لە عەربەت منداڵێکی 3 مانگ بە دووکەڵی زۆپا گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری شارۆچکەی عەربەت بە رووداوی راگەیاند، لە گەڕەکی رزگاری بەهۆی دووکەڵی زۆپاوە منداڵێکی تەمەن سێ مانگی بە رەچەڵەک عەرەب گیانی لەدەستدا.
نەقیب ئاوات عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 29-1-2022 لە ناحیەی عەربەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی ئاگر لە ماڵێكی عەرەب کەوتەوە و زیانێکی زۆر بەر ماڵەکەشیان کەوتووە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد "ئاگرەکە بەھۆی زۆپاوە دروستبووە و بەھۆیەوە منداڵێکی تەمەن سێ مانگ تووشی تەنگەنەفەسی بووە و گیانی لەدەستداوە و زیانی دیکەی گیانی نەبووە".
نەقیب ئاوات عەلی باسی لەوەشکرد کە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی بنکەی بەرگریی شارستانی عەربەتیش ماڵەکە بە بەهای 750 هەزار دینار زیانیان بەرکەوتووە.
رووداوەکە لە گەڕەکی رزگاریی بووە لە ناحیەی عەربەت و نزیکەی کاژێر 16:00 روویداوە، دابان محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت بە رووداوی راگەیاند، "منداڵەکە بەهۆی دووکەڵی زۆپاکەوە خنکاوە نەک ئاگرەکە".
لە عەربەت منداڵێکی 3 مانگ بە دووکەڵی زۆپا گیانی لەدەستداhttps://t.co/Whdrh7k2kQ pic.twitter.com/rK4AOSbpDv
— Rudaw (@Rudawkurdish) January 29, 2022