ئیدارەی راپەڕین: کارکردن لە 62 پڕۆژەی سەروچاوە وەستاون

29-01-2023
عەدنان رەشید
دیمەنی ناحیەی سەروچاوە. وێنە: رووداو
دیمەنی ناحیەی سەروچاوە. وێنە: رووداو
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ 

بەشێکی دانیشتووانی ناحیەی سەروچاوە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، بەهۆی "نەبوونی هەلیکار و خزمەتگوزاری" لە سنوورەکەیان، کۆچ دەکەن بۆ شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان یان ئەوروپا. ئیدارەی راپەڕینیش دەڵێت: لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە 105 پڕۆژە وەستاون، لە 2017دا 42 پڕۆژە جێبەجێکران، ئێستا 62 پڕۆژە بەهۆی نەبوونی نەختینە لە بانک وەستاون و چاوەڕێی حکومەتین پارە دابین بکات. 

جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین دەڵێت: ئەگەر پارە دابینبکرێت، هەموو پڕۆژەکان لە ماوەی شەش مانگدا تەواو دەبن.
 
"داوا دەکەین رێگەی سەروچاوە - حاجیاوا دووساید بکرێت"

رۆژی یەکشەممە 29-01-2023، بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، بەدواداچوونی مەیدانی بۆ کێشە و گرفتەکانی ئیدارەی راپەڕین و ناحیەی سەروچاوە کرد، بەشێکی بەرپرسانی سنوورەکە و دانیشتووانەکەی بەشداربوون.

رێبوار مەحموود، هاونیشتمانیی سەروچاوە، بەشێکی داواکاریی خەڵکی سنوورەکەی خستەڕوو و گوتی: داوای پاککردنەوەی بەنداوی سەروچاوە دەکەین و ناوەوەی چەوڕێژ بکرێت بۆ ئەوەی قەوزە و پیسی رانەگرێت، چونکە خەڵکێکی زۆر وەک گەشتیار روو لە ناوچەکە و بەنداوەکە دەکەن. 

ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت: دەمانەوێت رێگەی نێوان سەروچاوە - حاجیاوا بکرێتە دووساید، هەروەها داوای تەواوکردنی هۆڵی بۆنەکان دەکەین، چونکە شوێنێک نییە وەرزشکاران یاری تێدا بکەن.

فەرهاد خدر، هاونیشتمانییەکی دیکەی سەروچاوەیە، دۆخی هونەر و شانۆ لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو بە "پێشکەوتووتر وەک لە ئێستا" ناودەبات و دەڵێت: ساڵانی هەشتاکان شانۆگەریی، گۆرانیبێژ و وەرزشکارمان هەبووە، لە هەشتاکان پێشکەوتووتر بووە لە ئێستا. 

بە گوتەی فەرهاد خدر، بڕیاری نۆژەنکردنەوەی یاریگەی سەروچاوە و شوێنی دانیشتنی هاندەران، لە 2018 بە واژۆی جێگری سەرۆکی حکومەت دراوە، بەڵام تائێستا جێبەجێ نەکراوە.

فەرهاد خدر دەڵێت: هۆڵێک لەلایەن کۆمپانیایەک لە سەروچاوە دروستکرا، بەڵام بەشی یەک ساڵی نەکرد، بەهۆی بارینی بەفر هۆڵەکە داڕما و نۆژەن نەکراوەتەوە. ئەو هۆڵە وەک بۆنەکان سوودمان لێدەبینی، تەنانەت بۆ یاریی بالەش. "گەنجی سەروچاوە هەلیکاریان پێویستە و پڕۆژەیەکی ئەوتۆ نەکراوە کە گەنج بەهرەکانی تێیدا بدۆزێتەوە."

ئەو هاونیشتمانییە باس لە خراپی رێگەکەیان دەکات کە ساڵانە قوربانی لێدەکەوێتەوە و دەڵێت: کارگوزارێکی سنوورەکەمان بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە نڤیشکان بووە و ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانییە. کۆڵانەکانی نێو گەڕەکەکانیش بەشێکیان قیرتاوکراون و بەشێکیشیان قیرتاو نەکراون.

"زۆربەی گەنجەکانمان روویان لە دەرەوەی وڵات کرد"

دڵشاد مستەفا، هاونیشتماییەکی سنوورەکەیە و هۆکاری کۆچکردنی گەنجانی ئیدارەی راپەڕینی بۆ "نەبوونی هەلیکار" گەڕاندەوە و باسی کۆچی دانیشتووانی سنوورەکەی بۆ نێو شار دەکات و دەڵیت: گەنجەکانمان بە داخەوە وەک زۆرینەی شوێنەکانی دیکە، روویان لە دەرەوەی وڵات کرد، ئێستاش گەنجێکمان بە ناوی محەممەد سلێمان، نزیکەی حەوت مانگە لە رێگەی ئەوروپا بێسەروشوێنە. لەبەر نەبوونی کار زۆرینەی دانیشتووانەکەمان روویان لە شارەکانی دیکە و دەرەوەی وڵات کرد. راستە حکومەت کاری کردووە، بەڵام ئێستا دەبینین وەرزشکار، سیاسەتڤان، گەنج و زۆرینەی خەڵکەکە کۆچ دەکەن. 

دڵشاد مستەفا باسی دۆخی پەروەردەی سنوورەکەیان دەکات و دەڵێت: قوتابخانەیەکمان هەیە لە سەردەمی رژێمی بەعس دروستکراوە، ئەو قوتابخانە نوێیەی کە دروستکراوە دوورە و مامۆستاکان دەڵێن، "قوتابخانە کۆنەکە ئەگەری داڕمانی هەیە و داوای دروستکردنی قوتابخانەیەکی 18 پۆلی دەکەین." 

دڵشاد مستەفا، کەرتی پێشووتری کشتوکاڵ بە "باشتر" وەک لە ئێستا ناودەبات و دەڵێت: ئێستا زۆربەی خەڵک زەوییەکانیان دەفرۆشن، دەتوانرا سامانی ماسیمان هەبێت، سامانی ئاژەڵمان هەبێت، راستە کاری زۆرباشی وەکو دووسایدکردنی بەشێکی رێگەکان، دروستکردنی ئاوەڕۆ و چاککردنەوەی تۆڕی کارەبامان بۆ کراوە، بەڵام بەگشتیی کەرتی کشتوکاڵ پەراوێز خراوە، بۆ نموونە بە بەنداوی بێتواتە دەتوانرێت تەنیا بە گەشتیاری بژێوی نزیکەی 70٪ی سنوورەکە دابین بکرێت.  

"سێجار دووسایدکردنی رێگەی سەروچاوە - حاجیاوا لەلایەن حکومەتەوە رەتکراوەتەوە"

ناحیەی بێتواتە، 32 گوند، دوو شارۆچکە و دوو شارەوانی لەخۆ دەگرێت. ئیبراهیم مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی بێتواتە دەڵێت: ئێمە خۆمان بە کەمتەرخەم نازانین، چونکە هەموو داواکارییەکان کە بۆ قایمقامییەت بەرزکردوونەتەوە و ئەوانیش بەرزییان کردووەتەوە بۆ ئیدارەی راپەڕین و ئەوانیش بۆ لایەنی پەیوەندیدار.

ئیبراهیم مەحموود باس لە نموونەیەک دەکات و دەڵێت: دووسایدکردنی رێگەی سەروچاوە - حاجیاوا سێجار لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەتکراوەتەوە، جاری یەکەم داوای کەمکردنەوەی بڕەکەیان کرد کە 6 ملیار و 800 ملیۆن دینار بوو، کەمکرایەوە بۆ 5 ملیار و 800 ملیۆن دینار هەر رەتکرایەوە، جاری سێیەم لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دانیشتین و کرایە دوو قۆناخ، ئەمساڵ نووسراومان کردووە و داوامان کردووە بە دوو قۆناخ بکرێت، سەرەڕای ئەوەش رێگە کۆنەکە چارەسەرێکی کاتی بۆ بکرێت.

"رێگەی سەروچاوە - بالیسان قیرتاو دەکرێتەوە"

سەبارەت بە خراپی رێگەی سەروچاوە تاوەکو بازگەی خەتێ، بەڕێوەبەری ناحیەی بێتواتە دەڵێت: رێگەکە پێشتر زۆر خراپتر بوو، ئێستا وەزیری ئاوەدانکردنەوە بڕیاری چاککردنەوەی داوە و ئەنجوومەنی وەزیرانیش رەزامەندی داوە پارە خەرج بکرێت و رێگەکە تاوەکو ناحیەی بالیسان چاکدەکرێت، ئێستا دەستیپێکردووە، بەڵام بەهۆی وەرزی بارانبارینەوە وەستاوە، رێگەکە قیرەکەی هەڵدەگیرێتەوە و دووبارە قیڕ دەکرێتەوە و رێگەکە فراوان دەکرێت. 

"لەکاتی دروستکردنی هۆڵی بۆنەکان، تایبەتمەندیی شوێن رەچاو نەکراوە"

محەممەد مستەفا، لێپرسراوی پڕۆژەکان لە شارەوانیی بێتواتە دەڵێت: هۆڵی بۆنەکان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە سەرپەرشتی کراوە، یەکێک لە گرفتەکانی ئەو پڕۆژەیە ئەوەبوو کە دیزاینەکەی لە خوارووی عێراقەوە هاتووە و تایبەتمەندیی شوێنەکە لەبەرچاو نەگیراوە. دیزاینی باشووری عێراق لەسەر هەموو هەرێمی کوردستان جێبەجێکراوە.

بەڕێوەبەری ناحیەی بێتواتە دەڵێت: "ئەندازیاران لە ئیدارەی راپەڕین هاتن و سەیری هۆڵەکەیان کرد کە کەڵکی نۆژەنکردنەوەی نەماوە و دەبێت تێکبدرێت و دروستبکرێتەوە. ئێستا خەزانێکی ئاو بە پێویستتر دەزانم وەک لە هۆڵێک." 

"کۆمپانیا دەچێتە بانک و دەڵێن، نەختینە نییە"

سەبارەت بە تەواونەبوونی نۆژەنکردنەوەی یاریگەی سەروچاوە، ئیبراهیم مەحموود دەڵێت: بۆ ئەم بابەتە سەردانی وەزارەتی رۆشنبیری و خودی وەزیر و بەڕێوەبەرایەتیی وەرزش و لاوانمان کرد، هەوڵی زۆریش دراوە و چەندجارێک نووسراومان کردووە، بەڵام هیچ بودجەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نەچووەتە پەرلەمان و بڵێت، ئیدارەی راپەڕین ئەوەندە بودجەیەتی و ئەوەندەش بۆ ناحیەی بێتواتەیە. 

سەبارەت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی ماڵانیش وەک بەڕێوەبەری ناحیەی بێتواتە ئاماژەی بۆ دەکات، کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی نەختینە لە بانکەکان، "ئەمساڵ لە ئیدارەی راپەڕینەوە 350 ملیۆن دینارمان بۆ تەرخانکردووە، خراوەتە تەندەرینەوە، بەڵام کۆمپانیا دەچێتە بانک پێی دەڵێن، پارەمان نییە. ساڵی رابردوو 922 ملیۆن دینار خراوەتە تەندەرین، بەڵام پارە لە بانک نییە." 

"لەگەڵ هەر بارانبارینێک، گەڕەکی مامۆستایان ژێرئاو دەکەوێت"

ئەسوەد مەحموود، کە دانیشتووی گەڕەکی نەورۆزی سەروچاوەیە، رەخنە لە شارەوانیی ناحیەکەیان دەگرێت و دەڵێت: هەموو خانووەکانی گەڕەکەکەمان تاپۆن، بەڵام تائێستا ئاوەڕۆی بۆ نەکراوە، ئەو ئاوەڕۆیانەشی کە کراون گیراون. هیچ کەسێک سوود لەم بەنداوە نابینێت، پێشتر وەکو دارستان بوو ئێستا تەنیا قەوزە و پیسییە. ئێستاش بەنداوەکە بەتاڵ کراوە و خوا دەزانێت تاوەکو کەی ئاوا دەمێنێتەوە. لامان سەیرە بۆ تەنیا لە کاتی بارانبارین دەست بە پڕۆژە دەکەن و پاشان دەڵێن، بەهۆی بارانەوە وەستاوە؟ بارانێک ببارێت گەڕەکی مامۆستایان لە سەروچاوە ژێرئاو دەکەوێت. تائێستا سەنتەرێک نییە بۆ گەنجەکان. پارکێکمان نییە بۆ حەسانەوە. 

"87٪ـی کۆڵانەکان قیرتاو یان کۆنکرێت کراون" 

بە گوتەی لێپرسراوی پڕۆژەکان لە شارەوانیی سەروچاوە، 87٪ـی کۆڵانەکان قیرتاو یان کۆنکرێت کراون، "هەموو سەروچاوە تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆی بۆ تەواوکراوە و ئەمساڵ سەرجەم کۆڵانە قیرتاونەکراوەکان، قیرتاو دەکرێن." 

محەممەد مستەفا، باسی وەستانی ئەو پڕۆژانە دەکات کە لە سنوورەکان وەستاون: رێگەی دەرەکی سەروچاوە دەستبەکاربوون و راوەستانی لە یەک رۆژدا بووە، لە مانگی پێنجی 2014 بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستا. نزیکەی 90٪ـی کۆڵانەکان قیرتاوکراون و تەنیا نزیکەی 22 هەزار مەتر ماوە کە بەهۆی نەبوونی پارە لە بانک نەتوانراوە جێبەجێ بکرێت. پڕۆژەی سەوزکردنی نێو دووسایدی سەروچاوە و راکێشانی تۆڕی ئاو بۆ هەندێ گەڕەک لەسەر بودجەی پترۆدۆلار بەهۆی کەمیی پارە نەتوانراوە جێبەجێ بکرێت. 

بۆ پاککردنەوەی بەنداوی سەروچاوە بەهاوکاری رێکخراوێکی ئەڵمانی توانرا بڕی 98 هەزار یۆرۆ کۆبکرێتەوە و تەواوکاریی پڕۆژەکە لای وەزارەتی کشتوکاڵە، بەڵام پڕۆژەکە لەبەر دوو هۆکار وەستاوە؛ یەکەم، لەم وەرزە ناتوانرێت هیچ ئامێرێک کار لە پڕۆژەکە بکات. دووەم، بەهۆی بوونی چەند پڕۆژەیەکی بچووکی وەک حەوزی ماسی و کشتوکاڵ لە خوارووی بەنداوەکە، جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کەمێک دواکەوت، تاوەکو وەرزی باران هات و قوڕ و لیتە لەنێو بەنداوەکە کۆبووەوە و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هیچ ئامێرێک نەتوانێت کار لە پڕۆژەکە بکات.

"ئیدارەی راپەڕین ساڵانە پێویستی بە 60 ملیار دینارە"

دلاوەر قوباد، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین وەستانی پڕۆژەکانی بۆ قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینە لە بانک گەڕاندەوە و گوتی: لە 2014ـەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، زیاتر لە 105 پڕۆژە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین وەستان؛ کە ئەوکات پێویستی بە 380 ملیار دینار بوو. دوای ساڵانی 2017 و 2018 جێگری سەرۆکی حکومەت بڕێک بودجەی بۆ پڕۆژەکان تەرخانکرد و کۆمەڵێک پڕۆژە تەواوبوون، ئێستا 62 پڕۆژە وەستاون کە پێویستییان بە 128 ملیار دینارە بۆ تەواوکردنیان، کە بەشێکیان پڕۆژەی ستراتیژین.

"متمانە لەنێوان حکومەت و کۆمپانیاکان نەماوە" 

وەک جێگری سەرۆکی ئیدارەی راپەڕین ئاماژەی بۆ دەکات، ئەمساڵ یەکەمجارە بودجەی پەرەپێدان بۆ ئیدارەی راپەڕین تەرخانبکرێت بە کۆمەڵێک مەرجەوە، "996 ملیۆن دینار بۆ ناحیەی بێتواتە تەرخانکراوە بەپێی ژمارەی دانیشتووانەکەی بەریکەوتووە. هەندێک لە پڕۆژەکان کۆمپانیاکان وەریناگرن و هەندێکیشیان وەریانگرتووە و داوای وەستاندنی دەکەن بەهۆی نەبوونی پارەوە. تاوەکو ئێستا 20 پڕۆژە چووەتە بواری جێبەجێکردن کە 20 کۆمپانیا پڕۆژەیان وەرگرتووە و هەموویان داوای وەستانی دەکەن؛ متمانە نەماوە لەنێوان کۆمپانیا و حکومەت، داوا دەکەین حکومەت هەر پارە تەرخان نەکات و نەختینەش لە بانک نەبێت." 

بە گوتەی دلاروەر قوباد، پێوستییان بە 10 ملیار دینار قەرزە وەک سولفەی کۆمپانیاکان، بۆ ئەوەی قەرزی کۆمپانیاکان بدەنەوە و پڕۆژەکان دەستپێبکەنەوە. "پڕۆژەمان هەیە قازانجی زۆرباشە کە بەهاکەی زیاتر لە ملیارێک دینارە، بەڵام هیچ کۆمپانیایەک تەندەری وەرنەگرتووە و ئامادە نییە وەریبگرێت، چونکە پارە لە بانک نییە، ئیدارەی راپەڕین پێویستی بە 60 ملیار دیناری ساڵانە هەیە." 

"ئامێری تیشک نییە و ئەگەر شوێنێکت بشکێت دەبێت، بڵێین خوا رەحمت پێبکات"

عومەر ئیسماعیل، هاونیشتمانییەکی دیکەیە لە سنووری راپەڕین و دەڵیت: "لە سنوورەکەمان هیچ رێژەیەکی سەوزایی نییە و چاودێری ئەو دارانە ناکەن کە دەچێنرێن. لایەنی تەندروستی خراپترینە، بۆ نموونە ئامێرێکی تیشک هەبوو ئەویش نەما و بردیان، ئەگەر شوێنێکت بشکێت دەبێت، بڵێین خوا رەحمت پێبکات، دەرمان نییە، پزیشکی پسپۆڕ نییە. رێگەکەمان خراپە، بەرپرسانی سنوورەکەمان رۆژانە بە رێگەکە هاتووچۆ دەکەن، خراپیی رێگەکە نابینن." 

جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین دەڵێت: چاوەڕوانی حکومەت دەکەین نەختینە بۆ بانک پەیدا بکات، ئەگەر نەختینە هەبێت، هەموو پڕۆژەکان شەش مانگ ناخایێنێت و تەواو دەبن. ئەگەر پارە ئامادە بێت، سبەی کۆمپانیاکان دەستبەکار دەکەن. پڕۆژە گرنگەکان تەواوبکرێن، پڕۆژەکانی دیکەش وەکو هۆڵ و یاریگە لە بودجەی ساڵانی داهاتوو تەواو دەکرێن.

مەڵبەند محەممەد، هاونیشتمانییەکە و بەرپرسانی ئیداریی سنوورەکەیان بە "بێدەسەڵات لە رووی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان" وەسف دەکات و دەڵێت: "بەرپرسانی ئێرە هیچیان لەدەست نییە، تەنیا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگرەکەی دەتوانن ئۆکەی بکەن، ئەگەر ئەو بەڕێزانە [بەرپرسانی سنوورەکە] مووچەی خۆشیان ببڕدرێت بۆیان ناگەڕێتەوە." 

مەڵبەند محەممەد دەڵێت: من دەرچووی زانکۆم، داوام لە شارەوانی کرد رێگەم پێبدات مارکێتێک لە نزیک بەنداوەکە دابنێم، بەڵام رێگەیان نەدام، دەرچووی زانکۆم و بێئیشم. بڵێ ئیش هەیە بە 300 هەزار تاوەکو کاژێرێکی دیکە هەزار کەس تەنیا لە سەروچاوە کۆدەبێتەوە. ئەگەر من هاوژینیم پێکنەهێنابا، قەرزم دەکرد و دەڕۆیشتمە ئەوروپا.

سەبارەت بە رێگریکردن لە دانانی دووکان یان مارکێت لە نزیک بەنداوەکە، بەڕێوەبەری ناحیەی بێتواتە دەڵێت: ئەو داواکارییانەی کە هاتوون زەوییەکە یان موڵکی شارەوانییە یان زەوی وەزارەتی کشتوکاڵە. ئەگەر مارکێتێک لە نزیک بەنداوی سەروچاوە دابنرێت و رێگری لێنەکرێت دەبێتە زێدەڕۆیی. 

"کەس دەستی وەبەرهێنەری نەگرتووە پڕۆژە پێشکێش بکات" 

شارەوانیی سەروچاوە دەڵێت: بەنداوی سەروچاوە نەخشەیەکی گەشتیاریی پەسندکراوی هەیە و رەگەزەکانی دیارکراوە، هەر وەربەرهێنەرێک ئامادەیە کار لە بەنداوی سەروچاوە بکات، دەستمان نەگرتووە، بەڵام کەس نەهاتووە. پڕۆژەکان بریتین لە هۆتێل، کافتریا، کەپری گەشتیاری، بەڵام بەپێی یاسا بەرکارەکان بێت و لەگەڵ نەخشەکە و رەگەزەکە بگونجێت، ئەوکات دەبێت مامەڵەی یاسایی دەستپێبکات. تاوەکو ئێستاش کەس نەهاتووە داوای گۆڕانکاری لە نەخشەی پڕۆژەکە بکات. هیچ گەنجێکیش نەهاتووە رێگەی یاسایی بگرێتە بەر.

جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین دەڵێت: ئەگەر پارە بۆ پڕۆژەکان دابین بکرێت، کۆمپانیاکان بەگەڕ دەخرێنەوە و هەلیکاریش دەڕەخسێت. پێویستمان بە 60 ملیار دیناری ساڵانەیە بۆ ئیدارەی راپەڕین بۆ کەمکردنەوەی بێکاری، نەهێشتنی پڕۆژەکان و بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەکان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە