وەزارەتی شارەوانی: نزیکەی 450,000 کەس داواکارییان بۆ وەرگرتنی زەوی پێشکێش کردووە

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، وردبینی بۆ قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران کۆتایی هاتووە و نزیکەی 150 هەزار داواکاری وردبینیان تێدا کراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو ئێستا نزیکەی 450 هەزار کەس داواکارییان پێشکێش کردووە.
 
ئەمڕۆ شەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کارەکانی وردبینی و پێداچوونەوەمان بۆ زیاتر لە 150 هەزار ناو تەواوکردووە و دوای پشووی سەری ساڵ رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانیان دەکەین بۆ رەزامەندیدان لەسەریان".
 
سەربەست مەولوود گوتی: "بۆ قۆناخی دووەم تاوەکو 15ـی ئەم مانگە، وردبینیمان بۆ نزیکەی 100 هەزار ناو کرد، تاوەکو 25ـی مانگیش توانیمان وردبینی بۆ نزیکەی 50 هەزاری ناوی دیکە بکەین."
 
لەبارەی شێوازی دابەشکردنی زەوییەکان، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی دەڵێت: "شێوازی دابەشکردن و دیاریکردنی کەسانی شایستە لە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانیی شارەکانە و ئەوەی لەسەر ئێمە ناردنی ناوەکانە بۆیان، چونکە ئێمە لە لای خۆمانەوە ناتوانین شایستەکان دیاری بکەین".
 
بە گوتەی سەربەست مەولوود، "تاوەکو ئێستا نزیکەی 450 هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمارکردووە، لەکاتێکدا هێشتا هەندێک دامەزراوە و دەستەش ماون ناوەکانیان پێشکێش بکەن، بۆیە بەدڵنیاییەوە ژمارەی ناوەکان بەرزتر دەبێتەوە."
 
قۆناخی یەکەمی تیروپشک و دابەشکردنی زەوی لە 17ی مانگی رابردوو دەستیپێکرد. بە گوێرەی لایەنی پەیوەندیدار، لە هەولێر 5 هەزار پارچە زەوی، لە سلێمانی 6 هەزار 577 پارچە زەوی؛ لە گەرمیان دوو هەزار 474 پارچە زەوی؛ لە دهۆک هەزار پارچەزەوی؛ لە زاخۆ هەزار و 241 پارچەزەوی دابەش دەکرێن.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ـی ئاداری ئەم ساڵ بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
 
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک و بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت.
 
سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن
 
- ساڵانی خزمەت
- ژمارەی ئەندامانی خێزان
- شوێنی نیشتەجێبوون
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە