سه‌فین دزه‌یی: کابینەی نۆیەم بەدەربوو لە کێشمەکێشی لایەنە سیاسییەکان


رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئەوەی بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگ بوو، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەربوو لە کێشمەکێشی لایەنە سیاسییەکان. گوتی، "دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی گومانمان لا دروستبووە." 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 29-1-2023، سه‌فین دزه‌یی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای بەشداریکردنی لە رۆژی نیشتیمانیی هندستان کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "کەشێکی ئەرێنی لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەبوو، بەڵام لە دوای بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق گومانمان لە پرۆسەکە بۆ دروستبوو." 
 
سەفین دزەیی گوتی: "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێز لە یاساکانی عێراق دەگرێت، بەڵام لە هەمانکاتدا داوا دەکەن ئەو گرفتانە لە رێگەی دیالۆگ و تێگەیشتنی سیاسی چارەسەر بکرێت." 
 
رۆژی چوارشەممە 25ـى کانوونى دووەمى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى سکاڵایەکى کرد کە لەلایەن مستەفا سەنەد، پەرلەمانتارى عێراق لەگەڵ پارێزگارى واست پێشکێش کرابوون، لە دژى چەند بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بۆ ناردنى ئەو پارانە بۆ هەرێمی کوردستان، دادگەکە لەسەر بنەمای ئەو سکاڵایانە، ناردنی پارەی بۆ هەرێمی کوردستان بە "نادەستووری" لە قەڵەمدا.
 
بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى، ئەو بڕیارانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پێچەوانەى یاسای بودجەى 2021 و یاسای بەڕێوەبردنى دارایی ساڵى 2019 بوون کە ناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان پێویستى بە پاکتاوى دارایی پەیوەست بە داهاتى نەوت و نانەوتیى هەرێمى کوردستان هەیە و ئەنجوومەنى وەزیران نابێت بڕیارێک دەربکات کە قورسایی ئابوورى بخاتە سەر خەزێنەى دەوڵەت بە پێچەوانەى یاسای بودجە و یاسای بەڕێوەبردنى دارایی. 
 
ئەو شەش بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران کە لەلایەن دادگەکە بە "نادەستووری" دانراون، پێنج بڕیاریان تایبەت بوون بە ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان، واتە یەک ترلیۆن دینار، بڕیارێکیشیان تایبەت بووە بە ناردنی سێ ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوەی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.
 
لەبارەی هیندستانیشەوە، سەفین دزەیی گوتی: زیاتر لە ملیار و نیوێک هاووڵاتی هەیە، وڵاتێکە توانیویەتی سەقامگیری خۆی لەسەر ئاستی جیهان بپارێزێت، لە سەرووی ئەوەی بەسەدان زمان، ئایین، نەتەوەی جیاواز کۆبوونەتەوە، توانیویانە لە رووی ئابووری، کولتووری، کشتوکاڵ و زانستی پێشەنگ بن و ئێمەش زۆر شت لەم وڵاتەوە فێردەبین. 
 
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: کۆنسوڵی گشتیی هیندستان ئێستا لە کوردستانە، پەیوەندییەکی پتەومان هەیە و هەوڵدەدەین ئەو پەیوەندییە فراوانتر بکەین.