شاندێکی یەکگرتوو سەردانی ئەندامە ناڕازییەکان دەکات و داوای لێبووردنیان لێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە نۆیەمین کۆنگرەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دا، 140 ئەندام لە دهۆکەوە بەشداربوون، بەڵام زۆرترین دەنگی کۆنگرەیان بەدەستهێنا.
سەعید عەلی، ئەندامی دەرچووی نۆیەمین کۆنگرەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەندامانی دەڤەری بادینان زۆرترین دەنگی کۆنگرەیان بەدەستهێناوە، کە ئەمەش یەکێتیی ناو یەکگرتوو پیشان دەدات."
سەعید عەلی عەبۆ، 691 دەنگی کۆنگرەی بەدەستهێناوە. گوتی."پێویست بوو ئەم کۆنگرەیە ساڵیک بەر لە ئێستا بکرێت، بەڵام بە هۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواخرا."
سەعید عەلی عەبۆ بە رووداوی گوت: ئەگەر کۆنگرەی داهاتوو دەنگیان پێبدات دەتوانن ئەمیندارێکی بادینی بۆ یەکگرتوو دەستنیشان بکەن.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1994 تاوەکو ئێستا، 9 کۆنگرەی بەستووە کە کۆنگرەی نۆیەم دوێنێ هەینی، 27-12-2024، دەستیپێکرد و ئەمڕۆ شەممە کۆتاییهات.
سەعید عەلی عەبۆ گوتی: "بارودۆخی هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر یەکگرتوو دەکات و لەم کۆنگرەیەدا بڕیارێک پەسەندکراوە کە هەر بڕیارێکی پەیوەست بە بەشداریکردن یان کشانەوە لە حکومەت دەبێ بە دوو لەسەر سێی دەنگەکان بێت."
لە بارەی دابەشکردنی ئەندامانی سەرکردایەتی، سەعید عەلی گوتی، "ئەو ئەندامانە بەپێی رێژەی ئەندامانی سەرکردایەتی دابەش دەکرێن، ئەگەر هەیە کە 4 بۆ 5 ئەندامی دیکەی سەرکردایەتی لە دهۆک هەڵبژێردرێن."
بە گوتەی سەعید عەلی، "لە ماوەی داهاتوودا یەکگرتوو بەرپرسانی مەڵبەندەکانی هەڵدەبژێرێت کە راستەوخۆ دەبنە ئەندامی سەرکردایەتی و ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی زیاد دەبێ."
لەبارەی ئاشتکردنەوەی لایەنە ناڕازییەکانی ناو یەکگرتوو، سەعید عەلی گوتی،" شاندێکی یەکگرتوو سەردانی ناڕازییەکان دەکات و داوای لێبووردنیان لێ دەکات، بە برایەتی کێشەکان چارەسەر دەکەن."