گەنجەكەی سەر پردی دەلال ئەڤیندار بوو

29-01-2018
ناسر عەلی
نیشانەکردن زاخۆ
A+ A-

رووداو – دهۆك

ئەو گەنجەی لەسەر پردی دەلال خۆی كوشت، دەركەوت كچە مامێكی خۆی خۆشویستووە، دۆتمامەكەی ماوەیەك لەمەوبەر شووی كردووە، ئەویش لە داخان خۆی كوشتووە. 

باوكی ئەو گەنجە كە ڤیدیۆی خۆكوشتنەكەی لەسەر پردی دەلال لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو، دەڵێت ئاگادار نەبووە كە كوڕەكەی ئەڤیندار بووە.

پردی دەلال بۆ خەڵكی كوردستان بەگشتی و زاخۆ بە تایبەتی، شوێنی تۆماركردنی یادەوەرییە خۆشەكانە، بەڵام بۆ خێزانی عەبدولباری نووری، بۆ هەتا هەتایە دەبێتە بیرەوەرییەكی تاڵ، چونكە كوڕە تەمەن 18 ساڵانەكەیان ئێوارەی رۆژی 27/1/2018 لەسەر ئەو پردە بە گوللەیەكی دەمانچە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. لە هەمووی تراژیدیتر بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ساتی خۆكوشتنەكەیەتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە لەلایەن كەسێكەوە تۆمار كراوە و بڵاوكراوەتەوە. 

عەبدولباری نووری لە خێزانێكی موسڵمانی كۆمەڵگای گرزەركی سەر بە قەزای شنگال بوو، ساڵ و نیوێك لەمەوبەر لەگەڵ خێزانەكەی لە قەزای سێمێل نیشتەجێ بووبوو.

عەبدولباری پێنج خوشك و پێنج برای هەیە، لە شنگال لە پۆلی سێی ناوەندی بوو، بەڵام ساڵێَك بوو وازی لە خوێندن هێنابوو، نووری شنگالی باوكی عەبدولباری باسی هۆكاری خۆكوشتنی كوڕەكەی دەكات و دەڵێت: "دوای رووداوەكە وا بڵاوبووەتەوە كە كوڕەكەم حەزی لە كچێك كردووە، بەڵام پێشتر لەلای ئێمە باسی نەكردووە، قەتیش باسی ژنهێنانی نەكردووە".

باوكی عەبدولباری قەت ئەو دیمەنەی لەبەر چاو ون نابێ‌ كە كوڕەكەی خۆی پۆشتە كرد و رۆیشت و نەگەڕایەوە "عەبدولباری گوتی ئەوە جلی زاوایەتییە لەبەرم كردووە، دەچم پیاسەیەكی خابیر دەكەم".
 
ئومێد عەبدولستار كە هاوڕێیەكی نزیكی عەبدولبارییە و زۆربەی كات بە یەكەوە بوون، دەڵێت هاوڕێكەی كچە ئامۆزایەكی خۆی خۆشویستووە، بەڵام ئامۆزاكەی ماوەیەك لەمەوبەر شووی كردووە.

ئومێد باسی ئەو شەوە دەكات كە عەبدولباری بۆ خۆشەویستەكەی گریاوە و دەڵێت: "شەوی سەری ساڵ لەگەڵ یەك بووین، كاژێر 1:30ی شەو بوو، گوتی حەزدەكەم بچینە ماڵی مامم لە زاخۆ، سەعات 2:20 خولەك گەیشتینە ماڵی مامی، بڕیار بوو شەو لەوێ‌ بمێنینەوە، بەڵام دوای پێنج خولەك عەبدولباری گوتی دەچینە هوتێل، چووینە خواردنگایەك، كاژێر سێی بەیانی بوو، تەلەفۆنەكەی دەرهێنا و تەماشای مەسنجەرەكەی كرد، یەكسەر دەستی بە گریان كرد و گوتی ئەو كچە زۆر غەدری لێكردم".

هەرچەندە عەبدولباری راز و نیازی خۆی بۆ ئومێد باس نەكردووە، بەڵام ئەو دەڵێت "دەمزانی ئامۆزایەكی خۆی خۆشدەوێ‌، بەڵام ئامۆزاكەی چەند مانگێك لەمەوبەر شووی كردبوو، بۆیە زۆر دڵگران بوو".

بە گوتەی ئومێد، هاوڕێكەی زۆر دڵی بە زاخۆ دەكرایەوە، بۆیە زوو زوو سەردانی زاخۆی دەكرد، رەنگە ئەوەش پەیوەندی بە خۆشەویستەكەیەوە هەبووبێ‌.

ئومێد دەڵێت: "عەبدولباری زۆر حەزی لە زاخۆ بوو، رۆژی هەینی من لەگەڵ خێزانەكەم چووبووینە ماڵی خزمێكمان لە زاخۆ، سەعات دووی دوای نیوەڕۆ تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی لە كوێی؟ منیش گوتم لە زاخۆم، دواتر هات بۆ زاخۆ، پێكەوە چووینە بازاڕ، دەیویست مۆبایلێك بكڕێ‌، منیش گوتم بۆچیتە؟ گوتی دەیكەمە دیاری بۆ تۆ، بەڵام من رازی نەبووم، تاوەكو سەعات نۆی شەو پێكەوە بووین، ئەو گەڕایەوە دهۆك و منیش هەر لە زاخۆ مامەوە".

ئومێد باسی رۆژی رووداوەكە دەكات و دەڵێت: "رۆژی شەممە تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی لە كوێی، گوتم هەر لە زاخۆم. گوتی باشە ئەوە منیش دێمە زاخۆ، سەعات دووی دوای نیوەڕۆ برایەكی تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی عەبدولباریت نەبینیوە؟ گوتم نا، بەڵام ئەو پێیگوتووم دێم بۆ زاخۆ و بڕیارە یەكدی ببینین". 

ئومێد چەند جارێك تەلەفۆن بۆ هاوڕێكەی دەكات و وەڵامی ناداتەوە، برای عەبدولباری دووبارە تەلەفۆن بۆ ئومێد دەكات و پرسیاری عەبدولباری دەكات، بۆیە ئومێد جارێكی دیكە تەلەفۆن بۆ عەبدولباری دەكاتەوە. ئومێد دەڵێت "كە تەلەفۆنم بۆ كرد، كەسێك وەڵامی دایەوە گوتی خۆی كوشتووە".

ڤیدیۆی خۆكوشتنی عەبدولباری، زۆر بە زوویی بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبووەوە كە لەلایەن گەنجێكی زاخۆییەوە وێنەگیراوە. نێچیرڤان ئەیوب كە ڤیدیۆكەی تۆمار كردووە، بە (رووداو)ی گوت "من لە نزیك پردی دەلال بووم، ئەو گەنجەم بینی بە تووڕەیی و دەنگی بەرز بە مۆبایل قسەی دەكرد، پاشان مۆبایلەكەی فڕێدایە نێو ئاوی خابوور، دواتر چەند گوللەیەكی تەقاند، منیش مۆبایلەكەم دەرهێنا و وێنەم دەگرت، پاشان گوللەیەكی لەسەری خۆی دا".

سەبارەت بەبڵاوكردنەوەی ڤیدیۆكە، نێچیرڤان گوتی: "راستییەكەی من نەموێرا لێی نزیك ببمەوە، چونكە پێموابوو شێتە یان سەرخۆشە، ترسام شتێكم بەسەر بێ‌، بۆیە نەمتوانی هاوكاری بكەم. ڤیدیۆكەشم بۆیە بڵاوكردەوە بۆ ئەوەی كەسوكارەكەی بزانن خۆی كوشتووە و گومان لە كەس نەكەن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە