بەفر رێگەی 416 شارۆچکە و گوندی لە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان گرتووە

رووداو  دیجیتاڵ

رێگەی 416 شارۆچکە و گوند لە پارێزگاکانی دێرسم، مووش و خارپێتی باکووری کوردستان بەهۆی بارینی بەفرەوە گیراوە. تیمەکانی شارەوانی لە هەوڵی کردنەوەی رێگەکاندان. 
 
لە شەوی 26ـی مانگەوە شەپۆلێکی چڕی بەفربارین بەشی باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگاکانی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە.
 
بەفربارینەکە رێگەی 100 شارۆچکە و گوندی لە پارێزگای دێرسم، 201 شارۆچکە و گوندی لە مووش و 115 شارۆچکە و گوندی لە خارپێت گرتووە. 
 
ئێستاش سەرمایەکی زۆر لە پارێزگاکانی شرنەخ، ئاگری، قەرس، ئەردەخان، ئەرزەڕۆم، چەولیگ، دێرسم و ئەرزینگانی باکووری کوردستان هەیە.
 
بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، قوتابخانەکانی بەدلیس و جۆلەمێرگی باکووری کوردستان بەهۆی بەفربارینەوە کراونەتە پشوو. 
 
شەپۆلی سەرما و سۆڵە لە نێوەڕاستی ئەم مانگەوە کاریگەرە و پلەی گەرمای بەشێک لە باکووری کوردستان، بەتایبەتی ئەو پارێزگایانەی ئاماژەیان پێکرا، هەندێکجار بۆ چەندین پلەی ژێر سفر دابەزیوە. پارێزگای ئەردەخان بە 27 پلەی ژێر سفر، ساردترین پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیایە.