رووداو دیجیتاڵ
کەمپی دۆمیز لە پارێزگای دهۆک نزیکەی 70 هەزار پەنابەری رۆژئاوای کوردستان و سووریا تێیدا دەمێننەوە. 20 رۆژە سووریا لە ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد نەماوە، بەڵام کوردانی دانیشتووی کەمپی دۆمیز لە گەڕانەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان دوودڵن.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، کەمپی دۆمیزە لە پارێزگای دهۆک. ساڵانێکە ماڵی هەزاران پەنابەری رۆژئاوای کوردستان و سووریایە.
20 رۆژە سووریا لە ژێر دەسەڵاتی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد نەماوە. هەرچەندە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد رووخاوە، بەشێکیان دوودڵن لەوەی بگەڕێنەوە.
خەبات خدر، پەنابەری رۆژئاوای کوردستان دەڵێت: "تائێستا هەڕەشەکان بەرەوامن. تاوەکو ئێستا هیچ دانوستاندنێک لەنێوان میللەتی کورد و حکومەتی کاتیی سووریا نەکراوە. ناتوانین بگەڕێینەوە. ئەمە کاتێکی دوور و درێژی پێویستە."
ئێستا، دەستەی تەحریری شام کاروباری بەشێکی زۆری سووریا بەڕێوە دەبات، بەڵام مێژووەکەی بۆ بەشێک لە هاونیشتمانی و هاووڵاتییانی نێو کەمپەکە جێگەی پرسیار و گومانە.
عامر رەسووڵ، پەنابەری رۆژئاوای کوردستان دەڵێت: "باسی ئەحمەد شەرع دەکرێت، ئەو کەسەی کە رژێمی بەعسی رووخاند. کاتێک تەماشا دەکەیت، دەبینی کە مێژووەکەشی پاک نییە. جارێکیان لەنێو قاعیدە دابوو. قاعیدەی جێهێشت، چووە نێو بەرەی نوسڕە. لە بەرەی نوسڕەوە چووەتە نێو داعش. هەموو ئەمانە زووڵمیان لە کورد کردووە."
لەگەڵ دەستپێکی شەڕی ناوخۆی سووریا لە 2011 و کردنەوەی کەمپەکە لە 2012، پەنابەرێکی زۆر لێرە نیشتەجێکران.
دوای ساڵانێک لە جێگیربوون و دۆزینەوەی کار و بنمیچێک بۆ ژیان، چوونەوە و لە سفرەوە دەستپێکردن زەحمەتە.
سلێمان نووری، پەنابەری رۆژئاوای کوردستان دەڵێت: "بارودۆخی ئێرەی ئێمە لە سووریا خۆشترە. سووریا لە قەیران دایە. ئیش و کاری لێ نییە. بەهای شتومەک گرانە. خزم و کەسمان لە سووریان، ئەگەر ئێمە یان ئەوانەی لە ئەورووپان، کار نەکەن و یارمەتییان نەدەن، بژێویان قورسە."
کەمپی دۆمیز دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای پارێزگای دهۆک و رووبەرەکەی 1.1 کیلۆمەتر دووجایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ