شەش رۆژە ئەیوب بێسەروشوێنە؛ لە وانەکانی باش نەبوو و 'رۆژانە لە قوتابخانە لێی دەدرا'

29-01-2023
بەهرۆز فەرەیدوون
دوایین دەرکەوتنی ئەیوبی 13 ساڵ لەم ڤیدیۆیەدا دەبینن
دوایین دەرکەوتنی ئەیوبی 13 ساڵ لەم ڤیدیۆیەدا دەبینن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرەتای ڤیدیۆکە دوایین دەرکەوتنی ئەیوبی تەمەن 13 ساڵ لە نزیک ئەو قوتابخانەیەی کە تێیدا دەخوێنێت، دەبینن، ئەو مێرمنداڵە زیاتر لە شەش رۆژە بێسەروشوێنە.
 
ئەیوب قوتابیی قۆناخی چوارەمی بنەڕەتییە لە قوتابخانەیەکی عەرەبیی تێکەڵاو، کەسوکارەکەی بەدوای سەرەداوێکدا دەگەڕێن بۆ دۆزینەوەی کوڕەکەیان.
 
بەگوتەی هاوڕێکانی بێت، ئەیوب پەرکەمی لەگەڵدا بووە، زانیارییەکی دیکەشیان پێگوتم کە رۆژانە لە قوتابخانەکەی لێیدراوە و بەردەوام گریاوە.
 
محەممەد ئیسماعیل، هاوڕێی ئەیوبە و دەڵێت، لە هەموو وانەکان خراپ بوو، ئەوە دوو ساڵە لە پۆلی چوارە.
 
قسەی هاوڕێکەی ئەیوب، گومانێکی دیکەش دروست دەکات، بەپێی خشتەی تاقیکردنەوەکانی ئەیوب، رۆژی 25ـی ئەم مانگە و چوارشەممە دەست بە تاقیکردنەوە کراوە، بەڵام رۆژێک پێش دەستپێکی ئەو تاقیکردنەوانە ئەیوب بزربووە.
 
ئەحمەد سەعدوڵڵا، باوکی ئەیوبە و لەسەر ئەو گومانە گوتی، "بڕوا ناکەم خۆی بشارێتەوە، بەس لەوانەیە ون بووبێت، لێرە بوایە دەهاتەوە، بەس لە شوێنی دیکە بێت، ناتوانێت بێتەوە."
 
چەند رۆژێکە پۆلیس و پێشمەرگە بەدوای سەرەداوێکدا دەگەڕێن بیانگەیێنێتە ئەیوب و دەستیان ناکەوێت. تەنانەت سەگە پۆلیسییەکانیش کەسیان نەگەیاندە ئەیوب.
 
پۆلیس و کەسوکارەکەی ڤیدیۆیەکی دیکەیان دەستکەوتووە کە تێیدا کەسێک لە نزیک ئاوەڕۆیەک دەردەکەوێت، ئەوان پێیان وایە ئەوەش هەر ئەیوبە، کەسوکارەکەی و پۆلیس تەواوی ئاوەڕۆکەش گەڕاون و هیچیان دەستنەکەوتووە. 
 
حسێن ئەزهەر، پورزای ئەیوبە و دەڵێت، "پیاوێک بە ئێرەدا دێت و نەسیحەتی دەکات و دەڕوات، تاوەکو ئێوارە تەماشای دەکەن، لە ئاوەڕۆکە نایێتە دەرەوە."
 
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، هیچ سەرەداوێک لەسەر ئەیوب دەست هیچ کەسێک نەکەوتووە، نە پۆلیس نە کەسوکارەکەی، نە ئێمەش، بەڵام گەڕان و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بەدوای ئەیوبدا هەر بەردەوامە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە