دادگەی باڵای فیدراڵی لەبارەی دوو سکاڵای دیکە لە دژی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

29-01-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، دوو دانیشتنی ئەم هەفتەیەی دادگەکە تایبەتن بەو سکاڵایانەی لە دژی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. یەکێک لە سکاڵاکان لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانە، ئەوەی دیکەشیان لە دژی وەزارەتی بارزگانیی هەرێمی کوردستانە. 
 
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە رۆژانی 30 و 31ـی کانوونی یەکەمی 2023، دادگەکە دوو کۆبوونەوە بکات. راوێژکارێکی یاسایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "بەڵگەنامەکانی بەرگری و وەڵامەکانمان ئامادەکردووە". بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیش گوتی، "دادگە بڕیار لەبارەی دۆسیەکەمانەوە دەدات بە دواخستنی دادگاییەکە."
 
بەغدا داوای پارەی 18 ساڵی کۆبوونی خۆراک دەکاتەوە
 
کۆبوونەوەی یەکەمی دادگەی باڵای فیدراڵی لەبارەی سکاڵایەکە، کە لەلایەن بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى گشتیى بازرگانیى خۆراکى حکومەتى فیدراڵى لە دژى وەزیرى بازرگانی و پیشەسازیى هەرێمى کوردستان و بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانی تۆمارکراوە. 
 
لە سکاڵاکە داواکراوە ئەو پارانە بگەڕێنەوە کە لە ئەستۆیاندایە و تایبەتە بە بەشەخۆراکى مانگانە کە لە هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان وەرگیراون، لە یەکى کانوونى دووەمى 2004ـەوە تاوەکو 30ـى ئەیلوولی 2021.
 
داواکە، کە ژمارە 216/ـی فیدراڵی/ 2022ـی هەیە، تاوەکو ئێستا سێ جار دواخراوە، کە دوایینیان لە رۆژی سێشەممە 8ـى تشرینى یەکەمى 2022 بوو.
 
رۆژی یەکشەممە، 29-1-2023، نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئێمە لە دانیشتنەکە ئامادە نابین، چونکە لە بنەچەدا دادگاییەکە دواداخرێت". گوتیشی، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق رێککەوتوون پارەی کۆبوونی خۆراک ئەوەی ئێستا هەیە مانگانە بۆیان دەگەڕێننەوە، بۆیە وەزارەتی بازرگانی نوێنەریان دەنێرن بۆ کۆبوونەوەکەی دادگە و ئەوان بڕیاری دواخستنی دانیشتنەکە دەدەن.
 
سکاڵایەک لەسەر درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمان
 
بڕیارە رۆژی سێشەممە، 31-1-2023، دادگەی فیدراڵی لەبارەی سکاڵایەک، کە تایبەتە بە درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە. سکاڵاکە بە ناوى سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق پێشکێشکراوە، لە پاش ئەوەى لەگەڵ سێ سکاڵاى دیکەدا یەکخران کە لەلایەن یوسف محەممەد، سەرۆکى پێشووى پەرلەمانی کوردستان؛ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جووڵانەوەى نەوەى نوێ و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان پێشکێش کرابوون و 18ـى کانوونى یەکەمى 2022، یەکەم دانیشتن لەبارەى سکاڵاکان کرا.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، وریا سەعدی ئەحمەد، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "تیمی راوێژکارانی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بەڵگەنامەکانی بەرگری و وەڵامدانەوەمان ئامادەکردووە، هەموو شتێکمان لە دۆسیەکەماندا داناوە، بەڵام بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆببینەوە، ئەگەر بڕیاردرا ئەوا بەیانی دەچینە بەغدا بۆ ئەوەی رۆژی دادگاییکردنەکە کە 31ـی ئەم مانگەیە ئامادەبین و بەڵگەکان بخەینەڕوو، ئەگەر بڕیارەکەش بەو شێوەیە بوو نەچین، ئەوا ناڕۆین."
 
سکاڵاکار لەو سکاڵایەدا داوای پووچەڵکردنەوەی یاسای ژمارە 12ـی رۆژی 9-10-2022ـی تایبەت بە درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات بە پاساوی دژایەتیی لەگەڵ هەردوو ماددەی 5 و 20ـی دەستووری عێراق، جگە لەوەش لە داواکە هاتووە "مافی دەستووریی دیاریکراو لە ماددەی 51ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992 پێشێل دەکات."
 
رۆژی 9ـى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 کۆتایی هات، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان  هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تووڕەکرد و لەنێوان بەشدارینەکردن لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و بایکۆتکردنی و هەڵپەساردنی ئەندامێتی؛ خۆیانهێشتەوە.
 
پێشتر و لە دانیشتنی ژمارە 11ـی ئاسایی رۆژی 9-10-2022، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ یاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی پەسندکرد کە لە سێ ماددە هۆیەکانی دەرچوون پێکدێت.
 
ئەو دوو سکاڵایە لە دژی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، رۆژی 25-1-2023، دادگەی فیدراڵی لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت کە لەلایەن پەرلەمانتار مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری سەربەخۆ و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و محەممەد مەیاحی، پارێزگاری واستەوە تۆمارکرابوو، بڕیاریدا بڕیارەکانی ژمارە هەشتی ساڵی 2022 و ژمارە(401، 257، 226، 194ـی ساڵی 2021)ـی ئەنجوومەنی وەزیران هەڵبوەشێندرێتەوە کە پاڵپشت بوون بۆ ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی دەرچوونی بڕیارەکە لەلایەن دادگەکەوە؛ سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی لەبارەی بڕیارەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دادگەکە "هەڵوێستێکی دیکەی دووژمنکارانەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان نیشان دا." دەشڵێت، "دیارە ئەجێندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات و جێگەی دادگەی شۆڕش (محكمة الثورة)ی رژێمی پێشووی گرتووەتەوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە