رووداو دیجیتاڵ
لە پێکدادانی رۆژی شەممە 28-1-2023ـی نێوان هێزەکانی جەندرمە و گوندپارێزان لەگەڵ گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان، بەرپرسێکی گوندپارێزان بە ناوی نیعمەت کوژرا. لە هەمان پێکداداندا شەش گەریلا گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان ئەڤین ئەنجوو، برازای نیعمەت ئەنجوو بوو.
پێکدادانەکانی نێوان جەندرمە و گوندپارێزان لەگەڵ گەریلاکان ماوەی دوو رۆژ بەردەوامبوو. ئەو شەش ژنە گەریلایە لە ناوچەی بەستای سەر بە شرناخ گیانیان لەدەستدا، جگە لە ئەڤین ئەنجوو، هەریەک لە حەمدیە تەکبوداک، رایفە کوتڵاک، لەیلا ساین و گوڵناز ئۆجلا بوون.
تەرمی پێنج گەریلا رادەستی خێزانەکانیان کرانەوە، تەنیا تەرمی ئەڤین کە سەرەڕای ئەوەی ناسنامەی دەستنیشانکراوە، رادەستی خانەوادەکەی نەکراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی ئەوەی ئێستا لە گوندی بێژوهـی سەر بە شارۆچکەی قیلەبان، پرسەی نیعمەت ئەنجوو بەڕێوەدەچێت، تەرمی ئەڤین ئەنجوو لە دادپزیشکیی نەخۆشخانەی شرناخ وەستێندراوە. دوای پرسەی مامی ئەڤین کە گوندپارێز بوو، تەرمی ئەڤینی گەریلا رادەستی خانەوادەکەی دەکرێتەوە و لە هەمان گوند پرسە بەڕێوەدەچێت.
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، تەرمی ئەو گەریلایانە بە مەبەستی دەستنیشانکردنی ناسنامەکانیان گواسترانەوە بۆ دادپزیشکی.
رۆژی 22-1-2023 وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی لە دژی پەکەکە لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای سێرت و شرناخ راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ