ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکگرتوو: لەسەر بڕیاری بەشدارینەکردن لە حکومەت بەردەوام دەبین

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
 شێرکۆ جەودەت، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.
شێرکۆ جەودەت، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکگرتوو دەڵێت، دەسەڵاتی ئۆرگانەکان و سەرکردایەتی لە کۆنگرەی نۆیەمدا زیاتر کراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سەرکردایەتیی نوێ پابەندی بڕیاری پێشووی حیزب بۆ بەشدارینەکردن لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت. 
 
ئەمڕۆ شەممە، 28-12-2024، شێرکۆ جەودەت، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشیکرد، لەبارەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی نۆیەمی حیزبەکەی رایگەیاند: ''کۆنگرەیەکی بەهێز بوو. ئەوەی کە پلانمان بۆ دانابوو، جێبەجێکرا و پەیڕەوی نێوخۆ زۆر تۆکمەتر و بەهێزتر کراوە.''
 
بەپێی پەیڕەوی کۆنگرەی پێشووی یەکگرتوو، ئەمینداری گشتی تەنیا بۆ دوو خول دەیتوانی ئەمیندار بێت، بەڵام ئێستا ئەم بڕگەیە لە پەیڕەوی نوێدا لادراوە. شێرکۆ جەودەت گوتی: ''گرنگترین گۆڕانکاریی پەیڕەوی نێوخۆ، پەیوەندی بە پۆستی ئەمینداری گشتییەوە هەیە. ئێمە قەناعەتمان وایە چۆن ئەندامێکی سەرکردایەتی مافی هەیە چەندین جار خۆی بەربژێر بکات و کۆنگرەش دەنگی پێبدات، ئەمینداری گشتیش دەبێت بتوانێت چەند جارێک خۆی بەربژێر بکاتەوە.''
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەش کرد، لە پەیڕەوی نێوخۆی پەسندکراوی کۆنگرەی نۆیەمی حیزبەکەدا ''دەسەڵاتی ئۆرگانەکان، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ئەنجوومەنی باڵای چاودێری و بەدواداچوون زیاتر کراوە.''
 
بەگوێرەی راپۆرتی کۆتایی کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتوو، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵبژێردراو، دابەشبوون بەسەر چوار بازنەی سلێمانی-هەڵەبجە، دهۆک-نەینەوا، هەولێر و کەرکووک کە زۆرترین ئەندام بەر بازنەی سلێمانی-هەڵەبجە کەوتووە و 17 ئەندامی سەرکردایەتی بۆ دیاری کراوە، هەروەها کەمترین رێژە بە یەک ئەندامی سەرکردایەتییەوە لە بازنەی کەرکووکە. 
 
شێرکۆ جەودەت لەبارەی میکانیزمی دابەشکردنی ئەندامانی سەرکردایەتی بەسەر بازنەکاندا گوتی: ''پەیوەندی بە ژمارەی ئەندام و لایەنگرانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بازنەکان هەیە، بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی نوێنەرایەتیی راستەقینە بکات.''
 
وەک ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، لە کۆنگرەی نۆیەمی حیزبەکەدا ''جەخت لە ستراتیژیی میانڕۆیانە و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری هەرێمی کوردستان کرایەوە، هەروەها ستراتیژیی پەروەردە و بانگەوازی، کاری لەپێشینەمان دەبێت.''
 
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە 20ـی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو، 7 کورسی بەدەستهێنا و رایگەیاند، بەشداریی پێکهێنانی حکومەت ناکات و وەکو ئۆپۆزیسیۆن دەمێنێتەوە. شێرکۆ جەودەت گوتی: ''سەرکردایەتیی نوێ دەتوانێت بڕیارەکە بگۆڕێت، بەڵام سوورین لەسەر ئەو بڕیارەی کە لەلایەن سەرکردایەتیی پێشوو دراوە.''
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکگرتوو، دەبێت لە ماوەی 10 رۆژدا ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حیزبەکە بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کۆببێتەوە.
 
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1994 تاوەکو ئێستا، نۆ کۆنگرەی بەستووە کە کۆنگرەی نۆیەم دوێنێ هەینی، 27-12-2024، دەستیپێکرد و ئەمڕۆ شەممە کۆتاییهات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە