15 رۆژی دیکە درێژکرایەوە. ئەو قەدەخەکارییە لە 16ی تشرینی دووەمی 2016ـەوە سەپێندراوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، كه‌ له‌لایه‌ن پارێزگای جۆلەمێرگ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2023ـەوە تاوەکو 12ـی شوباتی داهاتوو، بۆ ماوەی 15 رۆژ هەموو جۆرە گردبوونه‌وه‌، خۆپێشاندان، رێپێوان و مانگرتن، هه‌ڵدانی چادر و چالاكییەکی دیکە قه‌ده‌خەیە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بە مەبەستی پاراستنى بنەما سەرەكييەكانى كۆمار، يەكپارچەيى جيانەكراوه‌ى دەوڵەت و نەتەوە، پێشێلنەکردنی ماف و ئازادیى ئەوانى ديكە، ئاسايشى خەڵك و بەرقەراركردنى ئارامى، رێگرتن لە تاوان، پاراستنى ماف و ئازادیی خەڵك، رێگرتن لە هەر رووداوێكى نەخوازراو" بڕیاری قەدەخەی خۆپێشاندان و گردبوونەوە دراوە.
 
یەکێک لە پاساوەکانی دیکەی قەدەخەکردنەکە "رێگرییە لە زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا" ئەمە لە کاتێکدایە تووشبوون بە کۆرۆنا لە تورکیا و باکووری کوردستان، تەنانەت جیهانیش بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بڕیاری قەدەخەکردنەکە ئەو چالاکییە فەرمییانە ناگرێتەوە کە لەلایەن پارێزگار و قایمقامەکانەوە مۆڵەتیان پێدەدەرێت.
 
پارێزگای جۆلەمێرگ دوایینجار لە 14ـی بۆ 28ـی کانوونی دووەمی 2023 قەدەخەی خۆپێشاندان و گردبوونەوەی راگەیاندبوو و بۆ ماوەی 15 رۆژی دیکە درێژیکردبووەوە. 
 
لە سنووری پارێزگاکانی جۆلەمێرگ و وانی باکووری کوردستان، دوای هەوڵی کودەتاکەی 15ـی تەممووزی تورکیا، لە تشرینی دووەمی 2016ـەوە و بەپشتبەستن بە بڕگەکانی ‌ئەلیف و جیم لە ماددەی 11ـی یاسای ژمارە 5442ـی بەڕێوەبردنی شارەکان و ماددەی 17ـی یاسای ژمارە 2911ـی چالاکییەکان، لە ناوەندی شار و شارۆچکە و ناوچەکانی سەر بەو پارێزگایانە، هەموو جۆرە خۆپێشاندان و گردبوونه‌وه و چالاکییەکی هاوشێوە قەدەخە کراوە.