وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: کۆتایی مانگ وادەی پڕکردنەوەی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوون کۆتایی دێت

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەگوێرەی دوایین بڕیاری وەزارەتەکە رۆژی یەکشەممە 31ـی ئەم مانگە دوایین وادەیە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوون، تاوەکو ئەمڕۆش هیچ بڕیارێک لەبارەی درێژکردنەوەی کاتەکەی نەدراوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە 28-12-2023 توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی دوایین بڕیاری وەزارەتەکە 31ـی مانگ دوایین مۆڵەتی پڕکردنەوەی فۆرمی یەکە نیشتەجێبوونە و تاوەکو ئەمڕۆ ئەو وادەیە درێژنەکراوەتەوە، ئەگەر درێژبکرێتەوە لەبەرژەوەندیی هاووڵاتییان، لەم دوو رۆژە یەکلادەبێتەوە."
 
بە گوتەی توانا بەشیر، دوای راگرتنی فۆرم و پڕکردنەوەی، راستەوخۆ ناوەکان دەدرێتە یەکە ئیدارییەکان و دەست بە جیاکردنەوەیان دەکرێت، دەشڵێت "بەگوێرەی دوایین ئامار کە وەرمگرتبێت، زیاتر لە 60 هەزار کەس فۆرمیان پڕکردووەتەوە لەو ژمارەیە زیاتر لە 23 هەزار کەسیان فۆرمەکەیان بە دروستی پڕکردووەتەوە و کۆدیان بۆ رۆیشتووە."
 
بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە 30-11-2023، دوایین کات بێت بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوون، بەڵام وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە گوتی، لەبەرژەوەندیی هاووڵاتییان و بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتری هاووڵاتی فۆرم پڕبکەنەوە، وادەکە بۆ 31ـی کانوونی یەکەم درێژدەکرێتەوە. 
 
رۆژی 8ـی ئابی 2023، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا پڕکردنەوەی فۆرمی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوونی راگەیاند و گوتی، "پێگەی ئەلیکترۆنی تایبەت بە پێشکێشکردنی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوون کە بەپێی یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 2012ـی یاسای نیشتەجێبوون تایبەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت لە هەرێمی کوردستان دەرکراوە، ئەمڕۆ کارا دەکرێت و ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن، دەتوانن فۆرم پڕبکەنەوە."
 
ژمارەی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون کە بۆ کەمدەرامەتەکان دروست دەکرێن 9004 شوقەن؛ 1356ـیان لە هەولێرن؛ لە سلێمانی 3876؛ لە دهۆک 2116؛ هەڵەبجە 192؛ ئیدارەکانی گەرمیان 360؛ راپەرین 420؛ زاخۆ 324 و سۆران 360 یەکە. بەشێکیان 95%ـی کارەکانیان تەواو بووە و هەشیانە 80% و بەرەو خوارتری تەواو بووە تاوەکو دەگاتە 13٪، تەواوکردنی کاری سەرجەم شوقەکان پێویستی بە 267 ملیار دینارە. 

 

لینکی فۆرمەکە:

خۆتۆمارکردن لە سیستمی یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان