رووداو دیجیتاڵ
دادگەی هەشتەمی سزا قورسەکانی ئامەد ئێوارەی رۆژی شەممە، 28-12-2024، بریاری لەبارەی دۆسیەی کوژرانی نارین گوران دا. سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەر هەریەک لە تاوانباران، سالم گوران ـی مامی، یوکسەل گوران ـی دایکی و ئەنەس گوران ـی برای سەپێندرا و نەوزاد بەختیاریش بە 4 ساڵ و 6 مانگ زیندانی سزادرا.
دووەمین دانیشتنی دادگەیی پێنجشەممەی رابردوو دەستیپێکرد. رۆژی هەینیش سێیەمین دانیشتن بەڕێوەچوو. سەرەڕای ئەوەی شەممە و یەکشەممە لە تورکیا پشووە، بەڵام دانیشتنی دادگەیی هەر بەردەوام بوو.
ئێوارەی رۆژی شەممە گوتەی بەرگری لە تۆمەتباران وەرگیرا و دەستەی دادوەران دوای بەدواداچوون، بڕیاریان لەبارەی دۆسیەکە دا.
بەگوێرەی بڕیارەکە هەریەک لە سالم گورانی مامی و یوکسەل گورانی دایکی و ئەنەس گورانی برای، بە تاوانی هاوئاهەنگی لە کوشتنی بە ئەنقەستی نارین، سزای زیندانیی قورسی تاهەتاییان بەسەردا سەپێندرا.
هەروەها نەوزاد بەختیار کە تۆمەتبارە بە شاردنەوەی تەرمی نارین، سزای زیندانیی 4 ساڵ و 6 مانگی بەسەردا سەپێندرا.
دوایین گوتەی دادگەییکراوان چی بوو؟
- یوکسەل گوران، دایکی نارینی کوژراو گوتی: "دڵ و باڵم بریندارن. خوا شاهێدە کە من بکوژی کچەکەم نیم. سەرم بەرزە. ئیدی بڕیار لای تۆیە".
- سالم گوران، مامی نارین گوتی: "نارین برازای منە، گیانمە. من دوایین کەسم لەم جیهانەدا زیان بە ئەو بگەیێنم".
ئەگەرچی تاوانباران سزادران، بەڵام هێشتا وەڵامی ئەو پرسیارە نەدراوەتەوە کە دەڵێن "کێ نارینی کوشت؟"، چاوەڕێ دەکرێت نەوزاد بەختیار تانە لە بڕیاری دادگە بدات و بڕیاری حوکمەکەی، پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.
سەرۆکی بارۆی ئامەد بۆ رووداو: بریارەکەمان بە دڵ نییە
عەبدولقادر گولەچ، سەرۆکی بارۆی ئامەد لە دوای بریارەکە لەبەردەم دادگەی ئامەد قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، بڕیارەکە بە دڵی ئەوان نەبووە و چاوەڕێ بوون نەوزاد بەختیاریش سزای زیندانیی تاهەتایی بدرێت.
گولەچ هەروەها سەبارەت بەوەی کە تائێستا روون نییە بکوژی نارین کێیە، گوتی: "ئەوە دیار نییە، تەنیا ئەگەر دانی پێدا بنرێت، ئینجا دیار بێت کە کێ بکوژە، هەر بە دانپێدانانیش ئەوە روون دەبێتەوە کە هۆکاری کوشتنەکە چییە".
سەرۆکی بارۆی ئامەد جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بارۆکەیان بۆ یەکەمینجار لە دۆسیەی کوژرانی نارین بووە چاودێر و بڕیارەکەش لەڕووی یاساییەوە رێگەی پێدرا.
نارینی تەمەن هەشت ساڵ رۆژی 21-8-2024 لە گوندی چولی سەر بە شارۆچکەی رەزانی ئامەدی باکووری کوردستان بێسەروشوێن بوو، دوای 19 رۆژ تەرمەکەی لە تورەگەیەکدا لە رووباری گوندەکەدا دۆزرایەوە. بەپێی راپۆرتی پزیشکی داد، نارین گوران خنکێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ