رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، "بەهۆی پێشێلکردنی مەرج و رێنماییەکانی کارکردن"، لەوانە؛ دانانی کارمەند لەسەر شەقام بۆ بانگکردنی هاونیشتمانییان، بڕیاری داخستنی هەشت نووسینگەی مامەڵەی پاسپۆرت درا.
رۆژی یەکشەممە 29-1-2023، رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەپێی راپۆرتی لیژنەی رۆشنبیری سەر بە لیژنە هاوبەشەکان، بەهۆی پابەندنەبوون بەمەرج و رێنماییەکانی کارکردن و دانانی کارمەند لەسەر شەقام بۆ بانگکردنی هاونیشتمانییان، "کە دیاردەیەکی نامۆ و نایاساییە و بووەتە هۆی بێزاری خەڵک، بڕیاردرا بە داخستنی هەشت نووسینگەی مامەڵەی پاسپۆرت، هەروەها مامەڵەی یاساییان لەگەڵدا دەکرێت."
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو شوێنانە "ژمارەیەک وێنەگر و نووسینگەی مامەڵەی هاونیشتمانییانن کە لە نزیک بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی کاریان دەکرد."
وەک رێکان جەمال دەڵێت، "پێشتر سەرجەم ئەو شوێنانە ئاگادارکراونەتەوە و بەڵێننامەیان لێوەرگیراوە، بەڵام ئەم هەشت شوێنە پابەندنەبوون، بۆیە بە فەرمانی قایمقامی سلێمانی داخران و خاوەنەکانیان رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ