لە پشدەر لە رووداوێکی هاتووچۆدا کەسێک گیانی لەدەستدا و سێی دیکەش بریندارن


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی هاتووچۆی راپەڕین رایگەیاند، لە رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگەی سەنگەسەر-تووەسوران لە سنووری قەزای پشدەری سەر بە ئیدارەی راپەڕین کەسێک گیانی لەدەستداوە و سێ کەسیش بریندار بوون.
 
رۆژی شەممە 29-01-2022 عەلی عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ دەوروبەری کاژێر 07:00 رووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا هایلوکس و نیسان پیکاپ روویداوە کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی سێی دیکە.
 
گوتەبێژی هاتووچۆی راپەڕین ئاماژەی بەوەش دا، یەکێک لە بریندارەکان لە نیسان پیکاپەکە بووە و دوو بریندارەکەی دیکە و ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە لە تۆیۆتا هایلوکسەکە بووە.
 
بە گوتەی عەلی عەبدوڵڵا، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە برای هاوژینی شۆفێرەکە بووە. شۆفێرەکە و خەزووریشی بریندار بوون.